ڕێککەوتنامەی11ی ئازاری 1970 بەرهەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلول بوو
ڕێککەوتنامەی 11 ئازاری 1970 سەرکەوتنی شۆڕشی ڕزگاریخوازی ئەیلول و ئیڕادەی پوڵایینی گەلی کوردستان بوو بە ڕێبەرایەتی باوکی ڕۆحی نەتەوەییمان «بارزانی باوک» بەسەر دڕندانەترین ڕژیم کە ئەویش ڕژیمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ بوو.
بە چوک داهێنانی بەعسی فاشی لە ژێر گوشاری بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بووە هۆی سەرکەوتنی ئیڕادەی سیاسی گەلی کوردستان بۆ چەسپاندنی گشت مافەڕەواکانی گەلە ستەمدیدەکەمان و دەسەڵاتی سیاسی دیکتاتوری و توتالیتاری بەعس ناچار کرا دان بە مافە ڕەواکانی گەلەکەماندا بنێت و ڕێککەوتنامەی 11 ئازار واژوو بکات و لە دەستوری کاتی ئەوسای عێراقدا جێگیر بکرێن لە سەر بنەمای کوردو عەرەب هاوبەشن لە نیشتیمانی عێراقیدا و بچنە نێو دوکیومێنتە نێودەوڵەتیەکاندا.
بارزانی باوك دروشمی دیموکراسی بو عێراق و ئوتونومی بۆ کوردستانی ڕاگەیاند، شۆڕشی ئەیلولیشی لەم پێناوەدا بەرپا کرد بۆ ئەوەی کوردو پێکهاتەکانی تری باشوری کوردستان ناسنامەیان لە سڕینەوە بپارێزێت و لە ژێر قەلەمڕەوی ڕژێمی بەعس دا نەتوێننەوە
واتە داننانی بەعس بە مافەکانی گەلی کوردستان بەرهەمی شۆڕشی ئەیلول بوو.
پێشمەرگە و جەماوەری کوردستان تەواوکاری یەکتر بوون، یەکڕیزی و تەبایی گەلی کوردستان باڵی بەسەر هەموو کوردستاندا کێشابوو، ئەمەش هەروا بە ئاسانی نەهاتبوو دی بەڵکو لە 1946 تاکۆ 1961 زەمینە سازی بۆ کرابوو و هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەری گەیشتبوو لوتکە.
با سەرکەوتنی گەلی کوردستان لە ساڵی 1970بەسەر دوژمن دا بکەینە هەوێنی سەرکەوتنی گەلی کوردستان لە قۆناغی ئەمڕودا و، وانە و پەندی لێوەربگرین و ماڵی خۆمان ڕێک بخەینەوە بۆ ڕزگاربوونی یەکجارەکی بە دەست عەقڵیەتی سیاسی نەگۆڕاوی دیکتاتوری وخوسەپێن دا
شۆڕشی ئەیلول لە گەرمەی شەڕی سارددا هەڵگیرسا کە دەتوانم بڵێم سەختترین و دژوارترین سەردەم بوو،
تاکە دۆستی گەلی کوردستان چیا سەرکەشەکانی کوردستان بوون، مافەکانی مرۆڤ بە هۆی زاڵبوونی بەرژەوەندی زلهێزەکان هیچ واتایەکیان نەبوو تاکە ڕێگا کە بۆ گەلی کوردستان مابویەوە هەڵگیرساندنی شۆڕش بوو، چونکە دیکاتورەکانی عێراق بێجگە لە زمانی زەبرو زەنگ هیچ زمانێکی تر حاڵی نەدەبوون، کە دەتوانم بڵێم شۆڕشی ئەیلول زەڕورەتێکی حەتمی بوو بۆ ڕزگاربوونی گەلی کوردستان بە گشتی لە نێوچوون.
لە کۆتاییدا هەزاران درود و سڵاو دەنێرین بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلول و گشت شەهیدانی کوردستان و سەروەریان بارزانی باوک و کاکە ئیدریسی هەردەم لە یاد