كادری ڕاستەقینەی حزبی سیاسی
لە سەرەتادا دەمەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بكەم كە كادیری حزب كێیە؟
كادیری حزب بریتییە لە ئەندامی پارتێكی سیاسی دیاریكراو كە بڕوای تەواوی بە بیروباوەری خۆی هەیە و بەردەوام لەناو حزبەكەیدا خەبات و تێكۆشانی كردووە، تاكو گەیشتووەتە ئاستی كادیری حزب. هەروەها بەو كەسە دەوترێت كادیری ڕاستەقینەی حزب كە چارەنووسی خۆی بەتەواوی بە چارەنووسی حزب و بیروباوەرەكەیەوە بەستووەتەوە و بەرژەوەندی حزبەكەی لە سەرووی بەرژەوەندی خۆیدا داناوە و دادەنێت و، لە پێناو سەرخستنی ستڕاتیژ و بەرنامەی حزبەكەیدا هەموو هەوڵێك دەخاتە گەڕ، بۆ بەهێزكردنی لە سەر هەموو ئاستەكاندا؛ هەروەها كادیری حزب پێویستە خۆ بە خاوەنزان بێت و هەستی بەرپرسیاریەتی حزبی لە ناخیدا بەهێز بێت و لە هەمان كاتیشدا جەماوەری و ڕەوشت بەرز بێت.
دیارە چەند جورێك كادیری حزب بوونیان هەیە، یەكێك لەوانە بریتین لەو كادیرانەی كە لە ئاستی باڵای سەركردایەتی حزب دان و، جۆری تری كادیری حزب لەو كادیرانە پێكهاتوون كە بەرپرسیاریەتی لق و نووسینگە و بەشەكانیان پێ سپێردراە، لە هەمان كاتیشدا جۆری دیكەی كادیر هەیە كە لە ئاستێكی بەرزی و...ھتد دا جێگەی گرتووە، بەڵام بەتەواوی خویان تەرخان نەكردووە بۆ كاری حزبی و زۆر جار ئەمجۆرە كادیرانە دوور دەكەونەوە لە حزب وچارەنووسی خۆیان بە حزبەوە نەبەستووەتەوە، بۆیە حزبی سیاسی پێویستە كادیری خۆبەخاوەن زان و ڕاستەقینە لە كادیری تر جیا بكاتەوە.
كادیری حزب بۆی هەیە ببێتە سەركردە و بە هەمان شێوەش كادیری سەركردە دەكرێت ببێتە كادیرێكی ئاسایی، هەرچەند حزبی سیاسی بایەخ بە كادیری ڕاستەقینەی خۆی بدات حزبەكە زیاتر گەشە دەكات و بەهێز تر دەبێت، لەبەر ئەوەی كادیری ڕاستەقینە خۆی بە خەمخوری حزبەكەی دەزانێت تاكە ئامانجی خزمەتكردنی ستراتیژ و بەرنامەی حزبەكەی خۆیەتی.
لێرەدا گرنگە ئاماژە بە چەند خەسڵەتێكی یاخود هەندێك لەو تایبەتمەندییانە بكەم كە دەبێ لە كادیری حزبدا بەرجەستە بن یاخود باشتر بڵێم بوونیان هەبێت لەوانە:
بۆ ئەوەی بتوانین كادیری حزبی بە كادیرێكی ڕاستەقینە لە قەڵەم بدەین، كادیری حزب دەبێ گرێدراو بێت بە بیروباوەكەی و كارو چاڵاكی حزبی بە تەواوی و، پێویستە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ جەماوەردا هەبێت.
هەروەها خاوەن هەڵوێست بێت و توانای وەرگرتنی بڕیاری یەكلاكەرەوەی هەبێت لە هەمبەر پێشهاتە لەناكاوەكاندا. زەرورە كادیری حزب لە هەست و سوزی جەماوەر و داخوازییەكانیان تێبگات و بزانێت ماف و داخوازییەكانی خەڵك چین تاوەكو بتوانێت زۆر بە باشی كاریان لەسەر بكات.
ئەركەكانی كادیری حزب زۆرن لێرەدا تیشك دەخەینە سەر چەند ئەركێكی دیاریكراوی كادیری حزب:
ــ یەكێك لەو ئەركانە بریتییە لە داڕشتنی بڕیارەكان و جێبەجێكردنیان بە شێوازێكی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ.
ــ هەروەها كادیری حزب چاودێری چاڵاكییە حزبییەكان لە بواری ڕۆشنبیری، ڕێكخستن، كاری جەماوەری و كاری نێوان ڕێكخراوەكان لەسەر شانیەتی.
ــ پێویستە كادیری حزب هەموو ئەو ڕاپورتانە ئامادە بكات كە حزبەكەی پێویستییان پێیەتی.
ــ بەردەوام ئاگاداری ڕەوشی جەماوەر بێت و هەست و سوزی جەماوەر بزانێت و هەموو ئەو لایەنانەی كە كاریگەریان هەیە لە نێو جەماوەردا بەشێوەیەكی ورد تاكو بتوانێت بڕیارێكی پێویست و تەندروست دابرێژێت لەم ڕوانگەیەوە.
ــ ئەركی تری كادری حزب ئەوەیە كە دەبێ پارێزگاری لە پرەنسیپەكانی حزب بكات لە لادان و گشت بۆچوونە نامۆكان و چاودێری بڕیارەكانی كۆنگرە بكات و بە شێوەیەكی لۆژیكی و ئەقڵانی بیخاتە بواری پڕاكتیكییەوە.
كەواتە لە دوماھی باسەكەمدا، دەبێ درك بەوە بكەین كە كادیرانی حزب ئەركێكی زۆر قوڕسیان لەسەر شانە جا لە هەر ئاستێك و پلە و پایەیەكی حزبی دابن، گرنگ ئەوەیە هەموویان بێ جیاوازی لە چوارچێوەی پلان و ستڕاتیژی حزبدا وەك یەك تیم كار بكەن، ئەویش بە شێوەیەكی سیستماتیك و هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوە بێت حزب و جەماوەر لەیەكتر نزیك بكەنەوە و، متمانەی جەماوەری بە بیروباورەكەیانەوە بەهێز بكەن، چونكە ئەوەی لە دواجاردا بڕیار لەسەر چارەنووسی حزبەكان دەدات هێزی جەماوەرە.