لەپەراوێزی ساڵیادی دامەزراندنیەوە یه‌كێتی زانایان په‌نجاو دوو ساڵ خزمه‌تی ئایین و نیشتمان

لەپەراوێزی ساڵیادی دامەزراندنیەوە یه‌كێتی زانایان په‌نجاو دوو ساڵ خزمه‌تی ئایین و نیشتمان

 

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئەو رێکخراوەی پێش 52 ساڵ وه‌ك ڕێكخراوێكی پیشه‌یی تایبه‌ت به‌ زانایانی ئایینی، له‌ 21/9/1970 به‌ ئاماده‌بوونی زانایانی كوردستان و سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی رابه‌ری نه‌ته‌وه‌یی مه‌لا مسته‌فای بارزانی دامه‌زراو، یه‌كه‌م كۆنگره‌ی خۆی له‌ گه‌ڵاڵه‌ی باڵه‌كایه‌تی به‌ست و، بووه‌ بناغه‌یه‌كی پته‌و بۆ مه‌یدان و هه‌یكه‌لی كاری رێكخراوه‌یی زانایانی ئایینی، كه‌ له‌و ساوه‌ تا ئێستا به‌ ئاراسته‌ی تێكۆشان له‌ پێناو ئایین‌و نه‌ته‌وه‌و نیشتمان خزمه‌ت ده‌كات.
ئامانجی سەرەکی و هەستی زانایان و دۆخی ئه‌وكات وای دەخواست ئه‌م رێكخراوه‌ دابمه‌زرێ‌، وە یه‌كێ له‌ ئامانجه‌ له‌ پێشه‌كانی ئه‌وه‌ بوو مافی زانایانی ئاینی پارێزراو بێ‌و کارو پیشەی مەلاتی لەکوردستان بە شێوەیەکی رێکوپێک بەرێوە بچێت و، رۆڵه‌كانی ئه‌م میلله‌تەش‌ له‌ سه‌ر رێڕه‌وی دینداری راسته‌قینه‌و هه‌ست و هه‌ڵوێستی نیشتمانپه‌روه‌ری گۆش بكات.
هه‌وڵی ئه‌م رێكخراوه‌ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و هێڕش و هه‌ڵمه‌ته‌ سه‌لبیانه‌ بووه‌، كه‌ مه‌ترسی له‌ سه‌ر بیرو باوه‌ڕی خه‌ڵكی كوردی موسڵمان هه‌بووه‌، خه‌می یه‌كریزی نێو ماڵی كوردو ته‌بایی نێوان لایه‌نه‌كان و هه‌ست كردن به‌ به‌رپرسیارێتی و په‌روه‌رده‌كردنی گه‌نجان له‌سه‌ر خۆشه‌ویسیتی نیشتمان و ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی‌و سه‌روه‌ربوونی یاسا به‌شێكی تری ئامانجه‌كانی بووه‌.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مێژوو، ده‌زانین كه‌ بزاڤی رۆشنبیری و هزری و خوێندن‌و خوێنده‌واری له‌ مزگه‌وت‌و له‌سه‌ر ده‌ستی مه‌لای كورد له‌ كوردستان سه‌ری هه‌ڵداو له‌و بواره‌دا مزگه‌وت تاكه‌ زانكۆ و ناوه‌ندی زانستی بوو، كه‌ به‌درێژایی مێژوو به‌تایبه‌ت له‌ چوار سه‌ده‌ی رابردوو بووه‌ سه‌رچاوه‌ی پێگه‌یاندنی سه‌دان كه‌ڵه‌ زانای گه‌وره‌و هه‌ر یه‌ك له‌وانیش بووه‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی دیار له‌ ئاسمانی كوردستان.
له‌و نێوه‌دا دامه‌زراندنی یه‌كێتی زانایان كه‌لێكی گه‌وره‌ی له‌ مه‌یدانی رێكخستنه‌وه‌ی هێزو ووزه‌ی زانایان و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی پڕ كرده‌وه‌و، كاریگه‌ری زۆری بۆ ئه‌و قۆناغ‌و ئێستاش هه‌بووه‌و هه‌یه‌، چونكه‌ وه‌ك ده‌سكه‌وتێكی پیشه‌یی و كلتووری له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا، بووه‌ سه‌كۆی ئاراسته‌ی ده‌سته‌جه‌معی زانایان له‌ئه‌دای خزمه‌ت و هه‌نگاونان بۆ به‌ره‌و پێشبردنی دین و ژینی كۆمه‌ڵگه‌.
یه‌كێتی زانایان دامه‌زراوه‌یه‌كی پیشه‌یی گه‌وره‌ی سه‌رتاسه‌ری كوردستانیه‌، به‌ شێوازی پیشه‌ییانه‌ی خۆی رۆڵی بینیوه‌، له‌ هۆشیاری ئایینی و هه‌ستی نیشتمانی و دروستكردنی چاكسازی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ تایبه‌ت له‌ قۆناغه‌ ناسك و هه‌ستیاره‌كان، كه‌ دوژمنان ویستوویانه‌ به‌ جۆره‌ها شێوه‌ جوانیه‌كانمان له‌به‌ین ببه‌ن.
یه‌كێتی زانایانی كه‌ خاوه‌نی مێژووێكی دورو درێژه‌و، له‌و ساته‌وه‌ تاكو ئێستا له‌ تێكۆشانی به‌ ر‌ده‌وام بووه‌ به‌مه‌به‌ستی خزمه‌ت كردنی مامۆستایانی ئاینی‌و داكۆكی كردن له‌ مافه‌كانیان و له‌ پێناوه‌شدا هه‌وڵی زۆری داوه‌و ناڕه‌حه‌تی زۆریشی بینیوه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ ڕووی ئاینییه‌وه‌ توانیویه‌تی كار بكات بۆ گه‌یاندن و پاراستنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ده‌رخستنی ڕووی جوانی ئه‌م دینه‌ بۆ موسڵمانان، له‌ ڕووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ توانیویه‌تی وه‌ك ڕێكخراوێكی چالاك هه‌وڵ بدات بۆ به‌ره‌و پێش بردنی ئه‌زمونی گه‌له‌كه‌مان و ده‌ورێكی چاك ببینێ له‌ هه‌موو كایه‌كانداو، له‌ چوارچێوه‌ی پیشه‌ییشدا توانیویه‌تی زۆربه‌ی زانایانی ئاینی له‌ ژێر چه‌تری ئه‌م ڕێكخراوه‌دا كۆ بكاته‌وه‌و به‌ گوێره‌ی توانا داكۆكیكار بێت له‌ مافه‌كانیان.
ئه‌م رێكخراوه‌ توانیویه‌تی له‌ زۆربه‌ی ڕوداوه‌كانی كوردستاندا ڕۆڵی خۆی به‌ جوانی‌و میانڕه‌وانه‌ ببینێ‌و ده‌وری ئیصلاح و هاوسه‌نگی و پاراستنی سه‌قامگیری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆرو توندڕه‌وی به‌ ئه‌ركی خۆی دابنێ‌ و، قسه‌ی خۆی هه‌بێ له‌ پرسه‌ گرنگ و چاره‌نووس سازه‌كانداو، ناساندنی ئه‌م گه‌له‌ به‌ گه‌لێكی موسڵمانی ڕاسته‌قینه‌و دڵسۆز به‌ هه‌موو جیهان، سه‌رباری ئه‌وه‌ی جێگای خۆی بكاته‌وه‌ له‌ دڵی زۆربه‌ی مامۆستایانی ئاینی.
هه‌وڵی داوه‌ ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ به‌ شێوازێكی ئامانجدارو دروست بڕوات و، له‌ لادان و سه‌رگه‌ردانی و پشێوی و هه‌ڵچوون و ناهه‌موارییه‌كان به‌دوور بێت، له‌هه‌مان كات په‌روه‌رده‌و ته‌بایی و رێزگرتن و مامه‌ڵه‌ی جوان و خۆشه‌ویستی و به‌هاو ره‌وشتی به‌رزو باڵا، بنه‌مای په‌روه‌رده‌ی تاك و پێكهێنانی خێزان و دروستكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ساغله‌م و بێ‌ كێشه‌ بێت، كه‌ تێیدا ره‌نگدانه‌وه‌ی لایه‌نه‌ ئه‌رێنیه‌كان به‌سه‌ر ته‌واوی كایه‌كانی ژیانه‌وه‌ دیارو كارا بێت، به‌ دیوێكی تر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌سایه‌ی هه‌ژموون و هه‌ڵوێستی میانڕه‌وانه‌ی زانایان قه‌ت تووشی شكست و پاشه‌كشه‌و تێكگیران و توندڕه‌وی و ده‌سته‌مۆیی و په‌رته‌وازه‌یی و زیان نه‌بووه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌موو به‌ها جوانه‌كانی مرۆڤایه‌تی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌و له‌ زیهنی تاكی كورد به‌رجه‌سته‌ كردووه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌مان پێ‌ ده‌ڵێ‌، كه‌ ئایین گه‌وره‌ترین رۆڵی له‌ ژیان و سلوكی تاكی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی گێڕاوه‌و كاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ته‌واوی كایه‌و جومگه‌كان جێهێشتووه‌.
خه‌مخۆری له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌رك و، میانڕه‌وی له‌ ئه‌داو، هاوسه‌نگی له‌ پیشه‌و هه‌نگاوه‌كان، لایه‌نێكی دانه‌بڕاوی نێو كارنامه‌و هه‌ڵوێستی یه‌كێتی زانایان بووه‌، كه‌ دواجار ئه‌م جۆره‌ له‌ ئه‌داو خزمه‌ت و ئاراسته‌یه‌، كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌ گۆڕه‌پانی چالاكی و هه‌نگاوه‌كان چێ كردووه‌.
ره‌نگه‌ به‌شێكی مامۆستایانی ئایینی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگادار نه‌بن، كه‌ یه‌كێتی زانایان چی كردووه‌، به‌ڵام دوور له‌ چاوی كامیڕاو فه‌زای ئیعلامی و موزایه‌ده‌ی فیسبووك، یه‌كێتی زانایان به‌ به‌رده‌وامی ئاگاداری رووداوه‌كان بووه‌و دیفاعێكی گه‌وره‌ی له‌ مافی زانایان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان كردووه‌و هه‌وڵی جددی داوه‌ له‌و شوێنانه‌ی پێویست به‌ هه‌ڵوێست وه‌رگرتن بێت حزوری هه‌بێ و كاری پێویست بكاو ده‌ره‌نجامیش وه‌ربگرێته‌وه‌، كه‌ ده‌یان نمونه‌ی وا له‌به‌ر ده‌ستدایه‌ لێره‌ ده‌رفه‌تی باسكردنیان نیه‌.
بەدرێژایی تەمەنی یەکێتی زانایان لە کۆشش و خزمەت نەوەستاوەو لە ئێستاشدا خاوەن پێگەیەکی تایبەتمەندو رێز لێگیراوە، لە هەموو ئەو پرس و پێشهاتانەی پەیوەستن و رەهەندی ئایینیان هەیە راوێژی پێ دەکرێ و ڕای وەردەگیرێ و پێشنیاری بەهەند پەسن دەکرێت.
دەستپێشخەری یەکێتی زانایان بۆ کردنەوەی زانکۆیەکی ئیسلامی لە کوردستان و هەوڵەکانی بۆ بایەخدانی بە خوێندنی ئیسلامی و گێڕانەوەی قوتابخانە ئیسلامیەکان لە وەزارەتی پەروەردەوە بۆ سەر میلاکی وەزارەتی ئەوقاف و پیضشکەشکردنی پرۆژە پێشنیار بۆ خوێندنی باڵاو پەروەردەو ئەوقاف و سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمان لەسەر بابەتە پەیوەستەکان و هەموو ئەو پرسانەی رەهەندی ئایینیان هەیە، وە هەماهەنگ بوون لە گەڵ لێژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئاگاداربوون لە ناوەرۆکی پرۆژە یاسای وەزارەتی پەروەردەو سازکردنی چەندین کۆنگرەو پانێڵی هاوچەرخ و بایەخدان بە رۆشنبیری ئایینی و پەیامی میانڕەوی و بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی و پاڵپشتی هەنگاوە چاکسازییەکان و خەمی خەڵک و خاک و گوزەرانی هاوڵاتیان بەشێکی ئەم هەوڵانەیە بەم دواییە یەکێتی زانایان کاری لەسەر کردووەو ئەنجامی هەبووە.
بۆیە یه‌كهه‌ڵوێستی زانایان و راگرتنی هاوسەنگی و سه‌نگ و پێگه‌و یه‌كریزی پێویستیەکی هەنووکەییە، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن هه‌مووان له‌ چاكتركردن و به‌ره‌و پێشبردنی ره‌وشی دینداری و رێڕه‌وی زانستی به‌شدار بن و، بایه‌خی پتر به‌و رووناكیه‌ بده‌ن، كه‌ زانایان له‌ كوردستان بنیاتیان ناوه‌.
لەکۆتاییدا ئه‌م ساڵیاده‌ له‌ هه‌موو زانایانی به‌رێزی ئایینی پیرۆز ده‌كه‌ین، كه‌ هه‌ر یه‌كه‌و له‌ شوێنی خۆی بۆته‌ كاراكته‌ری پێشكه‌شكردنی خزمه‌تێكی جوان و شایسته‌، وه‌ دروود بۆ گیانی هه‌موو ئه‌و زانا به‌رێزانه‌ش ده‌نێرین كه‌ له‌ رابردوو خزمەتیان کردووە، نزای خێرو ته‌مه‌ندرێژیش بۆ ئه‌و مامۆستا ته‌مه‌ندارانه‌ ده‌خوازین، كه‌ له‌ حاڵی خزمه‌ت به‌رده‌وامن.
.....
* ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسیراگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

Top