سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر كۆبوونه‌وه‌

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر كۆبوونه‌وه‌

هه‌ر له‌ كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ينى، 2023/2/17، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز محه‌مه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان بن جاسم ئال سانى، جێگرى سه‌رۆك وه‌زيران و وه‌زيرى ده‌ره‌وى قه‌ته‌ر، په‌يوه‌ندييه‌كانى قه‌ته‌ريان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌شيان تاوتوێ كرد و جه‌ختيان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ردوولا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، كرده‌وه‌.

به‌ڕێز ئال سانى خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ فراوانكردنى كار و وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزارى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى دووپات كرده‌وه‌ و هيواى خواست زه‌مينه‌ و ده‌رفه‌تى باشتر بۆ كه‌رتى تايبه‌تى قه‌‌ته‌ر‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان فه‌راهه‌م ببێت. لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، هه‌موو پشتگيرى و ئاسانكارييه‌كى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى له‌مباره‌وه‌ نيشان دا.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى هه‌وڵدان و كاركردن بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و گرنگيى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ و ناكۆكييه‌كان به‌ شێوه‌يه‌كى ئاشتيانه. له‌مباره‌وه‌يه‌ باس له‌ ئاماده‌يى و ڕۆڵى ئه‌رێنى هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه‌ كرا.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ر كۆبوونه‌وه‌
Top