ڕێگریکردن لە 18 حاڵەتی هەوڵی کۆچكردنی نایاسایی لە تونس

ڕێگریکردن لە 18 حاڵەتی هەوڵی کۆچكردنی نایاسایی لە تونس

 

 

دوابەدوای ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە ئەمنییەکانی تونس لە ناوچە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست، ڕێگری لە ١٨ حاڵەتی هەوڵی کۆچكردنی نایاسایی کرا و ٣١٠ کۆچبەریش دەستگیرکران.

لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە ئەمنییەکان لە دژی کۆچی نایاسایی لەم وڵاتە، حسام الدین ئەلجەبالی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پاسەوانی نیشتمانی تونس ڕایگەیاند، ڕێگری لە 18 حاڵەتی هەوڵی کۆچكردنی نایاسایی لە ناوچە کەناراوەکانی... "المناستیر" و "نابل" لە دەریای ناوەڕاستداكراوە.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەی شەوی ڕابردوودا ٣١٠ کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکراون كە ٩٢ کەسیان بەڕەچەڵەک ئەفریقین و ئەوانی دیکەش تونسین. هەروەها ٦٩ کۆچبەری نایاسایی لە خنکان رزگارکران.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی تونس لە ساڵی 2021، نزیکەی 20 هەزار و 616 کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکراون کە 10 هەزار و 371 کۆچبەری بیانی و بە شێوەیەکی سەرەکی لە وڵاتانی ژێر بیابانی ئەفریقیاوە هاتوون.

وڵاتانی باکووری ئەفریقیا وەک تونس و لیبیا وەک خاڵی ڕۆیشتن بۆ ئەو کۆچبەرانە دادەنرێت کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی نایاسایی لە دەریای ناوەڕاستەوە بگەنە ئەوروپا.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top