زیندوو ڕاگرتنی پرۆگرامه‌كان

زیندوو ڕاگرتنی پرۆگرامه‌كان

ڕۆماننوس و نوسه‌ری به‌ریتانی (ئیدوار بولویر لینون)ده‌لێ" هونه‌ر و زانست خاڵى به‌یه‌ك گه‌یشتنیان هه‌یه‌ له‌ پرۆگرام".
دیاره‌ پرۆگرام به‌ یه‌كێك له‌ بناغه‌ سه‌ره‌كییه‌كان داده‌نرێت له‌ پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن، كه‌ تیایدا كۆمه‌لێ شاره‌زایی ده‌درێته‌ قوتابی به‌ ئامانجی فێركردن و به‌ره‌وپێشبردنى زانین و زانست لاى قوتابی و، له‌ هه‌مان كاتدا چاككردنه‌وه‌ و ڕاست كردنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدانى ڕه‌فتار و كردار و هه‌ڵسوكه‌وتى قوتابییه‌ و ئاماده‌كردنیه‌تى وه‌كو تاكێكى زیندوو سوودبه‌خش بۆ كۆمه‌ڵگه‌ و نیشتمان كه‌ بتوانێ له‌ داهاتوودا ڕۆڵى گرنگ و پڕ بایه‌خ بگێرێت و هه‌رده‌م كه‌سێكى چاڵاك و زیندوو دڵسۆز بێت بۆ كۆمه‌ڵگه‌ و نیشتمان.
گومانى تێدانییه‌ كه‌ قوتابی هه‌رده‌م ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی و چه‌قی قورسایی ناو پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردنه‌، كه‌واته‌ مه‌به‌ست و ئامانج له‌ كۆی گشتی پرۆسه‌كه‌ په‌روه‌رده‌ كردن و فێركردن و بنیاتنانى قوتابییه‌ له‌ رێگاى مامۆستا و پرۆگرام. لێره‌دا پێویسته‌ پرۆگرامه‌كان وه‌ڵامده‌ر و جێ به‌جێ كردنى داخوازی و داواكاری قوتابی بێت و مه‌به‌ست لێی چۆن قوتابی سوود له‌ پرۆگرامه‌ وه‌ربگرێ، بۆیه‌ ده‌بێ پرۆگرام هه‌میشه‌ له‌ پێناو بنیاتنانى كه‌سایه‌تى قوتابی بێت له‌ چوارچێوه‌ى توانا و حه‌ز و ویست و خواستی بێت و هه‌رده‌م له‌ پێناو به‌هێزكردنى توانا و وزه‌ى قوتابیان بێت به‌رامبه‌ر به‌ كۆمه‌ڵگه‌ و نیشتمان له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانى كۆمه‌ڵایه‌تى و زانستى و چاندنی تۆوی نیشتمان په‌روه‌ری و هاووڵاتیبوون و بنیاتنانى مرۆڤێكى باس و سوودبه‌خش و، كاركردنى له‌سه‌ر ڕاهێنان و شیاندنى قوتابی تا بتوانرێ له‌ كۆتاییدا ئامانجه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ و نیشتمان به‌دی بهێنرێت. بۆیه‌ پرۆگرام به‌ خاڵى وه‌رچه‌رخان و سه‌رهه‌ڵدانى گه‌شه‌پَدان و په‌ره‌پێدانى مرۆڤ داده‌نرێت له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ له‌ بیرمان دێنێته‌وه‌ له‌ كاتى دانان و هه‌مواركردن و چاك كردنى پرۆگرامه‌كان له‌ به‌رچاومان وجه‌خت بكه‌ینه‌وه‌ له‌وه‌ى كه‌وا پرۆگرامه‌كان داواكاری وداخوازییه‌كانى قوتابی لێی بێته‌ دی و لایه‌نى ده‌روونى تێدا ئاسوده‌ بێت و، له‌ هه‌مان كاتدا زانست و زانیاری ته‌واوی ده‌ست بكه‌وێت له‌ هه‌ر قۆناغێك و له‌ هه‌ر بابه‌تێك به‌ پێویستى و گونجانى ته‌مه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له‌ بیرمان نه‌چێت لایه‌نى كۆمه‌ڵایه‌تى و رۆشنبیری و مرۆڤایه‌تى تێدا به‌رجه‌سته‌ بێت و بزانین كۆمه‌ڵگه‌ چى پێویسته‌ و چى ده‌وێ به‌ هه‌موو پێداویستییه‌كانه‌وه‌، وه‌كو بنه‌مایه‌كی گرنگی پرۆگرام ته‌ماشا بكرێ.
جودا له‌وه‌ش گرنگه‌ پرۆگرامه‌كان ڕه‌چاوی خرۆشاندن و وورژاندن و جۆشدانى وشیاری خوێندنه‌وه‌ لاى قواتبی دروست بكات و، هه‌رده‌م په‌رۆشییه‌ك لاى قوتابی به‌دی بكرێ كه‌وا زیاتر و زیاتر ده‌یه‌وێ فێر ببێ شت بزانێ، نه‌وه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌ قوتابی بێزار و وه‌رش و دارماو بێت و له‌ بابه‌ت و وانه‌كان ڕابكات و ڕقی لێیان بێته‌وه‌، بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ بابه‌ته‌كانى پرۆگرامه‌كان هه‌رده‌م خۆشه‌ویستى و ڕاكێشان و تامه‌زرۆیی لاى قوتابی دروست بكه‌ن و په‌رتووكه‌كانیان خۆش بوێ و بیپارێزن و به‌ پاكی ڕایبگرن له‌ هاوڕێیه‌تى هه‌میشه‌ دڵسۆز و وه‌فادار سه‌یری بكه‌ن.
كه‌ هه‌موو ڕه‌فتار و ئادكاری جوانه‌ ده‌یبه‌خشن به‌ قوتابی و كه‌سێكى به‌هێز و جێگاى متمانه‌ و باوه‌ڕ و خاوه‌ن ئیراده‌ و سازش نه‌كراو به‌رهه‌م دێنن، مورتوربه‌ركراو به‌ زانست و زانیاری و شاره‌زایی و پسپۆڕى و فرچك گرتوو به‌ په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌پێدان و قایم كردن و پته‌وكردنى خۆشه‌ویستى بۆ خاك و نیشتمان و سه‌روه‌ری و ئینتیمابوون و گوێ ڕایه‌ڵى و یه‌كتر خۆشه‌ویستن و گرنگی پێدان به‌ كارامه‌ییه‌ گشتییه‌كان، كه‌وا هه‌رده‌م و هه‌رده‌م كه‌سێكى به‌هێز بنیات بنرێ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ كه‌ خۆى هه‌میشه‌ به‌ خاوه‌ن و به‌رپرسیار و دڵسۆز بزانێ. بێگومان سه‌رچاوه‌ی چاندن و چه‌كه‌ره‌كردنى تۆوی ئه‌و هه‌موو سیفاته‌ نه‌گۆڕ و گرنگ و پڕ بایه‌خانه‌ پرۆگرامه‌كانه‌.
به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی

Top