كارامه‌ییه‌كانى به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌

كارامه‌ییه‌كانى به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌

ئیمپراتۆر و سه‌ركرده‌ى سه‌ربازی و سیاسی فه‌ره‌نسی (ناپلیۆن پۆناپارت) ده‌لێ" سوپایه‌ك له‌ بزنه‌ كێوی شێرێك سه‌ركردایه‌تیان بكات باشتره‌، له‌ سوپایه‌ك له‌ شێر و بزنه‌ كێوییه‌ك سه‌ركردایه‌تیان بكات".
به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌ كه‌سى یه‌كه‌مى قوتابخانه‌یه‌ وه‌كو سه‌ركرده‌ى په‌روه‌رده‌یی به‌رپرسیار له‌ كۆى گشتی پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌ قوتابخانه‌دا و له‌ هه‌مان كاتیشدا وه‌كو نموونه‌یه‌كى هه‌ره‌ به‌رزی قوتابیان و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران ده‌ناسێندرێت، خۆی له‌ خۆیدا به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌ ده‌بێ به‌ مانای ووشه‌ سه‌ركرده‌ بێ و بتوانێ ئامانجه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان به‌دی بهێنێت.
گومانى تێدانییه‌ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تى به‌رێوه‌به‌ر له‌ قۆناغه‌كانى پێشوودا له‌گه‌ڵ ئێستا زۆر جیاوازه‌ و كۆمه‌لێ كارامه‌یی كارگێڕى زه‌روو هه‌یه‌، پێویسته‌ به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌ پراكتیزه‌یان بكات به‌ شێوه‌ى كرداری له‌ ناو قوتابخانه‌دا تاوه‌كو بتوانێ ئامانجه‌ مه‌به‌ست داره‌كانى كۆى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن به‌ده‌ست بهێنێ به‌ شێوه‌یه‌كى گونجاو و ویستراو، بۆیه‌ گرنگترین كارامه‌یی كه‌ ده‌بێ به‌رێوه‌به‌ر پراكتیزه‌ى بكات كارامه‌یی مرۆڤایه‌تییه‌ كه‌ زۆر سه‌ركه‌وتوانه‌ ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و قوتابیان و كه‌س وكاری قوتابیان بكات، له‌ ئه‌نجامى هه‌ڵسوكه‌وتی باش و ئه‌رێنى و سه‌ركه‌وتووی به‌رێوه‌به‌ر له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ى باسمان كرد ویان لێ ده‌كات هاوكار و یارمه‌تیده‌ر و هه‌ماهه‌نگی كاری به‌رێوه‌به‌ر بن و دڵسۆز بن له‌ كاره‌كانیان و خۆیان به‌ خاوه‌نى كۆى گشتی پرۆسه‌كه‌ بزانن و زۆرترین و باشترین خزمه‌ت بكه‌ن، به‌وپه‌رى تواناكانیانه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن زۆرترین به‌خشه‌ر و به‌رهه‌میان هه‌بێت.
بێگومان ئه‌وه‌ش له‌ ئه‌نجامى ڕێزگرتن و هه‌بوونى په‌یوه‌ندییه‌كى باشی باوك و برا و دایك و خوشكایه‌تى به‌رێوه‌به‌ره‌ بۆ مامۆستا و قوتابیان و فه‌رمانبه‌ره‌كانى قوتابخانه‌كه‌ وایان لێ ده‌كات به‌وپه‌رى خۆشه‌ویستی و خواست و جۆش و خرۆش و په‌رۆشیه‌وه‌ پاڵنه‌ری به‌هێز بن بۆ ئیش كردن و داهێنان و سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌كه‌، كه‌ بێگومان هه‌میشه‌ وه‌ك یه‌ك خێزان ده‌رده‌كه‌ون له‌ قوتابخانه‌كه‌دا.
جودا له‌وه‌ش كارامه‌یی پێشبینی كردن و وێناكردن گرنگه‌ له‌ خودی به‌رێوه‌به‌ر بوونى هه‌بێت، ئه‌ویش توانایی به‌رێوه‌به‌ر نیشان ده‌دات له‌ سه‌ر دێهانان و هێنانه‌ كایه‌ی بیرو هزری نوێی بۆ چۆنیه‌تى به‌ره‌وپێشچوونى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن، چونكه‌ گرنگه‌ به‌رێوه‌به‌ر هه‌میشه‌ بیر و هزری نوێی لاى گه‌لاله‌ بێت له‌ سه‌ر زه‌وی بیانكاته‌ كردار و له‌ هه‌مان كاتیشدا چاره‌سه‌ری گونجاوی به‌رده‌وامى لا هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى گیروگرفته‌كانى دێته‌ پێش پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌ قوتابخانه‌ دا. كه‌ خۆى له‌ خۆیدا كارامه‌ییه‌كی زه‌روره‌ بۆ سه‌ركه‌وتن و دانانى پلان و به‌رنامه‌ى چۆنیه‌تى ئیش كردن و داهێنان له‌ قوتابخانه‌دا.
جودا له‌وانه‌ش به‌رێوه‌به‌ر نابێ دامالڕاوبێت له‌ هه‌بوونى كارامه‌یی هونه‌ری و كارگێڕى كه‌ ئه‌وه‌یان پێاوی كارگێڕیی نیشان ده‌دات تا چه‌ند سه‌ركه‌وتووه‌ له‌ پراكتیزه‌ و جێ به‌جێ كردنى هه‌نگاوه‌كان، هه‌بوونى زانیاری پێویست و به‌رده‌وام بۆ به‌ره‌وپێش بردنى كاره‌كه‌ى. بێ شك پێویسته‌ هه‌موو سه‌ركرده‌یه‌كى په‌روه‌رده‌یی بۆ ئه‌وه‌ى بتوانى سه‌ركردایه‌تى قوتابخانه‌ بكات له‌ سه‌رپه‌رشتى كردنى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن سه‌ركه‌وتووانه‌ به‌رێوه‌یان ببات ده‌بێ كارامه‌ییه‌ زه‌روره‌كانى تیایدا به‌رجه‌سته‌ بێت و له‌ ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وت و گوفتار و كرداری ڕه‌نگ بداته‌وه‌ و به‌ باشترین شێوه‌ پراكتیزه‌یان بكات له‌ ژیانى ڕۆژانه‌ى كار كردنی له‌ قوتابخانه‌دا، گۆڕانكاری و به‌ره‌وپێشچوونى پێویست و داواكراو به‌ده‌ست بێنى كه‌ خۆى له‌ خۆیدا له‌ ئه‌ركه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌یه‌.
به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی

Top