هیندستان: شەڕ لەگەڵ ئۆکرانیا لە بەرژەوەندی کەسدا نییە
سوبرامانیام جایشانکار، وەزیری دەرەوەی هیندستان دوای کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا رایگەیاند: شەڕ لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە بەرژەوەندی کەسدا نییە.
وەزیری دەرەوەی هیندستان لەکاتی هەڵسەنگاندنی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕایگەیاند: ئێمە بە ڕوونی دژی ئەو ململانێیە بووین لە ئۆکرانیا.
ئەم ململانێیە خزمەت بە بەرژەوەندی کەس ناکات. نە بۆ لایەنەکانی شەڕ و نە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. دەبینین كە جەنگ چەندە کاریگەریی لەسەر وڵاتانی کەم داهات هەبووە و ئەو تەحەددایانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لە ڕووی سووتەمەنی و خۆراک.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا وڵاتەکەی پاڵپشتی ئەو کارەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لە ئیدانەکردنی لکاندنی چوار ناوچەی ئۆکرانیا لەلایەن مۆسکۆوە، گوتی: لەڕووی وریایی و سیاسەتەوە پێشبینی خۆمان ڕاناگەیەنین.
جایشانکار ئاماژەی بەوەشدا، کە پەیوەندییەکانی هیندستان لەگەڵ ڕووسیا بەدڵنیاییەوە لە بەرژەوەندی وڵاتەکەیدایە.
گوتیشی: نارندرا مودی سەرۆکوەزیرانی هیندستان بە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیای ڕاگەیاندووە، كە ئێستا کاتی شەڕ نییە.
هەردوو وەزیر رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە ناکۆکی لەسەر رووسیا لە گفتوگۆی ئەمنی چوارقۆڵیدا چارەسەر بکرێت کە بریتییە لە؛ ئەمریکا و هیندستان و ژاپۆن و ئوسترالیا.
گوڵان: سەردار خەلیل