سەرۆکی حکومەت لە گەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە

سەرۆکی حکومەت لە گەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە

 


ئەمڕۆ شەممە 23ی تەمموز ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، لە گەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە خەمیس ئەلخەنجەر سەرۆکی ھاوپەیمانیی سیادە ئامادەی بوو، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عیراق و ناوچەكە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی تاووتوێ کران. جەخت لە پێویستیی و گرنگیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرایەوە بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور.
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، ئاماژەی بەوەدا کە دەرفەت ھەیە بۆ چارەسەرکردنی گشت کێشەکان و لە نێویاندا ، کێشەکانی پەیوەندیدار بە دۆسیەی نەوت و گاز لە ڕێگەی تەشریعکردنی یاسای نەوت و گازی فیدرالی، کە لە بەرژەوەندی ھەموو پێکھاتە جیاوازەکان و ھاووڵاتییانی عێراقدا بێت .
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان، ھەمیشە ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ ، بە شێوەیەک کە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان پارێزراو بێت .

Top