سەرۆک بارزانی بەشداری لە فێستیڤاڵی ڕۆشنبیری دھۆک دەکات

سەرۆک بارزانی بەشداری لە فێستیڤاڵی ڕۆشنبیری دھۆک دەکات

ڕۆژی یەکشەممە 25ـی ئەیلوولی 2022 سەرۆک مسعود بارزانی لە پارێزگای دھۆک بەشداری فێستیڤاڵی ڕۆشنبیری لە دھۆک کرد، لە فێستیڤاڵەکەدا کە بە بەشداری نوسەران و ڕۆشنبیران بەڕێوەچوو، سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەشی ئامادەبووانی فێستیڤاڵەکە کرد.
ئەمەش دەقی وتاری سەرۆک بارزانییە لە فێستیڤاڵی یەکێتی نوسەرانی کورد لە دھۆک:
بەناوی خودای گەورەو میھرەبان
خوشک و برایانی بەڕێز...
لەسەرەتا دەمەوێت سوپاسی یەکێتی نوسەرانی کورد لە دھۆک بکەم بۆ رێکخستنی ئەو فێستیڤاڵە و ھەروەھا بانگھێشتکردنم بۆ بەشدارییم لەو فێستیڤاڵە کە بۆمن جێگای خۆشحاڵیەکی زۆرە.
بەخێرھاتنی ھەموو ئەو خوشک و برایانە دەکەم کە لە پارچەکانی تری کوردستان و دەرەوە ھاتوون، بەخێرھاتنی برایانی عەرەبیش دەکەم کە بەشدارن لێرە لەم فێستیڤاڵەدا.
من دەمەوێت لە سەرەتادا وەڵامی کاک حەسەن بدەمەوە،
پشتڕاستبن ئەوەی لە دەستمان بێت پشتیوانی ئێوە دەکەین و بەردەوام دەبین.
خوشک برایانی بەرێز...
مێژووی گەلی ئێمە مێژوویەکی پرە لە شانازی و سەرفرازی، لەھەمانکاتدا مێژوویەکە پڕە لە ئێش و ئازار، پێش ئێستا شەڕی کە لەگەڵ میللەتی ئێمە دەکرا ئاشکرابوو فرۆکەبوون، دەبابە بوون تەیارە و تۆپ لەشکربوون کە دەھاتنە سەر کوردستان ، پێشمەرگەی قەھرەمان بە پشتیوانی میللەتی خۆڕاگر، سەرکەوتنی مەزن بەدەست ھاتن، ئەمرۆ ئەو شەڕە بە شێوەیەکی تر بەردەوامە، باری گران لەسەر شانی ئێوەیە نوسەر و ڕۆشنبیران.
ئەمڕۆ دەیانەوێ ئەو ئیڕادەیە بشکێنن، ئەو ئیرادەیەی کە پێشمەرگەیەک بە تاپڕ شەری تەیارەی دەکرد، ترسناکترین ھێرشی ئەمرۆ لەسەر سەری ئێمە ئەوەیە کە دەیانەوێ ئیرادەمان بشکێنن، کەلتوری ئێمە بسوتێنن، باوەڕی بەخۆ بوون نەمێنێ، کاتێک تاکی کورد باوەڕی بەخۆی نەما خۆی بە کەم زانی بەرامبەر خەڵکی تر ، ئەوە مردنە.
وە لە هەمان کاتیشدا نابێ ئێمە فەرھەنگی پێکەوەژیان و یەکتر قەبووڵکردن و ڕێز لەیەکترگرتن ھیچ کاتێک لەبیر بکەین ، ئەوە سەروەت و سامانێکن کە زۆر بە نرخ و بەھان، زۆریش قەدری بە گەلی ئێمە داوە لە دەرەوە ، نە خۆتان بە مەزنتر لە کەس بزانن، نە خۆشتان بە بچوکتر و کەمتر لە کەس بزانن ، ئێمە لە کەس کەمتر نین.
ئەو ھێرشە بەردەوامە زۆر بەداخەوە لەناوخۆشدا چاوساخی بۆ دەکەن، بۆیە چۆن پێشمەرگە شەڕی دوژمنی گەلی کوردی کرد، مەجبوری کردن دانبنێن بە بوونی کورد و ناچاری کردن دانبنێن بە مافی گەلی کورد، ئەمڕۆ مەیدانی شەر زیاتر لەسەر ملی ئێوەیە، شەڕی گران لەسەر ملی ئێوەیە، باوەڕم وایە ئێوە ئەوکاتیش سەرکەوتنی گەورە بەدەست دەھێنن و پیلانی ناحەز و دوژمنان پوچەڵ دەکەنەوە ، چونکە بە ڕاستی زۆر نەخۆشە کاتێک دەبینن ھەندێک خۆیان بە ڕۆشنبیر بزانن چاوساغی بۆ دوژمنی گەلی خۆیان بکەن، بێن کەلتوری ئێوەو مێژووی ئێوە خەباتی پێشمەرگەو خوێنی شەھیدان ھەمووی بزر بکەن و ھەرزان بکەن، نوسەران و ڕۆشنبیران تکاتان لێدەکەم ئەو مەیدانە چۆڵ نەکەن بۆ خۆفرۆشان و دوژمن و ناحەزان.
ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە، من ھیچ قسەی دیکەم نییە ئەمڕۆ بڵێم جگە لەوەی دەڵێم دەست و چاوی ئەوانە ماچ دەکەم کە خۆیان نەچەماند و خۆناچەمینن، میللەتی ئێمە قوربانیەکی زۆری داوە، ئێمە خوێنێکی زۆرمان داوە، شەھیدی ئێمە زۆر بە قەدرن ،خوێنیان زۆر بەقەدرە، نابێ ئێمە ڕێگا بدەین دوژمن و ناحەزانی ئێمە دڵیان بەوە خۆشبکەن ئەمڕۆ بڵێن "ئیرادەی ئێوەمان شکاند" چونکە ئەگەر ئیرادەی ئێمە شکا، ئێمە هیچ قەدر و بەھایەکمان نامێنێ و ئەو دەستکەوتانەی ھەن ئەویش لە دەست دەچن.

Top