لە ٤٤مین ساڵیادی جەستە ئاوابوونیدا فیكر و ئیرادەی مستەفا بارزانی پێكەوە تێكۆشان...پێكەوە بیركردنەوە...پێكەوە بەهاكان بپارێزین
یادكردنەوەی كاریزما و باوكانی دامەزرێنەرانی نەتەوە ، دووبارە پێناسەكردنەوەی ئەو فیكرەیە كە ئەوان وەك فریادڕەس ڕێگەی ئازادی و سەرفرازیان بۆ نەتەوەكەیان پێ دەستنیشان كردووە، نەك گێڕانەوەی مێژووەكانیان، هەر بۆ نموونە كاتێك فەرەنسییەكان یادی ژەنەڕاڵ دیگۆل دەكەنەوە، ناگەڕێنەوە بۆ مێژووی دیگۆل، بەڵكو دەگەڕێنەوە بۆ ناو فیكری دیگۆل كە چۆن توانی بەو فیكرە ئەو ئیرادەیە لە نەتەوەدا بەرجەستە بكات، كە لە سێ قۆناخی زۆر سەختدا فەرەنسای ڕزگار كردووە، ئەو سێ قوناخەش بریتین لە:
1- ڕزگاركردنەوەی فەرەنسا لە دەستی نازیزم 1945.
2- رزگاركردنەوەی فەرەنسا لەناو پاشاگەردانی و فەوزای سیاسیی 1958.
3- رزگاركردنەوەی فەرەنسا لە دەستی پۆپۆلیست و فەوزای سیاسیی 1968.
ئەم سێ قۆناخە سەختەی فیكر و ئیرادەی دیگۆل فەرەنسای پەڕاندەوە بۆ كەناری ئارمی، تەنیا سێ لاپەڕەی گەشی مێژووی گەلی فەرەنسا پێكناهێنن، بەڵكو دەبێت ئەو فیكر و ئیرادەیەی لەو ڕۆژگارە سەختانەدا بووە فریادڕەس هەر بە زیندوویی بمێنێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە قۆناخە سەختاكان كۆتاییان نەهاتووە و بەردەوام حكومەت و گەلی فەرەنسا ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئەوجا بۆ ئەوەی بە هاوشێوەی دیگۆل ئەو قۆناخە سەختانە تێپەڕێنن، ئەوا لەسەر گەلی فەرەنسا فەرز دەبێت، هەموو پێكەوە جارێكی دیكە بە هاوشێوەی دیگۆل بیربكەنەوە و پێكەوە بە دەستەجەمعی دووبارە فیكر و بیركردنەوەی دیگۆل پێناسە بكەنەوە و، چۆن دیگۆل لە سێ قۆناخی جیاوازدا سێ چارەسەری جیاوازی بەرهەمهێناوە بۆ ڕزگاركردنی فەرەنسا، دەبێت ئێستا گەلی فەرەنسا لە قۆناخێكی جیاوازتر لە سەردەمی دیگۆل لەسەر هەمان ئەو پنتە سەرەكییە بیر بكەنەوە كە چەقی فیكر و بیركردنەوەی دیگۆل بووە، ئەو پنتەش ئەوەیە كە «شكۆی دەوڵەت و گەلی فەرەنسا لە سەرووی هەموو شتێكی دیكەوەیە»، وەك بیرمەندی ئەمریكییش جۆزیف لە كتێبی «ئایا مۆراڵ پرسێكە . Do morals matter» ئاماژەی پێ كردووە، فەرەنسییەكان بۆیە سەردەكەون لەبەر ئەوەی پێیان وایە «هەر كارێك بۆ شكۆی فەرەنسا باش بێت، كارێكی موڕالییە» كەواتە هەتا ئەم پنتە چەقی بیركردنەوەی فەرەنسییەكان بێت، ئەوا فیكری دیگۆل هەر زیندووە و گەل و دەوڵەتی فەرەنساش هەر لە ئاستی ئەو شكۆیەدا دەبن، كە دیگۆل ئومێدی بۆ دەخواست، بەپێچەوانەشەوە دووركەوتنەوە لە فیكر و بیركردنەوەی دیگۆل، ئەوا نە دەوڵەت و نە گەلی فەرەنساش شكۆی ئێستایان نابێت و دیگۆلیش ئەو گیانە زیندووە نابێت لەناو ڕۆحی هەر تاكێكی فەرەنسیدا.
سەبارەت بە چۆنیەتی «بە زیندوویی ڕاگرتنی فیكر»، یۆرگن هابرماس بیرمەندی گەورەی جیهانی كە هەتا ئێستاش لە ژیاندا ماوە، داوا لە مرۆڤایەتی دەكات چەمكی «مۆدێرنە» بكرێتە گوتارێكی فەلسەفی بە ناوی «گوتاری فەلسەفی بۆ مۆدێرنە»، ئەمەش واتە «مۆدێرنە» ئەو پرسیارە بێت كە لە هەر سەردەمێكدا دووبارە ئاراستەی بیركردنەوەی مرۆڤایەتی بكرێت و دەبێت مرۆڤایەتی پێكەوە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە: ئایا مانای مۆدێرنە چییە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە گەڕاوەتەوە بۆ ناو بیركردنەوەی فەیلەسووفە گەورەكانی خۆی و پێمان دەڵێت: لای هیگڵ «مۆدێرنە واتە سەردەمێكی تازە»، بەڵام سەردەمێكی تازە دوای كام سەردەم؟ بێگومان هابرماس پێمان دەڵێت سەردەمێكی تازەی دوای سەردەمە تاریكەكانی سەدەكانی ناوەڕاست و دەسەڵاتی كەنیسە و دەركەوتنی پڕشنگی ڕووناكیی ڕۆشنگەری كە مرۆڤایەتی بردە قۆناخێكی گەش كە پێشتر لە مێژوودا بە خۆیەوە نەبینیبوو، هەر لەبەر ئەم هۆكارەیە هابرماس هەموو ژیانی خۆی تەرخان كرد بۆ «بە زیندوو هێشتنەوەی مۆدیرنە» و دژایەتیكردنی هەموو ئەو بیرمەندانەی كە جاڕی مردنی مۆدێرنە و قۆناخی پۆست مۆدێرنەیان دەدا.
هابرماس بۆ «بە زیندوو ڕاگرتنی مۆدێرنە» وەك بەرهەمی فیكرێكی ڕۆشنگەر، سێ تیۆریی گرنگی پێشكەشی مرۆڤایەتی كردووە، كە بریتین لە تیۆرەكانی «كاری پێكەوەیی، ئەقڵی پێكەوەیی، یان بیركردنەوەی پێكەوەیی، پاراستنی پێكەوەیی بەها ئاكارییەكان».
لەم سێ تێورەدا هابرماس پێمان دەڵێت: چۆن لە هەناوی سەدە تاریكەكانی ئەوروپا، مۆدێرنە لەناو فیكری فەیلەسووفەكان و ئیرادەی خەڵكی ئەو سەردەمە وەك «سەردەمێكی نوێی پرشنگدار» لەدایك بوو، لە كاتێكدا ڕێگەی گەیشتن بەو سەردەمە نوێیە بە گوڵ فەرش نەكرابوو، بەڵكو ئاستەنگ و گرفتەكان لە ڕاددە بە دەربوون، بەڵام «فیكر و ئیرادە» توانی ئەو ئاستەنگ و گرفتانە ڕابماڵێت و سەردەمێكی نوێ ڕابگەیەنێت، ئەوا ئەمڕۆش هەر پێویستمان بە هەمان ئەو «فیكر و ئیرادە»یە هەیە، بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ كۆی ئەو ڕەخنە و گرفتە كەڵەكەبووانە بكەین كە لەسەر مۆدێرنە كەڵەكە بوون و بۆ ئەمەش پێویستە دووبارە «پێكەوە بیربكەینەوە» بۆ ئەوەی تێبگەین مۆدێرنە بۆ ئەم سەردەمە مانای چییە؟ پێكەوە كار بكەین بۆ ئەوەی ئەو ئاستەنگ و گرفتانە تێپەڕێنین كە ئێستا مۆدێرنەی تێكەوتووە، پێكەوە دووبارە ئەو بەها ئاكارییانە پێناسە بكەینەوە و بیپارێزین كە مۆدێرنە بەرهەمی هێناون». هابرماس پێمان دەڵێت، بەم سێ هەنگاوە «مۆدێرنە هەر زیندوو دەبێت و پڕشنگی ڕۆشنگەرییش لە مرۆڤایەتی ئاوا نابێت».
ئەوجا ئەگەر ئەم تێگەیشتنەی هابرماس لەسەر «بە زیندوو ڕاگرتنی» فیكری كاریزمای هەر نەتەوەیەكیش پراكتیزە بكەین، دووبارە دەگەینەوە ئەو ئاكامەی كە هابرماس بۆ مرۆڤایەتی پێی گەیشتووە و پێمان دەڵێت: «هەتا فیكر و بیركردنەوەی كاریزما لە ویژدانی تاكەكانی نەتەوە بە زیندوویی بمێنێتەوە، ئەوا پرشنگی ڕووناكیی ئازادی و ڕزگاری لەو نەتەوەیە ئاوا نابێت»، ڕاشكاوانەتر وەك بیرمەندی گەورەی ئەمریكی سامۆئیل هنتنگتن لە ساڵی 2005 و دوای كارەساتی 11ی سێپتەمبەر ڕوو دەكاتە گەلی ئەمریكا و پێیان دەڵێت: «هۆكاری سەرەكیی هەموو ئەو كێشانەی ئێستا بەسەر گەلی ئەمریكا دێت، دووركەوتنەوەیە لە وەڵامدانەوەی پرسیاری «ئێمە كێین؟» ئەمە ئەو پرسیارە بوو كە جۆرج واشنتۆن لە خۆی كرد و وەڵامی دایەوە، ئێمە گەلێكی سەربەخۆین و ناومان گەلی ئەمریكایە نەك «بەریتانیا»، باج نادەین بە پەرلەمانێك كە نوێنەرایەتیی ئێمە نەكات، هەر بۆیە شۆڕشی كرد و كۆماری ئازادی ئەمریكای ڕاگەیاند، بۆ ئێستاش تەنیا چارەسەر بۆ گەلی ئەمریكا ئەوەیە ڕۆژانە لە خۆی بپرسێت: «ئێمە كێین؟» بە بەرزكردنەوە و شەكاندنەوەی ئاڵای ئەمریكا بە دەستەكانیەوە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە.
فیكر و بیركردنەوەی مستەفا بارزانی
بۆ ئێستامان لە هەمووكاتێك پێویستترە
فەیلەسووف و بیرمەندان بە درێژایی مێژووی فیكر ئەوەیان فێری مرۆڤایەتی كردووە كە «فیكر و بیركردنەوە» پەیوەندی بە «سەردەمە جیاوازەكان»ـەوە نییە، ڕاشكاوانەتر پەیوەندی بە مێژووەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە شێوازی بەكارهێنانی بەرهەمی ئەو فیكر و بیركردنەوانە هەیە كە چۆن لەگەڵ كێشە و گرفتی سەردەمە جیاوازەكان مامەڵەی پێ دەكرێت و چۆن ڕێگەی چارەسەر بۆ ئەو كێشە و گرفتانە دەدۆزرێتەوە كە مرۆڤایەتی بە دەستیانەوە دەناڵێنێت، لەم ڕوانگەیەوە كاتێك هابرماس پێمان دەڵێت: «پێش 200 ساڵ هیگڵ چەمكی مۆدێرنەی بە سەردەمێكی نوێ پێناسە كردووە»، لەمەوە دەیەوێت گریمانەی ئەوە بكات كە ئەگەر ئێستا هیگل وەك سەرەتای سەدەی نوزدەهەم تەمەنی لە نێوان 40-50 ساڵ بوایە و مامۆستای یەكێك لە زانكۆكانی ئەڵمانیا بوایە بۆ ئەم سەردەمە، چۆن مۆدێرنەی پێناسە دەكردەوە؟ جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە: با هەموومان پێكەوە بیر بكەینەوە و پێكەوە كاربكەین بۆ ئەوەی وەك هیگڵ بیر بكەینەوە. ئەم بیركردنەوەی هابرماس كە 35 ساڵ پێش كتێبەكەی هنتنگتنە «ئێمە كێێن؟» جارێكی دیكە لەسەر نەتەوە و گەلی ئەمریكا پراكتیزە كراوە، بەڵام لەسەر فیكری كاریزمایەك كە پێش بیركردنەوەكەی هیگڵیشە ئەویش «جۆرج واشنتۆن»ـە و پێیان دەڵێت: «ئەگەر جۆرج واشنتۆن ئێستا لە ناوتان بوایە، داوای چی لێ دەكردن؟ بێگومان داوای ئەوەی لێ دەكردن بگەڕێنەوە لە دەوری ئاڵای ئەمریكا كۆببنەوە و بەدەستەكانتان بیشەكێننەوە، ئەو كات بە ئاسانی دەتوانن كێشەكانتان چارەسەر بكەن»، لەم كتێبە بە گەلی ئەمریكا دەڵێت: «ئێستاش كێشەكانی گەلی ئەمریكا هەر بەو فیكر و ئیرادەیە چارەسەر دەكرێت كە جۆرج واشنتۆن بەرهەمی هێناوە و، بە زیندووهێشتنەوەی ئەو فیكر و ئیرادەیە كێشەكانتان چارەسەر دەكات و ڕزگارتان دەكات، بە پێچەوانەوە بەرەو دووبارەكردنەوەی ئیمپراتۆریەتی ڕۆم هەنگاو هەڵدەگرن و شكۆتان ئاوا دەبێت.
ئەم چەند دێڕە بۆ شێوازی مامەڵەكردنی «فیكر و ئیرادە» لەگەڵ واقیعی ئێستا و دەرهێنانی لە چوارچێوە مێژووییەكەی بۆ ئەوەی بوو، ئەو پرسیارە بورووژێنین و بپرسین: «كاتێك ئەمرۆ یادی بە جەستە ئاوابوونی مەلا مستەفا بارزانی دەكەین، ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین لە ئێستادا مستەفا بارزانی تەمەنی تەنیا 55 ساڵە و دوای 12 ساڵ لە مەنفا گەڕاوەتەوە (وەك لە ساڵی 1958 گەڕایەوە كوردستان) و باردۆخی ئێستامان بەمجۆرە دەبینێت، ئایا چاوەڕێ دەكەین چیمان پێ بڵێت؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە و وەڵامدانەوەی ئەوانەی پێیان وایە سەردەمی مستەفا بارزانی و سەردەمی ئێستا دوو سەردەمی جیاوازن، پێویستمان بە بەراوردكاریی نێوان هەر دوو سیستمەكە هەیە، بەمجۆرە:
1. دوای گەڕانەوەی مستەفا بارزانی لە ساڵی 1958، لە عێراقدا سیستمێكی سیاسیی تازە هاتبووە سەركار بەناوی كۆماری عێراق، ئەم سیستمە دەستوورێكی كاتیی نووسیبوو، تیایدا عێراقی بە نیشتمانی هاوبەشی كورد و عەرەب ناساندبوو»، لە ئێستاشدا كە ساڵی 2023یە، دیسان هاوپەیمانییەكمان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە هەیە، ئەو كات جەنابی مستەفا بارزانی پابەندبوونی حكومەتی قاسمی بە دەستورەكە گرێ دابووەوە بە پشتگیریكردنی كوردستان لە حكومەتەكەی، ئێستاش سەرۆك بارزانی هەمان داواكاری لە حكومەتەكەی سوودانی دووبارە دەكاتەوە.
2. لە ساڵی 1958 ڕاستە لە كوردستاندا تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزبێكی سەرەكی لە كوردستان بوو، بەڵام لەناو پارتیدا سەقامگیری سیاسیی زۆر كەم بوو، لەگەڵ ئەوەی بەردەوام پارتی و حزبی شیوعی عێراقی لە ململانێدا بوون، بەڵام هەندێك لە سەركردەكانی ئەو كاتی پارتی پێداگریی ئەوەیان دەكرد كە تیۆری ماركسی ببێتە بەشێك لەپەیڕەو پڕۆگرامی پارتی، ئەمەش واتە ئەو كاتیش ناسەقامگیری و فەوزای سیاسی هەبووە، هەروەك چۆن ئەمڕۆش لە بازنەی «فرە حزبی نابەرپرسیاردا» هەمان ناسەقامگیریی سیاسی دووبارە بووەتەوە، بەڵام چۆن مستەفا بارزانی بە ڕێگەی كۆنگرە لە قۆناخی یەكەمی دوای گەڕانەوەی ئاراستەی سیاسەتی پارتی ڕاست كردەوە، زیاد لەمەش كەناڵێكی گرنگی پەیوەندی لەگەڵ تەواوی خەڵكی كوردستان كردەوە و دیالۆگی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دامەزراندن، لەناو پارتیش ڕۆڵی ڕێكخراوە پیشەیی و جەماوەریی و مەدەنییەكانی ئەكتیڤ كرد و تا ڕاددەیەكی زۆر سیمای بە سیاسیكردنی كاڵ كردەوە و سازشكردنی لەسەر پرسە نەگۆڕە نیشتمانییەكان حەرام كرد، بەمەش جارێكی دیكە دووبارە پارتی هێنایەوە بۆ ناو بازنەی نەتەوەیی و نیشتمانی، ئێستاش بە هەمان شێوە لە دوای كۆنگرەی 14 سەرۆك بارزانی بە هەمان شێوە پارتی كردووەتەوە بەو ئامرازەی كە خزمەتی خەڵك و گەلی كوردستانی پێ بكات، بە هەمان شێوەی بیركردنەوەی مستەفا بارزانی، ئاراستەی هەنگاوەكانی سەرۆك بارزانی لە ئێستادا جیا لە ئەكتیڤكردنەوەی ڕۆڵی ڕێكخراوە پیشەیی و جەماوەرییەكان و ڕێكخراوە مەدەنی و ئایینییەكان، لە كاتێكدا هەنگاوەكانی دوای كۆنگرە بەو ئاراستەیەن دەرگایەكی فراوانی دیالۆگ لەگەڵ خەڵك و كۆی حزبە سیاسییەكانی كوردستان بكاتەوە، لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە سەرۆك بارزانی سازشی لەسەر نەگۆڕە نیشتمانی و نەتەوەییەكان نەكردووە و بە هێڵی سووری زانیون و حەرامی كردوون.
3. لە دوای ساڵی 1958 لەگەڵ ئەوەی پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵ حكومەتی عێراق هەبوو، بەڵام دووربینی و لۆژیكی مستەفا بارزانی لەو ئاستەدا بوو، زۆر زەحمەتە ئەقڵییەتی شۆڤێنی لە ناو پرۆسەی حوكمڕانیی عێراقدا تاسەر ڕێگە بەوە بدەن كە هەر دوو گەلی كورد و عەرەب بە ئاشتی و برایانە لە نیشتمانێكدا بژین، ئێستا هەمان دووربینی و لۆژیك لە بیركردنەوەی سەرۆك بارزانی دەبینین و هەروەك چۆن هەفتەیەك پێش ئێستا زۆر بوێرانە لەسەر بڕیارەكەی دادگای بەناو فیدڕاڵی عێراق دژی قووتی خەڵكی كوردستان زۆر جوامێرانە پێی گوتن، ئەم دادگا بەناو فیدڕاڵییە هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ «مەحكەمەی سەورەی بەعس» نییە.
لە ڕووی ئیمكانیەتی سەربازی و ئابوورییەوە حكومەتی بەغدا بەرواردكردنی بە كوردستان، لەگەڵ ئەوەی بەراوردەكە زۆر قورسە و تێگەیشتنێكی قووڵی دەوێت، هەتا بتوانین بەراوردی بكەین، هەروەها ڕاستە لە ڕووی ژمارە و داتاكانەوە بارودۆخی ئیمكانیەتی ئابووری و سەربازیمان ئێستا لە دوای ساڵی 1958 باشترە، كە لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول ئیمكانیەتی شۆڕش نزیك لە سفر بوو، بەڵام لە ڕووی ئەو ئیمكانیەتەی لەسەر ئاستی سەربازی و ئابووری لە كوردستان هەبوو، كە مستەفا بارزانی توانی زۆر باش بەكاری بهێنێت، بەراورد بە ئیمكانیەتی ئەو كاتی حكومەتی عێراق لەگەڵ حكومەتی ئێستای عێراق، ئەوا لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا ئیمكانیەتی كوردستان زۆر لە ئیمكانیەتی ئێستامان زیاتر بووە، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول، ئیمكانیەتی خەڵكی كوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە لەو ئاستەدا بوو، جیا لەوەی خەڵكی كوردستان دەیتوانی خۆی بەخێو بكات و خاوەن بەرهەم بوو، لە هەمانكاتدا شۆڕشەكەشی بە خێو دەكرد. ڕاستە شۆرش توانای كڕینی چەكی نەبوو، بەڵام چەكی هەموو هۆزەكانی كوردستان لە بەردەستی شۆڕشدا بوون، بەڵام ئێستادا وێڕای ئەوەی ڕۆژانە چەند سەد هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشین و جووڵەی بازرگانییش هەیە، بەڵام نەمانتوانیوە كوردستان بكەینەوە بەو كوردستانە بەرهەمهێنەی سەردەمی مەلا مستەفا بارزانی، ئەم حاڵەتەش بە تەواوەتی ئەركی سەرشانی سەرۆك بارزانی قورستر كردووە، بۆیە پێویستە لەم لایەنەوە هەڵوەستەی جددی بكەین و دەبێت هەموومان هاوكاری سەرۆك بارزانی بین، بۆ ئەوەی ئەو لاسەنگییە ڕاست بكەینەوە، كە ئێستا لەو بەرنامەیەی بۆ «كوردستانێكی بەهێز»ی دایڕشتووە و حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێی دەكات، ئامانجی سەرۆك بارزانی دووبارە بونیادنانەوەی ئەو كوردستانە بەرهەمهێنەیە.
لەوانەیە خەڵكانێك بپرسن: ئەم بەراوردكارییە بێ ویژدانییە و چۆن دوو سەردەمی جیاواز بە یەكەوە بەراورد دەكرێن؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێین: «فیكر و ئیرادە» پەیوەندی بە سەردەم و مێژووەوە نییە، ئەو «فیكر و ئیرادە»یەی مستەفا بارزانی لە تەواوی سەدەی بیستەم و لە زۆر قۆناخ و سەردەمی جیاواز، قۆناخە سەختەكانی نەتەوەی پێ تێپەڕاندووە، ئێستا هەمان «فیكر و ئیرادە» سەرۆك مسعود بارزانی درێژەی پێ داوە، لەمەش زیاتر ئاكامی ئەو فیكر و ئیرادەیەی بە كردەیی بۆ سەلماندین، هەروەك چۆن دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە خیانەت و پیلانگێڕییەكی گەورە بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی كوردستان دروست بوو ئهمهش پێویستی بە لۆژیكی سەركردایەتی هەبوو، لەو قۆناخە سەختەدا كە بە هێچ شێوەیەك ئیمكانیهتی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هێزی بەرانبەری (هێزەكانی حەشدی شەعبی، ڕاوێژكارانی سوپای قودس و حزبوڵڵای لوبنانی، تازەترین چەكی ئەمریكی و ڕۆژئاوا لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە + خیانەتی ناوخۆ) بهراورد نهدهكرا ، بەڵام لە هەناوی ئەم هەموو سەختییانەدا لەبری ئەوەی كوردستان تەسلیم بێت، بە پێچەوانە لەژێر ڕابەرایەتیی سەرۆك مسعود بارزانی چەمكی «خۆنە چەمێنن» لە دایك بوو.
كەواتە ئەم واقیعەی ئێستامان لە هەموو كاتێك زیاتر دووبارە پێویستی بە پەیامی مستەفا بارزانی هەیە و، لەم ڕوانگەوە ئەو گریمانەیە دووبارە دەكەینەوە و لە خۆمان دەپرسین: ئەگەر دوای 44 ساڵ لە جەستە ئاوابوونی ئەمڕۆ جارێكی دیكە (1ی ئاداری 2023) دووبارە لە ناو فیكر و ئیرادەی مستەفا بارزانییەوە گوێ هەڵبخەین، ئایا چیمان پێ دەڵێتەوە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە لە ناو فیكری مستەفا بارزانیدا دەدۆزینەوە، بەمجۆرە:
1. دوای 14 ساڵ لە جەستە ئاوابوونی و دوای گەڕانەوەی تەرمی لە كۆماری ئیسلامییەوە بۆ كوردستان، خەڵكی كوردستان لە دووبارە گەڕانەوەی مستەفا بارزانی دووبارە پەیامەكانی مستەفا بارزانی لە گوێیاندا زرنگایەوە، بۆیە هەموو خەڵك پێكەوە ئاڵای هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستانیان وەلا نا و ئاڵای كوردستانیان بەرزكردەوە و، گوتاری حزبە سیاسییەكانیش بووە ئەوەی «مستەفا بارزانی موڵكی تەنیا لایەنێك نییە».
كەواتە لە حزووری ئەو جەماوەرە گەورەیەدا گیانی مستەفا بارزانی ڕووی كردە هەموو حزبەكانی كوردستان بە جەماوەری گوت: «هەستنەكردنی حزبە سیاسییەكان بە ویژدانی كوردایەتی گەیشتووەتە ئەو ئاستەی خەڵكی كوردستان لە بەردەمی مندا ئاڵای هەموو حزبەكان دابنێن و ئاڵای كوردستان بەرز بكەنەوە». پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەو پەیامەی ویژدانی كوردایەتی خەڵكی كوردستان لە حزووری مستەفا بارزانی لە ساڵی 1993 پێیگوتین، هەمان ئەو پرسیارە نییە كە هنتنگتن لە خەڵكی ئەمریكای دەكات و پێیان دەڵێت: با لە خۆمان بپرسین: «ئێمە كێین؟» بۆ لە ئاڵاكەمان دوور كەوتووینەتەوە؟
2. دیسان هەر دوای 14 ساڵ لە جەستە ئاوابوونی، كاتێك پێشنیاری گرێدانی كۆنگرەی 90 ساڵەی لە دایكبوونی مستەفا بارزانی كرا، ئەوەش پێشنیاری ڕۆشنبیرانی كوردستانە و پارتی دیموكراتی كوردستان پێشنیارەكەی پەسەند كردووە، پرسیار ئەوەیە بۆچی ڕۆشنبیرانی كوردستان دەیانەوێت كۆنگرەیەك بۆ لەدایكبوونی مستەفا بارزانی بكرێت، نەك جەستە ئاوابوونی؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە كە خەڵكی كوردستان بۆ هەموو كێشەكان پێویستیان بە فیكر و ئیرادەی مستەفا بارزانی هەیە، ئەمەش بە شێوەیەكی خۆڕسك تیۆرەكانی یۆرگن هابرماس بۆ بەزیندووڕاگرتنی چەمكی مۆدێرنە دووبارە دەكاتەوە كە پێمان دەڵێت: «دەبێت پێكەوە بیربكەینەوە، پێكەوە كاربكەین، پێكەوە بەها بەرزەكانی كۆمەڵگە بپارێزین». ئایا ئەگەر جارێكی دیكە تەواوی وتارەكانی كۆنگرەی 90 ساڵەی لەدایكبوونی شەن و كەو بكەین و بمانەوێت لە یەك دێڕدا لەسەر زاری مستەفا بارزانییەوە گوێبیستی ببینەوە، ئایا لەمە زیاتر دەبوو كە ئامۆژگاریمان بكات و پێمان بڵێت: ڕزگاری و سەربەستیتان پەیوەستە بە سێ خاڵەوە «پێكەوە بیر بكەنەوە، پێكەوە كار و خەبات بكەن، پێكەوە بەها بەرزەكانی كوردستان بپارێزن».
پرسیاری دوماهی ئەمەیە: ئەم پەیڤانەی لە زاری مستەفا بارزانییەوە وەك ئامۆژگاری بۆ ئێمە، لە چەقی كام پنتی بیركردنەوەی مستەفا بارزانی سەرچاوەی گرتووە، بێگومان لە چەقی ئەو پنتەی كە لە فیكری مستەفا بارزانی دەدرەوشێتەوە كە ئەو چەند بەیتە شیعرەی ئەحمەدی خانییە كە پێش زیاتر لە 200 ساڵ لە لەدایكبوونی مستەفا بارزانی گوتوویەتی و دەڵێت:
گەر دێ هەبوا مە ئیتیفاقەك
ڤێگرا بكرا مە ئینقیادەك
رۆم و عەرەب و عەجەم تەمامی
هەمیا ژ مە ڕا دكر غولامی
تەكمیل دكر مە دین و دەوڵەت
تەحسیل دكر مە عیلم و حیكمەت
ئەم چەند بەیتە شیعرەی ئەحمەدی خانی هەتا بڵێیت، بەرز و گرنگە و ڕۆحی كێشەكانی نەتەوەی كوردی لە خۆیدا دیاری كردووە، بەڵام گەورەیی عیرفان و ڕۆشنگەریی مستەفا بارزانی لەو ئاستەدایە كە دوای زیاتر لە 250 ساڵ جارێكی دیكە مستەفا بارزانی ئەمە دەكاتە چەقی ئەو پنتەی كە پاشان دەبێتە ئەستێرە پرشنگدارەكەی ناو فیكری بارزانی، لەمەش زیاتر وەك فردریك نیچە دەڵێت: ئەسپی خەیاڵی من لەناو بەردێكی ڕەقدا نووستووە، پێویستی بە پەیكەرتاشێكە لە ئاستی مرۆڤی باڵا بێت، بۆ ئەوەی لەناو ئەو بەردە ڕەقە ئەسپی خەیاڵی من وێنا بكات»، ئەمە پێمان دەڵێت، یەكڕیزی و تەباییش ئەسپی خەیاڵی بیركردنەوەی مستەفا بارزانییە و دەرهێنانی وێنەی ئەو ئەسپە لەناو بەردی ڕەقی ناتەبایی و پەرتەوازەییدا پێویستی بە پەیكەرتاشێكی باڵای هاوشێوەی مستەفا بارزانی هەیە.
ئەو پەیكەرتاشە باڵایەی نیچە بۆ وێناكردنی ئەسپی خەوتووی ناو بەردی ڕەق داوای دەكات، لای هایدگەر ئەو دازاینەیە كە لە شێوازی بەكارهێنانی ئامێرەكانی بەردەستی مانا و بەها بۆ ئامێرەكان دیاری دەكات و، لە شێوازی بەكارهێنانی ئەو ئامێرانەوە بوونی خۆی لێرە پێناسە دەكاتەوە، كە ئەویش بوونی دازاینە لێرە كە سەرەنجام پێناسەی نەتەوە لە نیشتمانی خۆیدا دەكاتەوە.
لێرەوە پێویستمان بە ئاماژەكردنە بەو ئامێرانەی كە مستەفا بارزانی بۆ وێناكردنی ئەسپی «یەكڕیزی و تەبایی» لەناو بەردی ڕەقی ناتەبایی و پەرتەوازەییدا وێنای كردووە، كە ئەم ئامێرانە بوون:
1. كاڵكردنەوەی بەسیاسیكردنی كۆمەڵگە و ئەكتیڤكردنەوەی ڕێكخراوە پیشەیی و جەماوەری و مەدەنییەكان بۆ ئەوەی زەمینەیەكی پتەو بۆ ئاشتیی كۆمەڵایەتی و دەركەوتنی ئیرادەی نەتەوە فەراهەم بكرێت. ئەم زەمینەیە كە دێتە كایەوە، وەك لە ڕاپەرینی 1991 و لە گەڕانەوەی مستەفا بارزانی لە ساڵی 1993 بینیمان خەڵك هەمووی لە حزووری مستەفا بارزانیدا خۆڕسكانە ئاڵای حزبەكانیان دانا و ئاڵای كوردستانیان بەرز كردەوە.
2. دژایەتیكردنی گەندەڵی بە لۆژیكی مستەفا بارزانی، واتە گۆڕینی بەرژەوەندیی تاكەكەسیی گەندەڵ ڕاستەوخۆ بۆ بەرژوەندیی خەڵك، وەك گۆڕینی بینایەكەی چۆمان بۆ قوتابخانە لە هەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا.
3. گوێگرتن لە خەڵك، دروست وەك خوالێخۆش بوو مامۆستا تەها خەلیل بۆی گێڕاینەوە و گوتی: «لە ساڵی 1971 ئێمە وەك هونەرمەندانی كوردستان چووینە خزمەتی مەلا مستەفا بارزانی و بەنیاز بووین قسەمان بۆ بكات، ئەو پێی گوتین: من ئێوەم بانگهێشت كردووە، بۆ ئەوەی ئێوە قسە بۆ من بكەن و ئامۆژگاریم بكەن، نەك من قسە بۆ ئێوە بكەم».
4. ڕێزگرتن لە زانایانی ئایینی ئیسلام و پیاوانی ئایینیی سەرجەم ئایین و ئایینزا جیاوازەكانی كوردستان، لە فیكری مستەفا بارزانیدا «ئایین» ئەوجا هەر ئایینێك بووبێت، وێڕای پیرۆزییەكەی لای پێڕەوانی، لە هەمان كاتدا هۆكارێك بووە بۆ ئەوەی خەڵك بە شێوازێكی مەدەنییانە پێكەوە بیر لە ئاشتیی كۆمەڵایەتی و چارەسەری كێشەكانیان بكەنەوە، بۆیە لەم ڕووەوە زۆر دژی بە سیاسیكردنی ئایین بوو، بەمەش لەسەر ئاستی نیسابی مەدەنیی كۆمەڵگە ئایین ببووە هەوێنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی.
5. بایەخدان بە كێشەی ژنان و ئافرەتان لە فیكری مستەفا بارزانیدا، لە كێشەكانی «كچانی ناو لانكەوە» دەردەكەوێت، كە پێش هەمووان چەوسانەوەی لەسەر ئەو كچانە هەڵگرت، كە لەسەر «لانكە» مارە دەكران، یان ئەوانەی گەورە بە بچووكیان پێ دەكرا، یان ئەوانەی كە ژن بە ژنیان پێ دەكرا، لە فیكری مستەفا بارزانیدا «ژنی جوامێر» بەرهەمی پەروەردەكردنی كچێكە لە كۆمەڵگەیەكی بەویژداندا.
6. بڕوابوونی بە یاسا و پیادەكردنی دادپەروەری و بڕوابوونی بە لێبووردەیی هەتا دەگاتە ئەو ئاستەی بۆ هەر كەموكورتییەكی كۆمەڵگە گوتوویەتی: «خەتای منە»، ئەم ئاستە ئەو ئاستەیە كە ڤۆڵتێر پێمان دەڵێت: «لێبووردەیی ئەو كاتە دەگاته لوتكه، كە مرۆڤ بڵێت: من هەڵە بووم»، تەرجەمەكردنی ئەم قسەیەی ڤۆڵتێر ئەو گوتە بەنرخەی بەڕێز موحسین دزەییە كە پێی گوتین: مستەفا بارزانی دەیگوت، ئەوانەشی دەبنە جاش و ڕووبەڕووی شۆڕش چەك هەڵدەگرن، ئەویش هەر خەتای منە، چونكە بەشی هەرە زۆری ئەوانە لە ناچاری بوونە جاش و چەكیان دژی شۆڕش هەڵگرتووە، ئەگەر من ئیمكانیەتم هەبوایە و كارم بۆ ئەوانە دابین بكردایە، ئەوانیش نەدەبوونە جاش و چەكیان دژی شۆڕش هەڵنەدەگرت».
هەموو ئەمانەی دووبارە لەناو فیكر و ئیرادەی مستەفا بارزانیدا جارێكی دیكە زاخاوی مێشكی داینەوە، بە شانازییەوە لە ناو بڕیارە قورسەكانی سەرۆك مسعود بارزانی، هەمان فیكر و ئیرادە دەخوێنینەوە، بەڵام هەتا لەناو فیكر و ئیرادەی بارزانیدا جارێكی دیكە لە گوێماندا نەزرینگێتەوە نازانین چۆن چۆنی لەم قۆناخە سەختەدا هاوكاریی ئەركە قورسەكانی سەرشانی ئێستای سەرۆك بارزانی بكەین.