سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵوه‌گه‌ڕی ئه‌نفال و كۆمه‌ڵكوژیی بارزانییه‌كاندا، په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵوه‌گه‌ڕی ئه‌نفال و كۆمه‌ڵكوژیی بارزانییه‌كاندا، په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌

 

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 31/7/2022، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: ئەمڕۆ یادی یەکێک لە تاوانە گەورە و لەبیرنەکراوەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە کە کۆمەڵکوژیی و جێنۆسایدکردنی نزیکەی هەشت هەزار مرۆڤی بێتاوانی بارزانییە. یادکردنەوەی قوربانییانی ئەم تاوانە، ئەمساڵ زۆر خەمناکترە، چونکە هاوکاتە لە گەڵ هێنانەوەی ڕووفاتی سەد ئەنفالکراوی دیکەی بارزانی، لە بیابانەکانی باشووری عێراقەوە بۆ کوردستان و زێدی خۆیان لە بارزان.

مه‌سرور بارزانی راشیگه‌یاندووه‌: دەڤەری بارزان، زیاتر لە سەدەیەکە مەڵبەندی کوردایەتیی و شۆڕش و ڕاپەڕین بووە لە دژی ستەم و زۆرداری و داگیرکاری. پەناگەیەکی لێبوردە و ئارام بووە، بۆ هەموو ئەوانەی لە دژی بێدادی و ستەمکاری ڕوویان تێکردووە. بۆیە هەمیشە ئەو دەڤەرە، وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان، ڕووبەڕووی هێرش و پەلاماری سەربازی و وێرانکاری و بۆمباران و بەکارهێنانی چەکی قەدەغە بووەتەوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌: شاڵاوی جێنۆسایدی بارزانییەکانیش، بەشێکە لە زنجیرەیەک تاوان لە دژی ئەم دەڤەرە و هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان، کە بووە دەستپێکیش بۆ ئەنجامدانی شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی کوردستان .  

سه‌رۆكی حكوومه‌ت ده‌شڵێ: لە یادی ئەم کۆمەڵکوژییە هۆڤانەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەنفالکراوی بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەکەینەوە، یادکردنەوەی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان، لە هەمانکاتدا یادکردنەوەی هەموو ئەنفالکراوان و شەهیدانی کوردستانە لە گەرمیان و بادینان و بالیسان و شێخ وەسانان و کوردی فەیلی و شنگال.

هەروەها پێویستە بە پێزانینەوە، یادی قوربانیدان و خۆڕاگری دایکانی میهرەبان و کەسوکاری قوربانییەکان بکەینەوە، کە زۆر سەربەرزانە ڕووبەڕووی سەختییەکانی ژیان و لێکەوتەکانی ئەم تاوانە گەورەیە بوونەوە. هەروەها سوپاسی جوامێری و بەهاناوە چوون و هاریکاری و هاوسۆزی خەڵکی هەولێر و ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەکەین بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان.

لەم یادەدا، جارێکی دیکەش پێداگری لە سەر قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی شاڵاوەکانی جێنۆساید و ئەنفال دەکەینەوە، کە دەبێ لە لایەن حکوومەتی فیدراڵی، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکرێنەوە هەروەک لە دەستووردا هاتووە، کە بەداخەوە ساڵانێکی زۆرە، وەک زۆر ماددەی دیکەی دەستوور، بابەتی قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکانی دەستی ڕژێمی پێشوو، پشتگوێ خراوە و نابێ چیتر ئەم بابەتە فەرامۆش بکرێت.

پێویستە گەلی کوردستان، ئەم تاوانانەیان هەمیشە لە بیر بێت کە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان کراون و جارێکی دیکە، لە ژێر هیچ پاساوێک و بۆ هیچ مەرامێک، نابێت ئامادەبن ئازادی و حوکمڕانی و خۆبەڕێوەبەری خەڵکی کوردستان، بکەنە قوربانی و لە دەستی بدەن.

Top