هه‌ر قوتابییه‌ك چیرۆكێكى هه‌یه‌ زانای فیزیایی ئه‌ڵمانى (ئه‌نشتاین) ده‌لێ" قوتابی ده‌فرێك نییه‌ تا پڕ ئاوی بكه‌ین، به‌ڵكو قوتابی چرایه‌كه‌ پێویسته‌ دایگیرسێنین".

هه‌ر قوتابییه‌ك چیرۆكێكى هه‌یه‌  زانای فیزیایی ئه‌ڵمانى (ئه‌نشتاین) ده‌لێ

 

بێگومان قوتابی ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ داواى زانین و زانست و فێربوون ده‌كات ، ده‌یه‌وێ په‌روه‌رده‌ بكرێ و فێر بكرێ، له‌ سه‌ر دام و ده‌زگاكانى په‌روه‌رده‌یی ئه‌ركه‌ كه‌وا به‌ باشترین شێوه‌ قوتابی په‌روه‌رده‌ بكه‌ن و فێری بكه‌ین و بنیاتى بنێن و ئاماده‌ى بكه‌ن تاوه‌كو ببێته‌ ئه‌ندامێكى كارا و زیندوو سوودبه‌خش بۆ كۆمه‌ڵگه‌. بێ شك قوتابی ئه‌مانه‌ته‌، ئه‌مانه‌تیش ده‌بێ بپارێزرێ، پاڕاستنی قوتابیش پێویسته‌ له‌لایه‌ن دام و ده‌زگاكانى په‌روه‌رده‌یی و كاراكته‌ره‌كانى به‌ پله‌ى یه‌كه‌م دێت، هه‌م پاڕاستنی هه‌م تێگه‌یاندن و پێگه‌یاندنى قوتابی به‌ باشترین شێوه‌، قوتابی كۆمه‌لێ ماف و ئه‌ركی جۆراوجۆری هه‌یه‌، مافه‌كانى وه‌كو پێویسته‌ هه‌ڵى فێربوونی بۆ بڕه‌خسێنرێت و فه‌راهه‌م بكرێ و به‌ ئاراسته‌كردنێكى په‌روه‌رده‌یی ته‌ندروست په‌روه‌رده‌ و فێر بكرێ و به‌شدارى له‌ سه‌رجه‌م چالاكییه‌ جۆروجۆره‌كانى قوتابخانه‌ بکات و كه‌شێكى له‌ باروگونجاوى بۆ ده‌سته‌به‌ر بكرێ و گرنگی و بایه‌خی ته‌واوى پێ بدرێت له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ و قوتابخانه‌ و پۆڵى باشى بۆ دابین بكرێ و پێداویستییه‌كانى خوێندنی له‌ به‌ر ده‌ست بێت و گوێی بۆ بگیرێ و مامۆستاى باشى هه‌بێت و په‌رتووك و پێداویستییه‌كانى ترى بۆی ئاماده‌ بكرێ و په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامى له‌گه‌ڵ مامۆستاكان هه‌بێت.
سه‌ڕه‌ڕای هه‌بوونى ماف، بێگومان قوتابی كۆمه‌لێ ئه‌ركی پێویستى له‌ سه‌ره‌ و ده‌بێ جێ به‌جێ یان بكات، له‌وانه‌ پابه‌ندبوونی ته‌واو به‌ رێنمایی و یاسا و سیسته‌می قوتابخانه‌كان و رێزگرتنى مامۆستا و كارگێڕى قوتابخانه‌ و پارێزگاری كردن و پاڕستنی قوتابخانه‌ و كه‌لوپه‌ل و پێداویستییه‌كان و پارێزگاری كردن له‌ پاك و خاوێنى قوتابخانه‌ به‌ گشتی و پابه‌ند بوون به‌ یه‌ك پۆشى و پابه‌ند بوون به‌ سیسته‌می كات و فێربوون و خشته‌ى وانه‌كان و ئه‌ركی ماڵه‌وه‌ و به‌شدارى كردن له‌ كاری خۆبه‌خشی و چه‌ندانى تر.
گرینگه‌ هه‌ست و سۆزی قوتابی ڕابگیرێ و ڕه‌چاوی بارودۆخی قوتابی بكرێ و گرینگی تایبه‌تى پێ بدرێ، چونكه‌ قوتابی هه‌ست ناسكه‌ و ئه‌مانه‌تى كۆمه‌ڵگه‌ و مێژووه‌ لاى مامۆستا.
ده‌مه‌وێ سه‌رنجی خوێنه‌رانى ئازیز بخه‌مه‌ سه‌ر ئه‌و چیرۆكه‌ زیندووه‌ مامۆستایه‌ك گێرایه‌وه‌ له‌ یه‌كێك له‌ قوتابخانه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان، چه‌ند قوتابییه‌كی ڕاهێنا بوو بۆ گوتنه‌وه‌ى سروود له‌ ئاهه‌نگێكی كۆتایی ساڵ كه‌ دایك و باوكی قوتابیان بانگێشت كرابوون تا سه‌یری منداڵه‌كانیان بكه‌ن و به‌هره‌ و توانایان بزانن، مامۆستاكه‌ ده‌لێ له‌كاتى ئاهه‌نگه‌كه‌ منداڵه‌كان له‌ سه‌ر شانۆ سرووده‌كه‌یان ده‌گوته‌وه‌، كچێكیان له‌ ناو كۆمه‌ڵه‌كه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ بڕى سروود گوتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاورێیه‌كانى ده‌ستى كرد به‌ سه‌ما كردن و ده‌ستى ده‌جولاند و قاچى ده‌جولاند و خۆى باده‌دا و منداله‌كانى تر خه‌ریكی پێكه‌نین بوون و مامۆستاکە گوتی خه‌ریك بوو ڕیسه‌كه‌م لێ ببێته‌وه‌ خوری و زۆر توره‌بووم، نه‌م ده‌توانى له‌ به‌ر چاوی ئه‌و خه‌ڵكه‌ لێی بده‌م و بیهێنمه‌ خواره‌وه‌ له‌ به‌ر خۆمه‌وه‌ ده‌م گوت باشه‌ خۆ مندالێكى زۆر زیره‌ك و ئاقله‌ بۆ وا ده‌كات، به‌ده‌ست ئاماژه‌م بۆ ده‌كرد سوودی نه‌بوو، به‌رێوه‌به‌ره‌كه‌ زۆر توره‌ بوو گوتى ئاهه‌نگ ته‌واو بێت له‌ قوتابخانه‌ ده‌رى ده‌كه‌م و خه‌ڵكى پێ ده‌كه‌نین و من و به‌رێوه‌به‌ریش زیتر توڕه‌ ده‌بووین، به‌ڵام سه‌یرتر له‌وه‌ دایكى ئه‌و كچه‌ له‌ ته‌نیشتم دانیشت بوو ته‌واو تێكه‌ڵاِوو ئاوێته‌ى جووله‌ى كچه‌كه‌ى ببوو زۆر به‌ گه‌رمی پێده‌كه‌نى و چه‌پله‌ى بۆ لێ ده‌دا، هه‌ر كه‌ سرووده‌كه‌ ته‌واو بوو ڕامكرده‌ سه‌ر شانۆكه‌ و قۆڵى كچه‌كه‌م گرت و گوتم ئه‌وه‌ بۆ وا ده‌كه‌ى بۆ له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كانت سرووده‌كه‌ت نه‌ده‌گوته‌وه‌، كچه‌كه‌ گوتى ئاخر دایكم لێره‌یه‌ بۆ دایكم وام ده‌كرد، ئه‌و وه‌ڵامه‌ هێنده‌ى تر توڕه‌ى كردم و گوتم باشه‌ ئه‌وانى تریش دایكیان لێره‌یه‌ و چاوم لێ زه‌ق كرده‌وه‌ ویستم ڕایبكشێم. منداڵه‌ كچه‌كه‌ گوتى مامۆستا ڕاوه‌سته‌ با دایكم هه‌ست نه‌كا خۆم پێت ده‌لێم چییه‌، دایكی من نه‌ ده‌بیستێ و نه‌ ده‌توانێ قسه‌ بكات هه‌ر بۆیه‌ من به‌و جولانه‌م واتاى سرووده‌كه‌م پێی ده‌گوت جوله‌ و هه‌ڵسوكه‌وتى من سه‌ما و هه‌ڵپه‌ڕین نه‌بوون. مامۆستاكه‌ به‌ بیستنى ئه‌و قسانه‌ ڕاچله‌كی و ده‌ستى كرد به‌ گریان و به‌ توندی باوه‌شى به‌ كچه‌كه‌یان كردو كاتێك ئاماده‌بووانى ئاهه‌نگه‌كه‌ به‌وه‌یان زانى ئه‌وانیش خۆیان پێ نه‌گیرا و ده‌ستیان كرد به‌ گریان، چونكه‌ منداڵه‌كه‌ زۆر ژیر بوو زۆر گرینگی به‌ دایكی ده‌دا و ده‌یویست دڵخۆشى بكات، دواى ئه‌و ڕووداوه‌ نازناوى (قوتابی نموونه‌یی) پێ به‌خشرا.
بۆیه‌ دەبی بزانیین هه‌ر قوتابییه‌ك چیرۆكێكى هه‌یه‌، پێویسته‌ گرینگی و بایه‌خ به‌ ویژدانه‌وه‌ به‌ قوتابی بدرێ و ئه‌مانه‌ته‌كه‌ بپارێزرێ.


به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رەدەیی

Top