سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی نەخۆشخانەی بەحرکە لە هەولێر بەخۆڕایین

سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی نەخۆشخانەی بەحرکە لە هەولێر بەخۆڕایین

 گرنگیدان بە کەرتی تەندروستی و دروستکردنی نەخۆشخانەی مۆدێرن، یەکێکە لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی خۆڕایی بۆ نەخۆشان و هاووڵاتییان.

نەخۆشخانەی بەحرکە بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان لە هەولێر، یەکێکی دیکەیە لەو نەخۆشخانانەی حکومەت، کە سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی بەخۆڕایین و لەسەر ڕووبەرى ١٥ هەزار مەتر دووجا، بە گوژمەی چوار ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دینار، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە.

دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر، ڕایگەیاند: "نەخۆشخانەکە لە ٣٨ تەختی نووستن پێکهاتووە، ٣٠ تەختیان لە ژووری جیاجیان و بەپێی ستانداردی جیهانی، تەواوی کەلوپەلی پێویستیان بۆ دابیندەکرێت. ئەمە جگە لەوەی کە هۆڵێکی چاودێری چڕیی تێدایە کە ٨ تەختی نووستنی لەخۆگرتووە".

لەبارەی گرنگیی نەخۆشخانەکەوە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر، ئەوەشی گوت:''ئەو نەخۆشخانەیە سوودێکی زۆری تەندروستی بۆ تەواوی هاووڵاتییانی سنوورەکە دەبێت و نەخۆشەکان کە تووشی نەخۆشیی گوازراوە دەبن، دەتوانین سوودی لێ وەربگرن".

حکومەتی هەرێمی کوردستان، جگە لە دابینکردنی زەویی بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەکە، لەرێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە، کەلوپەل و دکتۆر و کارمەندی پێویستیش بۆ نەخۆشخانەکە دابین دەکات و لە کۆتایی ئەمساڵ دەخرێتە خزمەت هاووڵاتییان.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٢٥ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢

Top