سوودی بانكی و پێوەرەكانی دیاری كردنی سوودی بانكی بە نموونە ئەزموونی ولاتی بەریتانیا

سوودی بانكی و پێوەرەكانی دیاری كردنی سوودی بانكی بە نموونە ئەزموونی ولاتی بەریتانیا

سوودی بانكی فاكتەرێكی گرنگی ئابوری و كەرتی دارایی ھەر ولاتێكە كە دیاری كردنی ئەو رێژەیە بۆ ولاتان بە تایبەت ئەو ولاتانەی كە خاوەنی سیستەمێكی پێشكەوتووی بانكی و نەقدی و دارایین لە چالێنجە گەورەكان و پر بایەخەكانە كە حكومەتەكان بە ووریاییەكی زۆرەوە مامەلەی لە گەل دەكەن. چونكە ئەگەر رێژەی ئەو سوودە بانكیەی كە دیاری دەكرێت بە شێوازێكی زانستی و لە سەر بنچینەی كۆمەلێك فاكتەری ئابوری گونجاو نەبێت ئەوا دەبێتە ھۆی تێكچوونی تەواوی سیستەم و بەرنامەكانی تری حكومەت لە كەرتەكانی تردا.
لە بەریتانیا تاكو پێش سالی ١٩٩٧، Official interest rate سوودی بانكی رەسمی ولات لە لایەن خودی حكومەتەوە دیاری دەكرا بە راوێژ لە گەل بانكی بەریتانیا England Bank، بەلام لە دوای سالی ١٩٩٧ بە ھاتنە سەر كاری حكومەتی نوێی كرێكاری لەو ولاتە، بەرپرسیارەتی ئەو كارە خرایە ئەستۆی بانكی ئەو ولاتە بە ئامانجی دانانی سیاسەتی نەقدی و دیاری كردنی رێژەی سوودی بانكی دیسان بەو ئامانجەی كە سیاسەتی نەقدی و رێژەی سوودی بانكی دوور بن لە كاریگەری سیاسی. ھەروەك چۆن لە ئەمریكا ئەم كارە لە لایەن Federal Reserve Bank و لە ئەوروپاش لە لایەن European Central Bank جێبەجێ دەكرا. بۆ ئەم مەبەستە حكومەتی بەریتانیا كۆمیتەیەكی دامەزراند بە ناوی Monetary Policy Committee (MPC) كۆمیتەی سیاسەتی نەقدی كە ئەركەكەی بریتی بوو لە دیاریكردنی رێژەی سوودی بانكی و قەرزدان بە دامەزراوە داراییەكان. ئەو كۆمیتەیە سالانە ٨ جار كۆدەبووەوە بۆ دیاریكردنی رێژەی سوودی بانكی لە سەر بنچینەی فاكتەرێكی گرنگ كە ئەویش رێژەی ھەلاوسان بوو و دواتریش لەبەرچاو گرتنی فاكتەری دووەم كە رێژەی بێكاری بوو. واتا دیاری كردنی سودی بانكی لە سەر بنەمای بەرزبونەوە و دابەزینی ئەو دوو فاكتەرە. كۆنترۆل كردنی ئەو دوو فاكتەرە نیشانەی بەھێزی و تەندروستی سیستەمی نەقدی و دارایی ولات دەگەیەنێت.
تاكو سالی ٢٠١٣ تاكە پێوەری دیاری كردنی رێژەی سوودی بانكی بریتی بوو لە لەبەرچاو وەرگرتنی رێژەی ھەلاوسان. بەو شێوەیە كە كاتێك رێژەی ھەلاوسان زیاتر با لە ٢ لە سەدا ئەوا رێژەی سوودی بانكیان بەرزدەكردەوە بۆ ئەوەی وا لە خەلك بكەن كە پارە لە بانكەكان قەرز نەكەن لە بەرئەوەی سوودی دانەوەی پارەكە بەرزە یان ئەوانەی كە پارەیان ھەیە لە بانكەكان ئەو رێژە سوودەی كە وەریدەگرن لە بانكەكان زیاتر بێت لە بری ھەلاوسان و ھانیان بدات بۆ ھێشتنەوەی پارەكانیان لە بانكەكان. بە ئامانجی ئەوەی كە رێژەی ھەلاوسان كەم بكەنەوە. چونكە بە رێگریكردنی خەلك لە وەرگرتنی پارە لە بانكەكان دەتوانن رێژەی ھەلاوسان كۆنترۆل و كەم بكەن بەوەی كە خەلك ئەگەر پارەی لە دەست نەبوو خەرجیان كەم دەبێتەوە و خواست لەسەر كەل و پەل كەم دەبێتەوە و ھەلاوسان كۆنترۆل دەكرێت. وە بە پێچەوانەوە كاتێك كە رێژەی ھەلاوسان لە ٢ لە سەد كەمتر بوایە ئەوا مانای ئەوەیە كە بارودۆخەكە لە كۆنترۆلە و پێویستی بە بەرزكردنەوەی رێژەی بانكی ناكات و ئەگەر بیانەوێت پارە زیاتر بێت لە ناو بازار و گەشەی ئابوری و دەرفەتی كار زیادتر بكرێت، ھەلدەستان بە كەمكردنی رێژەی سوودی بانكی.
لە دوای سالی ٢٠١٣ و ٢٠١٤ ھەستان بە وەرگرتنی فاكتەرێكی تر بۆ دیاری كردنی رێژەی سوودی بانكی كە ئەویش فاكتەری رێژەی بێكاری بوو، سەرەرای ھەبوونی فاكتەری یەكەم كە رێژەی ھەلاوسانە.
بەو شێوەیە كە ئەگەر رێژەی بێكاری لە ٧ لە سەدا زیاتر بێت مانای وایە كە پارە نییە لە بازار و جموجۆلی بازرگانی كەمە و بۆ راستكردنەوەی ئەم بابەتە پێویستە كە رێژەی سوودی بانكی كەمبكرێتەوە تاكو تاكەكان ھانبدات بۆ وەرگرتنی قەرز و لە ئەنجامدا زیادكردنی جموجۆلی بازرگانی و رەخساندنی دەرفەتی كار و كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری. وە بە پێچەوانەوە ئەگەر رێژەی بێكاری كەمتر بێت لە ٧ لەسەدا مانای وایە كە پێویست بە دابەزاندنی رێژەی سوودی بانكی نییە و دەكرێت ئەو رێژەیە بە پێی پێویست بەرزیش بكرێتەوە.
وەك ئاماژەم پێدا كۆنترۆل كردنی ئەو دوو فاكتەرە مەرجی سەرەكیە بۆ تەندروستی سیستەمی ئابوری ھەر ولاتێك و جێبەجێ كردنی ئەو سیاسەتە پێویستی بە ھەبوونی بانك ھەیە كە جێی متمانەی ھاولاتی بێت و بە تەواوی پشتیوانی و تەداخولی دەولەتی لە گەل بێت.
لە كوردستان ھۆكاری سەرەكی ئەو ھەلاوسان و بێكاریەی كە ھەیە بریتیە لە نەبوونی سیاسەتێكی ھاوشێوەی سەرەوە كە بۆتە ھۆی بەرزبونەوەی بەردەوامی نرخی كەل و پەل و كۆمەلێك بواری تر و بە تایبەت كەرتی خانوبەرە. نەبوونی سیستەمێكی بانكی كارا و باوەرپێكراو و جێی متمانە وای كردووە كە ھاولاتی ئەو داھاتەی كە دەستی دەكەوێت بە شێوەیەك خەرجی بكات تاكو رزگاری ببێت لە ریسكی لە دەستدانی پارەكەی بە كۆمەلێك ھۆكاری تر. كەرتی خانوبەرە تاكە ھۆكارە بۆ پاراستنی داھات و پارەی ھاولاتی، بۆیە بە لێشاو رویان لەو كەرتە كردووە بۆ وەبەرھێنان سەرەرای ئەو لێشاوە زۆرەی ھاولاتیانی باشوری عێراق كە رویان لەو كەرتە كردووە لە ھەرێمی كوردستان. ھەموو ئەو ھۆكارانە و ھەندێ ھۆكاری تر وەك نەبوونی سیستەمی بانكی باوەرپێكراو بۆ پاراستنی سەرمایەكانیان وای كردووە كە ھەلاوسانێكی زۆر دروست ببێت لە ھەرێمی كوردستان و ھەموو داھات و سەرمایەی ھاولاتیان لەو كەرتەدا كە كەرتی خانوبەرەیە خەرج بكرێت. ھەبوونی سیستەمیكی بانكی پێشكەوتوو و سیستەمی نەقدی زۆرێك لە كێشەكانی ھەرێم لە رووی ھەلاوسان و گرانبونی نرخ لە تەواوی كەرتەكان و كێشەی بێكاری تا رادەیەكی باش چارەسەر دەكات.

 

 

(*)دكتۆرا لە كارگێڕی داھێنان و دارایی

Top