رێككەوتنی هەولێر و بەغدا، هەنگاوێكی حەكیمانەی سەرۆكی حكومەت
رێزان محەمەد
بە درێژای مێژوو كورد لەگەڵ حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بەردەوام ئاریشە و كێشەی هەبووە، ئەمەش دوور بووە لە حزبایەتی، گرفتەكە لەمە گەورەترە و پەیوەستە بە دۆزی رەوای كورد، خراپی پەیوەندییەكان و رێكنەكەوتنی بەغدا و هەولێر تارادەیەك ترسی لای دانیشتوانانی كوردستان دروست دەكرد، رەنگە ئەم نیگەرانیەشیان ناڕەوا نەبێت، چونكە هێندە نەهامەتی و قوربانی و دەربەدەرییان بینیووە حەز بە ناكۆكی و دروست بوونی شەڕ ناكەن.
كورد هەمیشە سەلماندویەتی تەواوكەر دەبێت و وەك نەتەوە نابێتە هۆكاری دروست بوونی ناكۆكی و كێشە، بەشێوەی ئاسایی و یاسایی خۆی داوای ماف و ئیمتیازاتەكانی دەكات، لە سەرەتای دروست بوونی حكوومەتی هەرێم دا تا ئیستا هەمیشە هەنگاوی بۆ باشە و بەرەو پیش چوون بووە، هیچ كات لەگەڵ خۆ دزینەوە و كشانەوە نەبووە هەر كات زانیویەتی میلەت سوود مەند دەبێت، وەك ئەركو پێگەی خۆی هەنگاوی بۆ ناوە، بەهێزی پێگەی كورد لە ئاست نێوخۆی و نێودەوڵەتی دەرخەری ئەوەیە لەمەودووا حكوومەتی عێراق نەتوانێ بێ كورد ئەوەی حەزی پێكرد بیكات و بڕیار بدات، بێگومان ئەمەش پەیوەندی بە كارامەیی و دیبلۆماسیەتی سەركەوتووی سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەتە.
پارتی دیموكراتی كوردستان، لە سەرەتای دروست بونی بە هێز و شكۆوە سەری هەڵداوە و لەبەرەی خەڵك بووە تا دامەزراندنی حكوومەت و ئێستاشی لەگەڵ دابێت، حزبێك بناغەی كوردایەتی بووە لەو پێناوە هەزاران قوربانیداوە و ساڵ بە ساڵیش لە گەورەبوون و بەهێزبووندایە، رەگ و ریشەی ئەو حزبە خەڵكی كورد پەروەر و نیشتیمان دۆست و پێشمەرگە و كەس و كاری شەهیدانن، بۆیە هەمیشە ئەو سەركەوتنانەی لێ چاوەڕێ دەكرێت و ئەوانەشی خەون بە نەمانی قەوارەی هەرێم و حكوومەت و لاواز بوونی پارتی دەبینن، هەرگیز ئەمە نابینن و دەبێ خەونەكەیان ببەنە نێوگۆڕ، كورد گووتەنی” گەر لە ماڵ باوك ئیرادە و هێزوو شكۆی هەبوو، منداڵ شوێنگری باوكیان دەبن.
ئەو رێكەوتنانەی لە بوارە سیاسی و ئابووری و خزمەت گوزاریەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراق دەكرێت، بۆ بەرژەوەندی گشتییە و كارێكی ئاساییە مادام هێشتا لە چوارچێوەی عێراقین، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەینێت هەستی نیشتیمان پەروەری و بیری سەربەخۆیمان لاواز بكات، ئەو ریفراندۆمەی بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی لە ساڵی 2017 كرا، وەك تاپۆی رەشی كوردانە و بۆ سەربەخۆی هەڵگیراوە، لە ئیستا و ئایندەشدا پێشمان روونە، پارتی دیموكراتی كوردستان بنیات نەری دەوڵەتی كوردی دەبێت.
پارتی دەستپێشخەری كردارە چاكەكان و هەنگاوە پر ئەزمونەكانیەتی، هەوڵی داوە نەوەیەكی تەندروست و پر هێزوو باوەڕ بەخۆبوون دروست بكات، حزبێك هەمیشە لە گەنج بوونەوە و پەرەی زیاتروو زۆرتری بە گەنجداوە، هێنانە كایەی حكوومەت و پەرلەمان و ئەو ئازادی و خۆشگوزەرانییەی لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە، خەباتی پێشمەرگە و شۆڕشە یەك لە دووایەكانی كوردستان بە سەرپەرشتی باوكی كورد مەلا مستەفا بارزانی و سەرۆك مەسعود بارزانی بووە، بۆیە با هەموو لایەك باش بزانێت، پارتی سەلمێنەری ئەوەیە كە هەموو سەهۆلە بەستوە بەهیزەكان دەشكینێت و زاڵ دەبێت بەسەر هەموو بەر بەست و تەنگەژانەی رووبەڕووی هەرێم و دانیشتوانانی دەبێت، بەڵینی ئەو حزبە بەڵێنێكی راستەو یەك ریبازە، لەسەر رێزو و هێزو ئیرادە و شكۆ بونیات نراوە و هەر واش دەبێت و بەرەوسەربەخۆی و دەوڵەتی كوردستان هەنگاودەنێین.