براندی هەناری كوردستان و دەستپێكی هەنگاوەكانی بەهاناوەچوونی جووتیاران

براندی هەناری كوردستان و دەستپێكی هەنگاوەكانی بەهاناوەچوونی جووتیاران

 

 

«بەڵێنەكەی خۆمان بەجێ گەیاند». ئەمە تەنیا پۆستێكی ئاسایی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سۆشیال میدیا نەبوو، بەڵكو پەیامێكی گرنگی دەوڵەتمەدارێكی سەركەوتووە لە ناو ڕۆژە سەختەكانی تێپەڕبوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، كە بەردەوام مژدە بە گەلەكەی دەدات و بە كردار جێبەجێی دەكات.

 سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دەستپێكی كابینە وەزارییەكەیدا و لە كارنامەكەیدا بەڵێنی بە جووتیاران دا، كەرتی كشتوكاڵ ببووژێنێتەوە. تەنانەت قەیرانی دابەزینی بەهای نەوت و قەرزاری و بڕینی بودجە و وشكەساڵی، لەم ئەركە پیرۆزەیدا ڕێگەی لێ نەگرت، بە ئیرادەیەكی پۆڵایینەوە كاری بۆ فرەچەشنكردنی ئابووری و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی ناسەقامگیری نەوت و گاز كرد، بەردی بناغەی ناوچە پیشەسازییەكانی دانا و چەندین كارگە و كارخانەی پیشەسازیی خۆراكی كردەوە و، گرفتی ئەمباركردنی گەنمی جووتیاران و پێدانی شایستە داراییەكانی چارەسەر كرد، ئەمڕۆش لە هەنگاوێكی بێ وێنەیدا دەوڵەتمەدار توێژێكی گرنگی ناو كۆمەڵگەی بەسەر كردەوە و بەرهەم و ڕەنج و ماندوبوونی جووتیارانی باخەكانی هەناری كوردستانی گەیاندە وڵاتانی ئیمارات و قەتەر و كوەیت. لە هەڵەبجە و زاخۆ و ناحیەی هەنارە لە هەولێر بە سەدان باخی جووتیارانی هەنار و میوەكانی دیكە هەن، هەنار دەستپێكێكە بۆ هەناردەكردنی بەرهەمەكانی دیكەی میوەجات، بەتایبەتی هەنجیر و ترێ و هەرمێ.

ئێمە وەكو پەرلەمانتار و نوێنەری خەڵكی كوردستان بەردەوام داواكاری و ڕەخنە و پێشنیارمان هەبووە، بەڵام ئەركی قورسی جێبەجێكردن و چارەسەركردن و بەهاناوەچوونی داواكارییەكانی خەڵكی كەوتووەتە ئەستۆی سەرۆك وەزیران و كابینەكەی، بۆیە بە هەنگاوە سەركەوتووەكانی دڵخۆش دەبین، ناردنە دەرەوەی 500 تۆن هەناری هەڵەبجە و زاخۆ، ناساندنی براندێكی كوردستانە لە بازاڕە پێشكەوتووەكانی دنیای دەرەوە و دۆزینەوەی بازاڕە بۆ سەدان جووتیار و خانەوادەی كوردستان، ئەوەش كارێكی كەم نییە. بۆ نموونە لە زاخۆی دەلال تەنیا لە گوندی ئەرمشێ 127 باخی هەنار هەیە و زیاتر لە 100 جووتیاری كورد و خانەوادەكانیان لەم باخانەدا كار دەكەن، بە تەئكید دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی هەنارەكانیان موژدەیەكی خۆشە بۆ ساخكردنەوەی هەنارەكانیان و دانەبەزینی نرخەكەی لە بازاڕەكانی ناوخۆی كوردستاندا، بەتایبەتی لە مانگەكانی ئەیلوول و كانوونی یەكەم، خۆ بۆ جووتیارە خۆشەویستەكانی هەڵەبجەش كە لەو پارێزگایەدا زیاتر لە نۆ هەزار دۆنم زەوی بە هەنار چێنراون و زیاتر لە 35 هەزار تۆن بەرهەمیان هەیە، ئەمەش جێگای دڵخۆشییە.

ئەم هەنگاوە نوێیەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەردانیكردنی بازاڕەكانی ناوخۆی كوردستان و كڕینی بەرهەمی جووتیاران، سەرەتایەكی نوێیە بۆ بەپیرۆزكردنی بەرهەمی ناوخۆیی و هاندانی گەلەكەیەتی بۆ پشتگیریكردنی بەرهەمی ناوخۆیی و بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ، بۆ ئەوەی ئەم كەرتە ببێتەوە بە كەرتێكی خۆبژێوی، هەروەكو چۆن لە بەرهەمی گۆشتی مریشك و هێلكەدا هەرێمی كوردستان گەیشتە قۆناغی خۆبژێوی.

ڕاستە لە هەرێمی كوردستان زۆرترین داهات لە كەرتی نەوت و گازەوە دێت و لەم كەرتەشدا هەنگاوەكانی دامەزراندنی پاڵاوتگە و پیشەسازیی نەوتی دەستی پێ كردووە، بەڵام بەو پێیەی كوردستان ژینگەیەكی لەباری هەیە بۆ بووژانەوەی كشتوكاڵ و زۆرترین هەلی كار لەكەرتی كشتوكاڵدایە، سەرۆك وەزیران لە كارنامەی كابینەكەیدا و لە ڕووی كرداریشەوە هەنگاوی گەورەی ناوە لە بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و دامەزراندنی چەندین بەنداو و سایلۆ و ناوچەی پیشەسازی و دروستكردنی ڕێگەوبانی خێرا، بۆ گەیاندن و ساخكردنەوەی بەرهەمی جووتیاران و ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان و ڕێگرتن لە كۆچی گوندنشینەكان بۆ ناو شارە گەورەكان .گەشەكردنی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و بازرگانی زنجیرەیەك كاری بەیەكەوە بەستراون و تەواوكاری یەكترن، ناكرێت بەبێ یەكێكیان هەنگاوەكانمان سەركەوتوو بن.

 كاتی ئەوە هاتووە ململانێ حزبییەكان لە پێناو پۆست و بەرژەوەندیدا بەكۆتا بێت، كە زۆربەی جار حزبە كوردستانییەكان لەسەر حیسابی حكومەتی هەرێمی كوردستان و گەنجینە و داهاتی خەڵك یەكلایی دەكەنەوە، دەبێت ئەو سیاسەتە بگۆڕین بۆ خەمخۆری و پاڵپشتی و كارئاسانی بۆ چین و توێژەكان و بووژانەوەی كەرتە ئابوورییەكان و دۆزینەوەی زۆرترین هەلی كار، جووتیارانی كوردستان كەسانێكیان دەوێت تەنیا لەسەر شاشەی تیڤییەكانەوە دروشم و قسەی بێ بنەما نەڵێن، بەڵكو ڕەخنە و گلەیی و داواكارییەكانیشیان لە پێناو ڕاستكردنەوەی پەیكەری ئابووریی هەرێمی كوردستان بێت و، مەبەست و مەرامی نهێنی لە پێشت پێشنیار و داواكارییەكانیانەوە نەبێت. ئەمڕۆ خەڵكی بەگشتی و چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان فریو نادرێن و باش دەزانن حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی لەپێناو بەهێزكردنی كیان و پاراستنی كەرامەتی ئەوان و باروبژێوی ژیانیاندایە، بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ ئەركێكی ئاسان نییە و بڕیاری بوێرانە و پاڵپشتیی خەڵكی دەوێت.

لێرەدا چەند پێشنیارێك دەخەمە ڕوو بۆ پاڵپشتیكردنی هەنگاوەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەم و بەروبوومی جووتیارانی كوردستان، بەو ئومێدەی كەسانی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری كوردستان هەر یەكەو لەلایەن خۆیەوە دڵسۆزانە پاڵپشتی ئەم هەنگاوانە بن:

1. پاڵپشتیكردنی فرەچەشنكردنی ئابووری و بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ لە ڕێگەی كڕینی بەرهەمی خۆماڵی و دۆزینەوەی بازاڕەوە.

2. كەرتی بازرگانی كارئاسانی بۆ گواستنەوە و ڕێكخستنەوەی هەناردە و هێنراوەكان بكات، ئەمەش بە زیادكردن و ڕێكخستن و دووسایتكردنی ڕێگەوبانەكانی دەرەوەی شار و هەنگاونان بەرەو جێبەجێكردنی پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەڕ.

3. گرنگیدانی زیاتر بە پڕۆژەكانی بەنداو و ئاودێری، بەتایبەتی لە دەشتە بەپیتەكانی كوردستان و قەدباڵی چیاكان، چونكە زۆربەی باخەكانی كوردستان ئاوی سازگاری زۆریان پێویستە.

4. دامەزراندنی كارگەی پیشەسازیی خۆراكی لە قوتوبەند و شەربەت و سركە و دۆشاو و كارگەكانی دیكە لە نزیك باخەكانەوە.

5. ناردنە دەرەوە و بەشداریكردنی جووتیاری نموونەیی كورد لە پێشانگاكانی عێراق و ناوچەكە و وڵاتانی كەنداو و جیهان، بە بەروبوومی تایبەتی خۆیەوە.

6. كاربكرێت بۆ ئەوەی جووتیاری كوردستان ببێتە خاوەنی براندی تایبەتیی خۆی و هاوكاری بكرێت بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتی بەرهەمەكەی، ئەم خاڵە گرنگیی خۆی هەیە و هەمووان دەزانین كاتێك بۆ نموونە بەرهەمێكی متمانەپێكراو دەبینین، ڕاستەوخۆ دەیكڕین، چونكە بووەتە جێگای متمانە و كوالێتی بەرز و براندی جیهانی.

7. فرۆشیار و بەقاڵی كورد لە دانانی بەرهەمە خۆماڵییەكان ڕەچاوی باشی و كوالێتی ناكەن، لەكاتێكدا لە تەنیشت ئەو بەرهەمەوە، بەرهەمی توركی و ئێرانی بە پاكوخاوێنی و كوالێتی بەرز دانراوە، بۆیە دەبێت تیمەكانی چاودێری ڕێگە نەدەن بەم شێوەیە بەرهەمی خۆماڵی بفرۆشرێت و ناشیرین بكرێن لەبەرچاوی كڕیار، لە كاتێكدا لە ڕووی دەوڵەمەندییەوە بەرهەمی خۆماڵی زۆر بەتامتر و دەوڵەمەندترە.

8. هەموو سوپەرماركێت و ماركێتە گەورەكان هان بدرێن بەرهەمی خۆماڵی دابنێن و ڕێكلامی بۆ بكەن و، كەسێك دابنێن بۆ ڕاكێشان و قسەكردن لەگەڵ كڕیار بۆ ناساندنی بەرهەمی خۆماڵی و پێدانی گەرەنتی.

9. دانانی كۆگای ساردكەرەوەی گەورە بۆ دابەشكردنی بەرهەمی جووتیاران لە مانگەكانی ساڵدا.

10. كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا دەبێت ڕۆڵێكی زیاتر بۆ ناساندنی بەرهەمی خۆماڵی (بێ بەرامبەر، یان بەپارەیەكی زۆر كەم) ببینن.

11. پێویستە وەبەرهێنەرانی بیانی، بەتایبەتی ئەو گەورە كۆمپانیا خۆراكییانەی كە بە ماركە و براندی جیهانی بەناوبانگن، هان بدرێن ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، چونكە خۆیان بەرهەمەكان دەنێرنەوە بازاڕەكانی وڵاتانی خۆیان، بەتایبەتی بازاڕە گەورە و دەوڵەمەندەكانی ئەوروپا، كە نرخ و بەهای بەرهەم ە كشتوكاڵییەكان تێیدا زۆر بەرزە.

ئەمە و چەندین بۆچوون و پێشنیاری دیكە، لە چاوەڕوانی جێبەجێكردنن لەلایەن ئەو كەس و بەرپرس و سەركردە دەوڵەتمەدارانەوە، كە بەردەوام بەڵێنەكانیان دەكەنە ڕەفتار و لە ڕووی كردارەوە هەنگاوی كاریگەر و بەهێز لەپێناو گەلەكەیان دەنێن و، ئابووریی هەرێمی كوردستان لە بەهەڵەبردن دەپارێزن و ستراتیژیەت و پلان و بەرنامەكانیان مۆركێكی زانستی و نیشتمانپەروەریی پێوە دیارە.

 

 

 

گوڵیزار ڕەشید سندی

 

جێگری سەرۆكی لێژنەی سامانە سرووشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی كوردستان

Top