یەکێتیی نەتەوەیی
یەکێتیی نەتەوەیی، دەستەواژەیەکی سەرنجڕاکێشە و زۆر جار بەکار هێنراوە، بەتایبەتی لەلایەن هەندێ کەس و لایەنی كوردیەوە، کە باوەڕیشیان پێی نییە! بەڵكوو تەنیا بۆ خۆدزینەوەیە لە پابەندبوون بە ناوەڕۆکی دەستەواژەکە، ئەگەرنا (کاری هاوبەشی نەتەوەیی و بنیاتنانی یەکێتیی نەتەوەیی کرۆکی بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستانە) و ئەرکێکی پیرۆزی گەلەکەمانە.
پێم وایە ئەوانەی زوو زوو دەستەواژەکە بە رووکەش بەکار دێنن، پێویستە هەڵوەستەیەک بکەن و ئەم هەنگاوانە بە دیاریکراوی بهاوێژن؛ دەست هەڵگرن لە دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان و دوور بکەونەوە لە ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکان بە هۆکاری کێشەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دیکەی دابەشکەری کوردستان، کار بکەن لەپێناو یەکخستنەوەی خەباتی لایەنە سیاسییەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی لە هەر بەشێکی کوردستاندا، بەپێی هەلومەرجی خەبات و تایبەتمەندی.
هەروەها ئەو هێزانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەن، کوردانە و كوردستانیانە بیر بکەنەوە و شێلگیرانە بێنە پێشەوە، لەپێناو چارەسەرکردنی گرفتەکان لە رێگای هەماهەنگیی حزبی و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. لە کۆتاییدا کار بکرێت بە ئاراستەی داڕشتنی پلانێکی گشتگیری هاوکاری و پشتیوانی لەنێوان هێزە سیاسییەکانی هەموو بەشەکانی کوردستاندا، دوور لە هەر جۆرە دەستوەردانێك، بەدەر لەم ئاراستەیە، هەموو باسکردنێک لەبارەی یەکێتی نەتەوەیی، تەنیا پروپاگەندەیەکی چەواشەکارانەی رووت و بێ واتایە.