سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى به‌شداريى ڕێوڕه‌سمى پێشوازى له‌ ته‌رمى عه‌لى قازى ‏ده‌كات

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى به‌شداريى ڕێوڕه‌سمى پێشوازى له‌ ته‌رمى عه‌لى قازى ‏ده‌كات

پێشنيوه‌ڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 18/7/2022 بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، ‏سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەت و نوێنەرانی ‏پارت و لایەنە كوردستانییەكان و بنه‌ماڵه‌ى قازى، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ‏هەولێر ڕێوڕەسمی پێشوازیكردن لە ته‌رمى خوالێخۆشبوو عەلی قازی، كوڕی ‏پێشەوا قازی محەمەد بەڕێوەچوو.‏

لە ڕێوڕەسمەكەدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد، ئەمە ‏دەقەكەیەتی:‏

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز، ‏
ڕۆژتان باش،

ئه‌مڕۆ هه‌موومان پێكه‌وه‌ له‌م ‏ڕێوڕه‌سمه‌ ماته‌مينه‌دا به‌شدارين، ‏تاكو به ڕێز و شكۆوه‌ ‏‏پێشوازى له‌ ‏ته‌رمى خوالێخۆشبوو عه‌لى قازى، ‏كوڕى پێشه‌وا قازى محه‌مه‌دى نه‌مر ‏‏‏بكه‌ين.‏
خوالێخۆشبوو عه‌لى قازى، كوڕى ‏ڕه‌ش، له‌به‌ر مێژوو و پێگه‌ى ‏بنه‌ماڵه‌كه‌ى، ‏له‌به‌ر ‏‏ئه‌وه‌ى يادگارى پێشه‌وا قازى ‏محه‌مه‌دى نه‌مر بوو، ‏به‌ درێژايى ته‌مه‌نى خۆى، ناچار ‏‏بووه‌ ‏به‌رگه‌ى زۆر سه‌ختى و زه‌حمه‌تى و ‏په‌نابه‌رى و دووره‌وڵاتى و ئازاره‌كانى ‏‏‏بگرێت. ‏هه‌ميشه‌ له‌ خه‌مى يه‌كڕيزى و ‏ته‌بايى و يه‌كێتيى گه‌له‌كه‌يدا بووه‌. ‏تا ‏دوايين ‏هه‌ناسه‌ش كه‌ له‌ ‏سه‌ره‌مه‌رگدا بوو، وه‌ك له‌سه‌ر ‏شاشه‌ى ته‌له‌ڤزيۆن بينيمان، ‏‏زۆر ‏به‌ دڵسۆزى و بە پەرۆشەوە داواى يه‌كڕيزى و ‏ته‌بايى گه‌له‌كه‌ى ده‌كرد. ‏هه‌رگيز له‌ خه‌مى ‏گه‌ل و وڵاته‌كه‌ی دوورنەدەكەوت. ‏له‌ هه‌ر كوێ ده‌رفه‌تى ‏هه‌بووايه‌، ‏به‌ دواى ته‌بايى و ‏يه‌كڕيزيى ‏گه‌له‌كه‌ی بوو.‏‎ ‎ئه‌مه‌يشى له‌ پێشه‌وا قازيى ‏باوكييه‌وه‌ ‏بۆی مابووه‌وه‌. پێشه‌واى نه‌مريش تا دوايين ‏وه‌سيه‌تیشی هەر ئەوە بوو كە ‏یەكڕیزی و یەكگرتوویی و تەباییی گەلەكەی داوا دەكرد. ‏

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..‏

ئه‌مڕۆ كه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ لێره‌ين، ‏بۆ ئه‌وه‌يه‌ ڕێز له‌ پێگه‌ و خه‌بات و ‏تێكۆشانى ‏‏پێشه‌وا قازى و بنه‌ماڵه‌ ‏به‌ڕێزه‌كه‌يان و قوربانيدانيان له‌پێناو ‏گه‌ل و لەپێناو ‏وڵاته‌كه‌ياندا ‏بەرز بنرخێنین.‏ پێشه‌وا له‌پێناو ماف و ژیانێكی ‏شایسته‌ و باشتر بۆ ‏گه‌له‌كه‌ی، ‏له‌پێناو كۆتاییهێنان به‌ نكۆڵیكاری و ‏چه‌وسانه‌وه‌، ‏له‌ قۆناغێكی یه‌كجار ‏دژواردا ‏ڕابه‌رایه‌تيی میلله‌ته‌كه‌ی كرد، ‏دواجاریش مه‌ردانه‌ چووه‌ به‌ر په‌تی ‏سێداره‌ ‏و هه‌ر له‌و پێناوه‌دا گیانی ‏خۆی به‌خشی. پێشه‌وا به‌و قوربانیدانه‌ی‌، بووه‌ ‏سیمبۆلێكی ‏زیندووی خۆبه‌ختكردن ‏له‌ مێژووی گه‌لى كوردستاندا و بووه‌ به‌شێك له‌ یاده‌وه‌ریی ‏هه‌میشه‌ ‏زیندووی نه‌وەی‌ دوای خۆی. ‏

ئێمه‌ كاتێ له‌ ڕێوره‌سمی ماڵئاوایی ‏له‌ كوڕ و یادگاری ئه‌و سه‌ركرده‌ ‏نه‌مره‌دا ‏وه‌ستاوین، مێژووی پر شانازیی كۆماری ‏كوردستان و به‌ها به‌رزه‌كانی ‏هاوبەشیی ‏نه‌ته‌وه‌یی و ‏به‌هاناوه‌چوونی بارزانییه‌كان و ‏تێكۆشه‌رانی دیكه‌، بۆ داكۆكیكردن له‌ ‏‏كۆمار‌ و داستانی په‌ڕینه‌وه‌ له‌ چه‌مى ‏ئاراس دێنینه‌وه‌ یاد. ‏له‌ كاتێكدا به‌ ڕێز و ‏شكۆوه‌ له‌ ‏خه‌باتی پێشه‌وا قازی و بارزانيی نه‌مر ‏و هاوسه‌نگه‌ره‌كانیان ده‌ڕوانین، ‏هه‌موو ئه‌و سه‌ركرده‌‌ و تێكۆشه‌ر و ‏خه‌باتكارانه‌مان دێتەوە‌ یاد ‏كه‌ به‌ درێژایيی ‏زياتر له‌ سه‌د ساڵ، به‌ هه‌ر ڕێگه‌ و بە هەر شێوەیەك بۆیان كرابێت، خەباتیان ‏كردووە بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلەكەیان و بوونه‌ قوتابخانه‌ و ڕێنیشانده‌ر و ‏‏هه‌وێنی درێژه‌پێدانی تێكۆشانی نەوەی داهاتووی دوای خۆیان. ‏

مێژووی گه‌لی كوردستان، ‏مێژووی هه‌وڵ و تێكۆشانى ‏میلله‌تێكه‌ كه‌ ویستوویه‌تی و ‏‏ده‌یه‌وێت دوور له‌ غه‌در و ‏پێشێلكردنى ماف، ‏له‌ سایه‌ی دانپێدانانی مافه‌ ‏ڕه‌واكانیدا، ‏‏به‌ ئاشتی و برایه‌تی، پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ميلله‌ت و گه‌لانى برا ‏و هاونیشتمان و ‏هاوچاره‌نووسیدا ‏بژیت. گه‌لێك، هه‌میشه‌ ویستوویه‌تی كێشه‌یەكه‌ى سیاسییانە، به‌ ‏ئاشتی و لێكگه‌یشتن ‏و دوور له‌ شه‌ڕ و كاولكاری چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێتەوە. ‏

گه‌لێك، ‏ویستویه‌تی و ده‌یه‌وێت وه‌ك گه‌لێكى ‏گه‌وره‌ى ناوچه‌كه،‌ ‏پێگه‌ی ‏زه‌وتكراوی خۆی ‏وه‌ربگرێته‌وه‌ و مافه‌كانی بسه‌لمێنرێن، تا بتوانێت ببێته‌ هاوبه‌ش و ‏‏فاكته‌رێكی به‌هێزی ئاشته‌وایی و ‏سه‌قامگیری و پێشكه‌وتن كه‌ ‏خزمه‌ت به‌ كۆی ‏میلله‌تانی ناوچه‌كه‌ ‏بكات. ئه‌و ناوچه‌یه‌ی به ‌ده‌ست شه‌ڕ و ‏ناسه‌قامگیری و ‏ململانێی بێ ‏كۆتاییه‌وه، زۆرى‌ چه‌شتووه‌ و زۆر ده‌رفه‌تیش له‌ ‏ده‌ست ڕۆیشتووە‌. ‏ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت په‌یامی گه‌لی ‏كوردستان هه‌ر ئه‌و په‌یامه‌یه‌ و ئەوە ته‌نیا و ‏ته‌نیا په‌یامی ئاشتی و ‏چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ و خواستی پێكه‌وه‌ژیانی برایانه‌یه‌ ‏له‌گه‌ڵ ‏هاونیشتمانییه‌كانمان و گه‌لانی ‏برامان له‌ ناوچه‌كه‌دا. ‏
‏ ‏
ئاماده‌بووانی به‌ڕێز..‏

میلله‌تانی زیندوو هه‌ميشه‌ نرخى ‏ڕه‌نج و ماندووبوونی تێكۆشه‌رانیان ‏ده‌گرن. ‏به‌ ‏چاوی وه‌فا و ڕێز‌ له‌ قوربانیدانیان ‏ده‌ڕوانن و یاد و یادگاریان به‌ زیندوویی و به‌ ‏‏به‌رزی ڕاده‌گرن. زۆر پێویستە ئەم كولتوورە لەناویە گەلی ئێمەدا بە زیندوویی ‏بمێنێتەوە، پێویستە بەردەوام نەوەی ئێستا و نەوەی داهاتووش ڕێز لە خەبات و ‏ماندوبوونی ئەو سەركردانە بگرێت كە لەپێناو مللەتی خۆیاندا خەباتیان كردووە و ‏تێكۆشاون و كۆڵیان نەداوە. ‏

كۆبونه‌وه‌مان ئه‌مڕۆ بۆ پێشوازی له‌ ‏ته‌رمی كوڕی ڕه‌ش، ئه‌و وه‌فاداری و ئه‌ركه‌ ‏پیرۆزه‌یه‌ كه‌ ‏لێمان چاوه‌ڕوان ده‌كرێت. تەرمی بەڕێز عەلی قازی تاقانەکەی ‏‏پێشەوامان بەڕێزەوە هێنایەوە ‏کوردستان، هەر بە ڕێزیشەوە لە باوەشی وڵاتدا ‏‏دەنێژرێت. دەبێ وا بێت و ئەمەش مافی خۆی و ‏بنەماڵەکەیه‌تی، هەروەها ئەرکی ‏ئێمەیە كە ڕێز لەو بنمەماڵەیە بگرین.‏

لە دوای شەهیدبوونی پیشەوا قازی، ‏عەلی قازیی کۆچکردوو، عەوداڵی ‏وڵات بوو، ‏هەر لەو پێناوەشدا زۆر دەربەدەری و ‏ماندووبوونی بۆ وڵاتەکەی بینی و لە ‏‏کۆتاییدا هاتەوە ناو باوەشی ‏وڵاتەکەی. بە خێر بێیتەوە و ئارام بنوێت ‏کوڕەکەی ‏پێشەوامان.‏ سڵاو له‌ گیانی پاكی كاكه‌ عه‌لی و دروود بۆ یادی پێشه‌وای نه‌مر و ‏‏شه‌هیدانی بنه‌ماڵه‌ی خانه‌دان و ‏كوردستانپه‌روه‌ری قازییه‌كان و ‏سه‌رجه‌م شه‌هیدان و ‏تێكۆشه‌رانی ‏كوردستان.‏

پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشيی دووباره‌مان لە ‏بنه‌ماڵه‌ به‌ڕێزه‌كه‌يان و خزم و كەسوكار و ‏هەموو كوردستانيیانی خۆشەویست. ‏یادی كاكه‌ عه‌لی هه‌ميشه‌ به‌ خێر و ‏ئێوه‌ش ‏هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن بۆ ئەو ڕێوڕەسمە.‏

زۆر سوپاس.‏

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى به‌شداريى ڕێوڕه‌سمى پێشوازى له‌ ته‌رمى عه‌لى قازى ‏ده‌كات
Top