سیاسه‌تێكی‌ راستی‌ نیشتیمانیانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و تۆمه‌تبه‌خشینه‌وه‌و ‌چه‌واشه‌كاریی نیه‌

سیاسه‌تێكی‌ راستی‌ نیشتیمانیانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و تۆمه‌تبه‌خشینه‌وه‌و ‌چه‌واشه‌كاریی نیه‌

احمد گلی

له‌ ئه‌مڕۆی‌ دنیای‌ ماف پارێزی‌ و دیموكراتی‌ و جیهانگیریدا, ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت به‌ ده‌ریایه‌كی‌ فراوان و قوڵ به‌راورد بكرێت، ئه‌وا كاره‌كته‌ره‌كانی‌ ده‌بێت به‌ شاره‌زای‌ و كارامه‌یی‌ و زانیاریه‌وه‌ مه‌له‌ی‌ تیادابكه‌ن، سیاسه‌تی‌ دروستیش هه‌ست كردنه‌ به‌ لێپرسراوێتی‌ كه ‌له‌ رێگه‌ی‌ چه‌مكی‌ هاوڵاتیبون و بنیاتنانی‌ ئێستاو ئاینده‌وه‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ بكات، سیاسه‌تێكی‌ راستی‌ نیشتیمانیانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و تۆمه‌تبه‌خشینه‌وه‌و ‌چه‌واشه‌كاریی ودرۆی شاخدارنیه‌ كه‌ له‌ ئێستادا سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌ستیان داوه‌تێ و بەراست و چەپیانە دەحەپێنن؟!
به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كی‌ بابه‌تیانه‌ و به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ناكۆكیه‌كانی‌ نێوان هێزه‌ جیاوازه‌كان ده‌سنیشان ده‌كرێت‌ و كاری ‌پێكه‌وەیی‌ له‌سه‌ر ده‌كرێت.

كاره‌كته‌ری‌ سیاسی ‌ پێویسته‌ ئه‌وە بزانێت كه‌ ، توڕه‌یی‌ و سه‌پاندنی‌ بیروبۆچوونه‌ هەڵەكانی‌ و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ چه‌مكه‌كانی‌ "دیموكراتی‌ و ئازادی‌ و دادپه‌روه‌ری"‌ و دارشتنی پیلانی دیكه‌ بۆ خۆپاككردنه‌وه‌ لە خیانەت و خۆفرۆشیه‌كانی رابردوو و دروستكردنی ئاژاوەگێری‌ و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ چه‌مكه‌كانی‌ پێكه‌وه‌یی‌ و قبوڵ نه‌كردنی‌ ره‌خنه‌و سه‌پاندنی‌ دۆخه‌كانی‌ قه‌یران و قۆرخكاری‌، له‌لای‌ هه‌مووان نابێته‌ خاوه‌ن هه‌یبه‌ت و شكۆمه‌ندی‌.

یه‌كێتی له‌ئێستادا به‌ تێکه‌ڵ كردنی‌ چه‌مكه‌ دژبه‌یه‌كه‌كان و هێنانه‌كایه‌ی‌ چه‌واشه‌كاریه‌كان وه‌ك ئه‌و نه‌زانه‌یان لێهاتووه‌ كه‌ به‌ردی‌ گه‌وره‌ ده‌خه‌نه‌ گۆمه‌وه‌، یان ئه‌و قاوه‌گره‌وانه‌ی رۆژانه‌ به‌خه‌ونی شێواندنی نێو ماڵی‌ كوردین, یاخود ئه‌و سیاسیانه‌ی‌ گیریان خواردوه‌ به‌ده‌ست ناسیاسیه‌وه‌!!!

هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌یه‌ك ریزی یه‌ك ده‌نگیه‌, بێده‌نگی سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌پایی تۆمه‌ت و چه‌شه‌كاریه‌كانی پاڤێڵ و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی, ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ڕاستن, به‌ڵكو له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و تێكنه‌چوونی ئه‌م ئه‌زموونه‌یه‌ كه‌خه‌ونی له‌مێژیینه‌ی كورده‌‌.

Top