بایه‌خی په‌روه‌رده‌ى تایبه‌ت له‌ پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌

بایه‌خی په‌روه‌رده‌ى تایبه‌ت له‌ پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌

خلیسكه‌وانى هونه‌رى ئه‌مریكی (سكوت هاملیتۆن)ده‌لێ" تاكه‌ كۆسپ له‌ ژیان بریتی یە‌ له‌ هه‌ڵوێستى خراپ".
بێگومان په‌روه‌رده‌ى تایبه‌ت كه‌ له‌ زۆر شوێن باس كراوه‌ كۆمه‌ڵه‌ به‌رنامه‌ و چالاكی تایبه‌ته‌ پێشكه‌ش به‌و كه‌سانه‌ ده‌كرێن كه‌ نائاسایین، واته‌ (وه‌كومرۆڤی ئاسایی ناتوانن ژیان ببه‌نه‌ سه‌ر ) ئه‌ویش له‌ پێناو ئه‌وه‌ى هاوكارى ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ بكرێ كه‌وا ئامانج و داخوازییه‌كانیان بهێننە دی، تا بتوانن له‌ پاشه‌ڕۆژ بگونجێن له‌گه‌ڵ ئه‌و ژینگه‌یه‌ی لێی ده‌ژین، ببنه‌ ئه‌ندامێكى كارا و سوودبه‌خش بۆ كۆمه‌ڵگه‌.
په‌روه‌رده‌ى تایبه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌تن وه‌كو كۆسپی(بیركۆلی و ئۆتیزم و ئاسته‌نگی فێربوون و بینینن و بیستن و شله‌ژانى قسه‌كردن و تادوایی..)، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى به‌هره‌دارو بلیمه‌تن ئه‌وانیش جۆرێكن، چونكه‌ تواناى عه‌قل و بیركردنه‌وه‌یان زۆر به‌رزتره‌ له‌وانى تر.
له‌ سه‌رده‌می زوو تایبه‌ت له‌ سه‌ده‌ى شازده‌ تا كۆتایی سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌مه‌وه‌ هیچ گرنگی به‌ جۆره‌كانى په‌روه‌رده‌ى تایبه‌ت نه‌دراوه‌ ، به‌ڵكو به‌ چاوی نامرۆڤانه‌ سه‌یر كراون، به‌ڵام له‌لایه‌ن وڵاته‌ گه‌وره‌كان تایبه‌ت ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا له‌ سه‌رده‌می (هربرت هۆفر)كه‌ سه‌رۆكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا بووه‌ گرنگی به‌ منداڵانى په‌ككه‌وته‌ و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت دراوه‌ ، له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌۱۹۷۱/۱۲/۲٠ كه‌ په‌سندكرا مافی منداڵى كۆسپ دار(په‌ككه‌وته‌) هه‌مان مافی منداڵى ئاسایی هه‌یه‌ له‌ فێركردن كه‌ بگونجێ له‌گه‌ڵ تواناكانى وه‌كو تاكێك له‌ كۆمه‌ڵگه‌. له‌وه‌ به‌دواوه‌ گرنگی زیاتر به‌ منداڵانى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت دراوه‌ له‌ زۆره‌ى وڵاتانى جیهان، له‌و چه‌ند ساڵه‌ى دوایی زۆر به‌ گرنگیه‌وه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ مافه‌كانیان پارێزراوه‌، تایبه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ گرنگی زۆرى به‌ منداڵانى خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت داوه‌ و زیاتر له‌ (30)قوتابخانه‌ ته‌نها له‌ پارێزگاى هه‌ولێر منداڵانى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت هۆبه‌ و پۆڵى تایبه‌تیان بۆ كراوه‌ته‌وه‌ به‌ پێى ژماره‌ى منداڵانى خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، پرۆگرامی تایبه‌ت به‌ خۆیان ده‌خوێنن له‌ بابه‌ته‌كانى (كوردی و بیركاری و چالاكییه‌كان) و مامۆستاى په‌روه‌رده‌ى تایبه‌ت وانه‌ به‌و منداڵانه‌ ده‌لێنه‌وه‌ و فێریان ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ى گرنگه‌ پێویسته‌ به‌رده‌وام هه‌وڵ بدرێ بۆ ڕاهاتن و گونجانى منداڵانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و ژینگه‌یه‌ی لێی ده‌ژین و تێكه‌ڵاوی دروست بێت و هان بدرێن بۆ ده‌رخستنی توانا و كارامه‌ییه‌كانیانو نیشاندان و خستنه‌ڕووى كه‌ ئه‌وان هیچ جیاوازییه‌ك له‌ نێوانیان و له‌ نێوان منداڵى ئاسایی نییه‌ له‌ ڕووى ماف و توانا و فێركردن و ئیمتیازات، ده‌توانن هه‌ركاتێ كۆمه‌ڵگه‌ پیویستى به‌ توانا و پسپۆڕ و خزمه‌تى ئه‌وان هه‌بێت، ئه‌وا ده‌توانن هه‌رده‌م پاڵه‌وانى گۆڕه‌پانه‌كه‌ بن هه‌ریه‌كه‌ و به‌ پێى پسپۆڕی وتواناى تایبه‌تى. نموونه‌ى جیهان زۆرن له‌ سه‌ركه‌سانى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت، به‌ڵام داهێنه‌ر و بلیمه‌ت و زانا و سه‌ركه‌وتوو بوونه‌ له‌ قۆناغه‌كانى سه‌رده‌می خۆیان و تا ئێستاش مرۆڤایه‌تى و جیهان شانازی به‌ ده‌ستكه‌وت و داهێنانه‌كانیان ده‌كات.
وه‌كو (تۆماس ئه‌دیسۆن) كه‌ كۆسپی بیستنی هه‌بوو له‌ منداڵیه‌وه‌ له‌ قوتابخانه‌ ده‌ریان كرد به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ هیچ فێر نابێ، له‌ ماڵه‌وه‌ دایكی فێری كرد. كه‌ گه‌وره‌ بوو چه‌نده‌ها داهێنانى كرد له‌ دۆزینەوەی (گلۆپی كاره‌با و ئامێری وێنه‌گرتنی سینه‌مایی) و چه‌ندانى تر ، هه‌روه‌ها یه‌كه‌م وێستگه‌ی به‌رهه‌م هێنانى كاره‌بایی داهێنا له‌ ئه‌مریكا، به‌ هه‌مان شێوه‌ (بیتهۆڤن)ی به‌ناوبانگ كه‌ ئه‌ویش هه‌ستی بیستنی نه‌ما بوو جگه‌ له‌ چه‌ند نه‌خۆشی تر، دواتریش بووه‌ (ئاوازدانه‌ر و پیانۆژه‌نى جیهانى به‌ به‌ناوبانگ) به‌ كاریگه‌رترین داهێنه‌ره‌ مۆسیقییه‌كان ده‌ناسرێت، وه‌ چه‌نده‌ها نموونه‌ى تریش هه‌ن كه‌ خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت بوون، به‌ڵام زانا و داهێنه‌ر و بلیمه‌ت بوونه‌ له‌ پیشه‌ و كارى جۆراوجۆر.

به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی

Top