راگەیاندراوێک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حکوومەتی عێراق دژی تورکیا بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هاتووە: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم چەند مانگەی دواییدا، لە گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامدابووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و دواجار لە سەر پرسی بودجە و نەوت وگاز، هەردوولا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی سەرەتایی و لەیەکتێگەیشتنی باش کە لە چوارچێوەی دەستووردا، ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێن".
ئەوەش خراوەتە روو: "سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، لە دوای سەردانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش بۆ هەرێمی کوردستان، جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور کرایەوە".
ئاماژە بەوەش کراوە: "بریاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حکوومەتی عێراق دژی تورکیا، ڕێگر نابێت لە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا، لەم چوارچێوەیەدا سەردانی بەغدا دەکەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار".
جەختیشکراوەتەوە: "لەمبارەیەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی لە دەستبەردارنەبوون لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا تا گەیشتن بە چارەسەری بنەرەتی و یاسایی و دەستووری".