سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى: دەبێت ده‌ستوور بە تەواوی جێبەجێ بکرێت
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه 21/1/2023 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له به‌غدا به‌شداری له ڕێوڕه‌سمی ڕۆژی (شەهیدی عێراقی) و ساڵیادی شەهیدکردنی ئايه‌توڵڵا ئه‌لعوزما محەمەد باقر ئه‌لحەكیم كرد كه هه‌ریه‌ك له به‌ڕێزان له‌تیف ڕه‌شید سه‌رۆك كۆمار، محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، محه‌مه‌د شیاع ئه‌لسوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و ژماره‌یه‌كی زۆری به‌رپرسانی حكوومی و حزبی و نوێنه‌ری وڵاتان تیایدا به‌شدار بوون.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
ئامادەبووانی بەڕێز،
سڵاوتان لێ بێت، بە خێر بێن بۆ ڕێوڕەسمی ڕۆژی شەهیدی نیشتمان و بيسته‌مین ساڵیادی شەهیدکردنی ئايه‌توڵڵا ئه‌لعوزما محەمەد باقر ئه‌لحەكیم (قدس سرە).
بە ناوی گەلی کوردستانەوە سڵاو دەنێرین بۆ ڕۆحى پاکی شەهیدی میحراب و هەموو شەهیدانی ئازاديی عێراق.
لەگەڵ یادکردنەوەی شەهیدی میحراب، سەید محەمەد باقر ئه‌لحەكیم، هەموو بیروەرییەکانی هاوخەباتی و تێكۆشانى پێكه‌وه دژی چەوسانەوە و دیکتاتۆری لای هەموومان زیندوو دەبنەوە. سەید محەمەد باقر ئه‌لحەكیم، خاوەنی ڕێزێکی زۆرە لای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازيی کوردستان. چونکە ئەو وەک یەکێک لە دامەزرێنەرە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، بە درێژایيی ساڵانی خەباتی، باوەڕی بە کۆکردنەوەی هەموو هێزەکان هه‌بوو.
لە کۆنگرەی سەرخستنی گەلی عێراقدا لە تاران لە ساڵی ١٩٨٦، لەگەڵ باوکم ئیدریس بارزانی، هاوخەباتیی کورد و شیعە و لایه‌نه‌كانی دیكه و هەموو پێکهاتەکانی عێراقیان بەهێز کرد. پەیوەنديی بەهێزی سەید محەمەد باقر ئه‌لحەكیم لەگەڵ سەرۆک مەسعوود بارزانی و سەرۆک مام جەلال، گەلی عێراقی دڵخۆش دەکرد بە یەکێتيی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی و بووە هۆی ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پشتیوانی لە گەل و ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی بکات دژی دیکتاتۆرییه‌ت.
ئەو پەیوەندییە بەهێزەی نێوان لایەنەکان وایکرد ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی لە کۆنگرەی لەندەن لە ساڵی ٢٠٠٢ و هه‌روه‌ها کۆنگرەی سەلاحەدین لە شوباتی ٢٠٠٣، گوتار و بەرنامەیەکی یەکگرتوو بۆ قۆناغی دوای دیکتاتۆرییه‌ت دابنێت، لەسەر بنچینەی مسۆگه‌ركردنى مافی هەموو پێکهاتەکان و بەڕێوەبردنی عێراق بە سیستەمی فیدرالی.
شەهیدی میحراب و موجاهیدی گەورەی عێراق سەید محەممەد باقر ئه‌لحەكیم، یەكێك بوو لە زانايانی عێراق لە بواری شەریعەت و فەلسەفە و ئابووریدا، لەبەرئەوەش خاوەن بیرێکی کراوە بوو بە سەر هەموو نەتەوە و مەزهەبەکاندا. زانایيی سەرکردەکان هەمیشە وادەکات لە دژایەتيی نەتەوەیی و مەزهەبی دوور بکەونەوە و پردەکانی پەیوەندی و پێکەوەژیان بەهێز بکەن.
پەیوەنديی ڕابەری شۆڕشی کوردستان خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ مەرجەعیەتی نەجەف وایکرد کە ئیمام سەید موحسین ئه‌لحەكیم بە تەواوی پشتیوانی لە گەلی چەوساوەی کورد بکات و ساڵی 1965 فەتوایەك دەربکات بۆ حەرامكردنی شەڕی پێشمەرگە و كورد. هەروەها شەهیدی گەورەی عێراق ئايه‌توڵڵا ئه‌لعوزما محەمەد باقر ئه‌لسەدر، ساڵی 1974 هەمان فەتوای حەرامكردنی شەڕی كوردی بە ڕوونی دووبارە كردەوە.
بە هەمان شێوە ئايه‌توڵڵا ئه‌لعوزما سەید عەلی سیستانی خوا تەمەنی درێژ بکات، پشتیوانی لە دەستووری عێراق کرد، چونکە مافی دایە هەموو پێکهاتەکانی عێراق. لە دەستووری عێراقدا پێکەوەژیانی هەموو عێراقییەکان لەسەر بنەمای تەوافوق لەنێوان پێکهاتەکانی عێراقدا بە شێوەی فیدرالی پەسەند کرا.
ئامادەبووانی بەڕێز …
لە ئەنجامی دروستبوونی متمانە و خەباتی هاوبەشی هەموو لایەنەکان، بۆ ڕزگاربوون لە دیکتاتۆرییه‌ت و چەوسانەوە، خۆشەویستی لەنێوان هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراقدا دروست بوو. بەهۆی ئەو پێکەوەکارکردنەش دەستوورێکمان پێکەوە نووسیوە کە یەکگرتوویی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا دروست دەکات لەسەر بنچینەی دابینکردنی مافی هەموو پێکهاتەکان بە یەکسانی.
ئەم دەستوورە گرێبەستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتيی نێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراقە، نابێ بەو شێوەیەی ئێستا پشتگوێ بخرێت، بەڵکو دەبێت بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی خەڵک خۆی لە پرۆسەی سیاسيی عێراق دوور نەبینێت. دەبێ مافی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بەپێی دەستوور دابین بکرێت و بە شێوەیەکی ڕاستەقینە و بە کردەوە سیستەمی بەڕێوەبردنی عێراق، فیدرالی بێت، کە ئەمەش بنەمای سەرەکيی دەستوور و سیستەمی سیاسی و ئیداريی عێراقە و گەلی عێراق لە گەورەترین ڕاپرسيى مێژوویدا، دەنگی پێداوە.
ئێمە لە هه‌رێمى كوردستان له ڕوانگەی جێبەجێکردنی دەستوورەوە، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێككه‌وتنى پێكهێنانى حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق، پشتیوانیی خۆمان بۆ سەرۆکوەزیران بەڕێز محەمەد شیاع ئه‌لسوودانی دووباره ده‌كه‌ینه‌وه. هيوادارين له ماوه‌يه‌كى نزيكدا به‌نده‌كانى ڕێككه‌وتنى پێكهێنانى حكوومه‌ت جێبه‌جێ بكرێن.
هه‌روه‌ها پشتگيرى له به‌ڕێزيان ده‌كه‌ين کە هەوڵ دەدات دەسەڵاتی مەدەنی و ناوخۆيى بگێڕێتەوە بۆ هەموو پارێزگاکان. هەوڵ دەدات زەمینەی دانوستاندن و ڕێککەوتن بۆ کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی دروست بکات. هەوڵ دەدات خزمەتگوزارییەکان دابین بکات. هەوڵ دەدات هاوسەنگی بگێڕێتەوە بۆ بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی عێراق لە هه‌موو دەزگاکانی دەوڵەتدا، لەوانەش سوپای عێراق.
بەڕێزان …
به پێويستمان زانى ئەمڕۆ بۆ به‌شداريى ئه‌م بۆنە تایبەته بێين بۆ بەغدا. لە ڕاستیدا، لای ئێمە بەغدا شارێکی خۆشەویستە. کە لە بەغدای پایتەختی فیدراڵيی عێراق، مافی هەرێم و پارێزگاکان ڕەچاو بکرێت، کە دەزگاکانی دەوڵەت ببنە ڕەنگدانەوەیەکی ڕاستەقینەی سیستەمێکی فیدراڵی، کە ماف و خزمەتگوزارییەکان بە ئاستێکی بەرز بۆ هەموو هاووڵاتیيانی عێراق دابین بکرێن، بەغدا زۆر بەهێز دەبێت. ئەوکات بەغدا دەبێتە پارێزەری هەموو هەرێم و پارێزگاکانی عێراق. هەموومان پێکەوە دەتوانین بەهێز بین و بە تەواوی پێگەی عێراق بەهێز بکەینەوە.
لە ناخۆشترین بارودۆخی عێراقدا، هەموو عێراقییەکان شانازییان بە ئارامی و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانەوە دەکرد، چونکە هیوای گەڕانەوەی ئارامی و پێشکەوتن بوو بۆ هەموو وڵات، وەک بەشێک له عێراق.
سەرۆک مەسعود بارزانی هەمیشە لە وتارەکانیدا سەبارەت به ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، شانازی بەوەوە کردووە کە سەدان هەزار سەربازی عێراقی لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا بە سەلامەتی له كوردستانه‌وه نێردرانەوە بۆ ماڵەکانیان. ئێمە ئێستا شانازییەکی دیکەشمان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە دوای شەڕی داعش (٢) ملیۆن و (٨٠٠) هەزار ئاوارە لە شارە جیاوازەکان لە باشوور و ناوەڕاستى عێراقه‌وه هاتنە کوردستان، بەڵام تا گەڕانەوەیان و تا ئێستا، یەک ڕووداوی ناخۆش و توندوتیژی ڕووینەداوە. ئەوە مایەی شانازییە و نیشانەی ئەوەیە کە خۆشەویستی و ڕێز لەنێوان خەڵکی عێراقدا هەیە. کەواتە زەمینەی جێبەجێکردنی دەستوور لە عێراقدا زۆر بەهێزە و خەڵک لایەنگری نە‌هێشتنی کێشەکانن له عێراق.
ئامادەبووانی بەڕێز ….
هەروەک دەبینین ئێمە پێویستە لە کاتی ناخۆشییەکاندا پشتیوانی لە یەکتر بکەین، هەموو پێشکەوتنەکانیشمان بەرهەمی پێکەوەکارکردنمان بوونە. لەبەرئەوە ئێستا بۆنە و کاتێکی زۆر گونجاوە کە هەریەکەمان لای خۆیەوە بڕیار بدات. ده‌رفه‌تى گه‌ڕانه‌وه‌ى عێراق بۆ پێگه‌ى به‌هێز و شايانى خۆى له ناوچه‌كه‌دا هه‌يه كه به چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان ده‌بێت، ئه‌مه‌ش زياتر ده‌رگاكانى جيهان به‌سه‌ر عێراقدا ده‌كاته‌وه.
ناوچە و هەرێم و پارێزگاکانی عێراق، نەتەوە و ئایین و مەزهەبەکانی عێراق ناحەزی یەکتر نین، كار بكه‌ن به ئاراسته‌ی پێكه‌وه‌ژیان و چاره‌سه‌ركردنی هه‌مو كێشه‌كان، نابێت ئێمه وه‌ك ڕه‌قابه‌ت سه‌یری یه‌كتری بكه‌ین، ئێمه هه‌موومان ته‌واوكه‌ری یه‌كترین، ده‌بێت به ڕۆحی هاوبه‌شییه‌وه به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ین، ئه‌وه نیشانەی لاوازی نییە بۆ عێراق، بەڵکو ئەم فرەنەتەوەیی و فرەئایینی و فرەمەزهەبییە، مایەی به‌هێزبوونی عێراقه. لە سیستەمێکی دیموکراسی و مەدەنی و فیدراڵیدا، هەموویان دەبنە تەواوکار و پشتیوانی یەکتر. جیهانی ئەمڕۆ جهیانێکی فرەنەتەوە و فره‌ئایینە، هیچ وڵات و شارێکی یەک ڕەنگ لە جیهاندا نەماوە، پێشکەوتنی ئێستای جیهانیش بەو هۆیەوە لە هەموو کات خێراترە.
ئێستا جگە لە کورد و عەرەب و تورکمان و ئاشووری و کلدان و سريان و ئه‌رمه‌نى، خه‌ڵكى زیاتر لە (٤٠) نەتەوە لە هەرێمی کوردستان دەژین. هەموویان پێکەوە ئاوەدانی و فرەکولتووريیان دروست کردووە، هەمووشیان پێکەوە بێ کێشە و دڵخۆشن لە هەرێمی کوردستان. ئەوە شانازییەکی گەورەیە بۆ هەموومان.
بینیمان گەورەترین ڕ‌ژێمى دیکتاتۆری، توندترین سیستەمی ئەمنی و عەسکەرتاری و ڕەتکردنەوەی فرەیی لە عێراق، نەیتوانی بەردەوام بێت، چونکە عێراقییەکان دەیانەوێت بە ئاشتی و بە فرەڕەنگيی خۆیانەوە دڵخۆش بن و پێکەوە بژین. ئەمەش ئامانجی شەهیدی میحراب ئايه‌توڵڵا ئه‌لعوزما محەمەد باقر ئه‌لحەكیم (قدس سرە) و هەموو شەهیدانی ئازاديی عێراق بووە.
ئێمه له عێراق خاڵى هاوبه‌شمان زۆره كه كۆمانده‌كاته‌وه. بنه‌ماى هاوبه‌ش هه‌يه بۆ پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و پێكه‌وه‌كاركردن. ئارەزووی ڕاستەقینەی هەموو عێراقییەکان پێکەوەبوونێکی یەکسانە، بۆیە دەبێ ئەو ئارەزووەی عێراقییەکان، بکرێتە کردار. لە کۆتاییشدا هەموومان شانازی بە ئاوەدانی و پێشکەوتنەوە دەکەین، نەک درێژکردنەوە و قووڵکردنەوەی ناکۆکی و کێشەکان.
هیوادارم هەموو کێشەکان له عێراقدا بە زوویی چارەسەر ببن و عێراقییەکان بە خزمەتگوزاريی باشەوە بە خۆشی بژین.
دووباره سڵاو و دروود بۆ گيانى خوالێخۆشبوو (شەهیدی نیشتمان) ئايه‌توڵڵا ئه‌لعوزما محەمەد باقر ئه‌لحەكیم (قدس سرە) ده‌نێرين. زۆر سوپاس بۆ ئه‌م داوه‌ته.
زۆر سوپاستان ده‌كه‌م.