دوژمنایەتییەكی تری دادگای فیدڕالی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان

دوژمنایەتییەكی تری دادگای فیدڕالی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان

بڕیاری دادگای فیدڕالی عێراق دژی هەرێمی كوردستان هەم بڕیارێكی سیاسییە و هەمیش نادەستووری، بۆیە بڕیارەكە سیاسییە چونكە ئەم دادگایە خاوەن ئیڕادەی سەربەخۆ بە خۆی نییە، لایەنگیری ئەجندایەكی سیاسی دەكات كە لە ناوەوەی عێراق درێژ دەبێتەوە بۆ وڵاتێكی هەرێمی. فەرمانی یەكەم و كۆتایی لەوێ وەردەگرن و دەكەنە بڕیار لە دژی هەرێمی كوردستان.

ئەگینا دەستووری هەمیشەیی عێراق ئەم مافەی بە هەرێم داوە و حكومەتی بەغداش دەبێ پابەند بێت وەك چۆن كە لە دەستوورەكەدا هاتووە،

ئەمە جاری یەكەم نییە دادگای فیدڕالی دەسەڵاتەكانی خۆی بەكار دێنێت دژی هەرێمی كوردستان، پێشتریش چەندین بڕیاری دوژمنكارانەی دەركردووە و ئامانجی سەرەكی ئەو ئەجندا سیاسییەی كە لە پشت بڕیارەكەدایە ڕوون و ئاشكرایە كە مەرامی سیاسییان لاواز كردنی پێگەی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستانە و چاویان بەرگەی ئەم هەموو بەرەو پێشڤەچوونە و گەشەسندنەی هەرێمی كوردستان ناگرێت.

شایانی باسە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی ڕێزدار «مەسروور بارزانی» و سەردانیان بۆ بەغدا بە ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا كۆتایی هات؛
بەڵام زاڵبوونی ئەو ئەجندا سیاسییەی كە ئاماژەمان پێدا وای لە دادگای فیدڕالی كرد دوور لە پرەنسیپی پێكەوەژیانی سیاسی و پرەنسیپی شەراكەتی نیشتیمانی و تەوافوق بەرژەوەندی پرۆسەی سیاسی عێراق بەهەند وەرنەگرێت و بكەوێتە خزمەت فەرمانی دەرەكی.

لێرەدا پرسیارێك سەر هەڵدەدات ئەویش ئەوەیە كە جیاوازی نێوان دادگای شۆڕشی سەردەمی بەعسی فاشی و دادگای ئێستای فیدڕالی عێراق چییە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەمان ئەم دادگایە هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ دادگای شۆڕشی بەعس و بە هەمان ئەقڵیەتی شوفینیستی سەردەمی بەعس مامەڵە لەگەڵ ئەزموونی فیدڕالی هەرێمی كوردستان دەكات كە لە ڕووی دەستوورییەوە بەشێكە لە عێراق.

دادگای فیدڕالی دەیان پێشێلكاری پشتگوێخستووە كە لە هەمبەر هەرێمی كوردستاندا كراون، بەڵام بە هەموو شێوەیەك سەنگەری لە هەرێمی كوردستان گرتووە و هەركاتێك دۆخی سیاسی عێراق بەرەو باشی بڕوات ئەم دادگایە دژی دەوەستێتەوە، بۆیە واباشە دەسەڵاتی سیاسی عێراق چاوێك بەم دادگایەدا بخشێننەوە و سنوورێك بۆ ئەم جورە پێشێلكارییانە دا بنرێت، چونكە زەدەرمەندی یەكەم پرۆسەی سیاسی عێراقە بە گشتی.

لە كۆتاییدا پێویستە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیش لە بەرامبەر پرسە چارەنووسازەكاندا یەك ڕیز و یەك هەڵوێست بن و هەمووان پێكەوە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی خەڵكی كوردستاندا خاوەن یەك گوتاری سیاسی بن و كوتایی بەم لە یەكترازانە ببێنن كە بووەتە هۆی مەترسی بۆ سەر چارەنووس و داهاتووی گەلەكەمان .

Top