ئایین و نیشتمان لێك جیا ناكرێنەوە
ڕۆژی 18ی حوزەیران سەرۆك مسعود بارزانی لە مەراسیمی ناساندنی زنجیرە كتێبی شۆڕشەكانی بارزان، كۆمەڵێك پرس و بابەتی گرنگی مێژوویی و هەنووكەیی باس كرد، كە دەكرێ هەر یەك لەو بڕگانەی نێو وتارەكەی جەنابیان هەڵوەستەی لەسەر بكرێت و بە ئاراستەی بەرەوپێشبردنی دۆخی نەتەوەییمان ئەزموونی لێ وەربگیرێت.
ئەوەی من مەبەستمە لەم نووسینەدا، زیاتر قسەكردنە لەسەر هەڵوێستی بەڕێزیان لەبارەی پرسی ئایین و نەتەوە و نیشتمان، كە سەركردەی شۆڕشەكانی كورد هەمیشە جەختیان لەوە كردووەتەوە ئەمانە لێك جیا ناكرێنەوە، بەڵكو شێخەكانی بارزان هەمیشە بە هەستی دینداری و بە سەروەرگرتنی ئایینی ئیسلام خەباتی نەتەوەییان كردووە و هەردوو شاباڵی ئایین و نیشتمانیان پێكەوە گرێ داوە.
لە پێناسەیەكی كورت و تایبەتی تەریقەت و شۆڕشەكانی شێخانی بارزاندا، سەرۆك بارزانی ڕاشكاوانە ئەوەی ڕاگەیاند: «ئەم ڕێبازە دامەزراوە، لەسەر بنەمای خوداپەرستی و مرۆڤدۆستی، ڕێبازێكیان بۆ دەستنیشان كردین، كە هەتا ماوین شانازی پێوە دەكەین، ئەم ڕێبازە بریتییە لەوەی دین ئەخلاقە، دین و نیشتمان لەیەك جیا ناكرێنەوە، لە مرۆڤایەتیدا هەموومان برای یەكترین، تێكۆشان فەرزە لە دژی زۆرداران، پاراستنی ژینگە، عەدالەتی كۆمەڵایەتی، پێكەوەژیانی ئایینی، فراوانكردنی خەبات لە سنووری عەشیرەتەوە بۆ سنووری نەتەوەیی».
ئەم وتەیە زۆر هەڵدەگرێت و پیشاندانی ڕووی واقع و ستراتیژیی ڕێبازی كوردایەتییە، ڕامان و لێ وردبوونەوەی زۆری دەوێت، كە بە زمانی حاڵ و بە هەستێكی بەرزی كوردانە و ماهییەتی تێگەیشتنێكی دروستی بزاڤی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی پێمان دەڵێت: «ئایین و نیشتمان لێك جیا ناكرێنەوە».
ئەگەر ئاوڕ لە ڕابردووی گەلەكەمان بدەینەوە، دەبینین كورد هەمیشە بەو پەڕی دڵسۆزی و بەها و چاوی ڕێزەوە لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام ڕاماوە، ئەمەش زادەی ئەو قەناعەت و هەڵوێستەیە كە بڕوای پێیەتی، گەلی كورد بە حوكمی موسڵمانێتی و دۆخە كۆمەڵایەتی و مێژووییەكەی، هەمیشە دوو شت بەلایەوە گرنگ بووە و لێكی جیا نەكردۆتەوە، یەكەمیان: ئینتیما بۆ دین (ئایینی ئیسلام)، دووەمیان: ئینتیما بۆ نەتەوە.
لەسەر ئەو دوو بنەما گرنگە كە تەواوكاری یەكترن، پرسی سەقامگیری و ئاسایشی نەتەوەیی پەرەی سەندووە، لەو نێوەدا ئیسلام وەك ئایین ڕۆڵی پێشەنگی و ڕابەری گێڕاوە، لە دابینكردنی ئەمن و ئارامیی وڵات و چارەسەركردنی زۆرێك لە كێشەكان و بەرەوپێشبردنی قەزیەی كوردی لە جیهانی ئیسلامیدا و، قەتیش ئایینی وەك كارت بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكار نەهێناوە، بەڵكو وەك خۆی پیشانی داوە و پەیڕەوی كردووە.
بە دیوێكی دیكەدا ئەگەر سەیری ئەم پرسە بكەین، دەبینین كە خۆشەویستیی نەتەوە و بوونی هەستی نەتەوەیی و گیانی نەتەوەپەروەری لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا شتێكی فەرمان پێ كراو و شەرعییە و، مرۆڤ هان دەدات بۆ ئەو تێكۆشانە و لە پێناو ئەو ئامانجە، هەروەها خۆشەویستیی نیشتمان بەشێكی هەرە دیاری نێو سوننەت و ژیانی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) بووە، هانی مرۆڤیش دەدات نیشتمان و وڵات و خاكی خۆی خۆش بوێت، كەواتە پارێزگاریكرن و پاراستنی ئەمن و ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەركێكی ئایینییە.
یەكێك لە بنەما گرنگ و گشتگیرەكانی ئیسلام بریتییە لە بوونی هەست و هەڵوێستی پارێزگاری و پاراستنی تایبەتمەندییەكانی ژیان و مرۆڤ، لەبەر ئەوە لێهاتوویی و جورئەت و تەنانەت سەرنانەوەش لەپێناو كیان و ژیان و سەلامەتیی ماڵ و حاڵدا بەرز نرخاندووە، بۆیە پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) زۆر جوان ئەوەمان بۆ ڕوون دەكاتەوە، كە مەسەلەی پارێزگاریكردن لە نەتەوە و ئایین و ژیان و سامان و خانەوادە، ئەركێكی ئیمانییە و تیاچوونیش لەو پێناوەدا پلەی شەهادەت و سەربەرزی دەبەخشێتە مرۆڤ و پاداشتی بە خێریشی دەدرێتەوە، هەروەكو دەفەرموێت: (من قُتِلَ دُونَ مَالِهِ فَهُوَ شَهِيدٌ وَمَنْ قُتِلَ دُونَ دِينِهِ فَهُوَ شَهِيدٌ وَمَنْ قُتِلَ دُونَ دَمِهِ فَهُوَ شَهِيدٌ وَمَنْ قُتِلَ دُونَ أَهْلِهِ فَهُوَ شَهِيدٌ) رِواه الترمذي ڕواه الترمژی، واتە: هەر كەس لە پێناو ماڵ و سامان و دین و خوێن و خاو و خێزانی بكوژرێ، ئەوە شەهیدە.
یان دەفەرموێت: (خَيْرُكُمْ الْمُدَافِعُ عن عَشِيرَتِهِ ما لم يَأْثَمْ) رِواه أبو داود، واتە: باشترینتان ئەو كەسەیە بەرگری و پارێزگاری لە نەتەوەكەی بكات، مادام لەسەر گوناه نییە.
بەپێی دەرهاوێشتە بنچینەییەكانی ئەو فەرموودانەی سەرەوە، وەك چۆن پاراستن و پارێزگاری لە سامان و شەرەف و دین و ژینی مرۆڤ ئەركێكی پێویستە، بە هەمان شێوە كاتێ كۆمەڵگە و كیان و نیشتمانیش دەكەوێتە مەترسییەوە پارێزگاریكردنی پێویستە و ئۆباڵی پاراستنی دەكەوێتە ئەستۆی تاكەكانەوە، چونكە ئەگەر ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی تێك چوو، ئەوە سەرجەم بەژەوەندییە تایبەتی و گشتییەكانیش دەكەونە بەر هەڕەشە و مەترسییەوە، هەر كات دەستێكی دەرەكی هێرشی هێنایە سەر نیشتمان و، ئەمنی قەومیی خستە ئاڵۆزییەوە، واجبە مرۆڤ دیفاع بكات و دەبێ ئەو دیفاعكردنەش وەك بەشێك لە دینداری سەیر بكات، بە پێچەوانەوە ئەگەر مرۆڤ بەم ئەركە هەڵنەستێ و هەستی بەرپرسیارێتی بەرامبەر خاك و خەڵكی تێدا زیندوو نەبێت، ئەوە لە لایەنی دیندارییەوە گوناهبار دەبێت و بە ئەندازەی كەمتەرخەمی لە هەمبەر ئەو پرسە، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت، لە ڕووی دونیایی و هەڵوێستی نیشتمانییشەوە ڕووبەڕووی جۆرێك لە شەرمەزاری و ڕیسوایی دەبێتەوە.
شێخ محەمەدی خاڵ لە (ناڵەی دەروون)دا زۆر جوان ئەو پرسەی تاوتوێ كردووە و هەست و نەستی نەتەوەیی و نیشتمانییانەی خۆی دەربڕیوە، لەگەڵ ئەوەش تامەزرۆیە خەڵك لەسەر ئەو بنەمایە خۆی ڕابهێنێت و هەستی پارێزگاریی نیشتمان لە خۆیدا بەرجەستە بكات و دەڵێت: «هەر كەسێك كوڕی باوكی خۆی بێت، بە دڵ و بە گیان نیشتمانی خۆی خۆش دەوێ و، هەمیشە هەوڵ دەدات بۆ زیندووبوونەوە و سەركەوتن و بەرز بوونەوە، وە ناهێڵێت دوژمن دەستی بۆ درێژ بكات و زیانی پێ بگەیەنێت. كەوابوو بۆ هێشتنەوەی ژیان و گیان و بۆ پاسی ناو و نیشان، خۆشەویستیی نیشتمان و بەسەر و ماڵ درێغ و كۆتایینەكردن لە ڕێی نیشتمان پێویستە، چونكە هەر وابووە، هەر گەلێك لە ڕێی نیشتمانیا درێغ و كۆتایی كردبێت، ڕیسوا و ڕەزیل و زەبوون و دیل بووە».
لەوەش زیاتر شێخی خاڵ چەند وێنایەك دەخاتە بەر هزری مرۆڤ، سەبارەت بە پێویستیی هەستی نیشتمانپەروەری و پارێزگاریكردنی و دەڵێت: «مەل بە مەلیی خۆیەوە بە دەنووك جەنگ ئەكا لەسەر هێلانەكەی، تا بتوانێ نایەڵێت كەس دەستی بۆ درێژ بكات و زیانی پێ بگەیەنێت، هەنگ بە چزووەكەی پاسی نیشتمانی خۆی دەكات، هەر كەسێكیش دەست ببات بۆ كەلووی شانەیەكی پێوەی دەدات، لەگەڵ ئەمیشە كە بەو پێوەدانە هەنگەكە خۆی دەمرێ، كەوابوو هەنگەكان بۆ پاسی نیشتمانی خۆیانن، لانكە بێشە و نیشتمانی شێرە ئەگەر كەسێك نزیكی بكەوێتەوە شێرەكە ئەیشكێنێتەوە، هەر بەم ڕەنگە هەموو گیانلەبەرێك وایە! كەوا بوو ئادەمی ئەبێ زۆرتر خۆشەویستیی بۆ نیشتمان ببێ، چونكە لە هەموو گیانلەبەرێك ژیرتر و بەبیرتر و زاناتر و داناترە».
بە كورتییەكەی لە ئیسلامدا پارێزگاریكردن ئەركێكی هەمیشەیی و دانەبڕاوە لەسەرشانی تاك و كارێكی فەرمان پێ كراوە و، پێویستە مرۆڤی موسڵمان درێغی نەكا و لەو پێناوەدا جوهد و ڕەنجی زۆر بكێشێت، چونكە سەربەرزیی نیشتمان و پارێزراویی نەتەوە و نەكەوتنە مەترسیی دۆخی ئەمنیی هەر وڵاتێك، گەورەترین نیعمەتی خودایە و، بگرە شكۆمەندترین شەرەفیشە بۆ مرۆڤ و جوانترین تاجیشە كە مرۆڤ شانازیی پێوە بكات.
كەواتە وتەكەی سەرۆك بارزانی دیسان و وەك هەمیشە ئەو ڕۆحییەتەی بە گوێی نەوەكاندا چرپاندەوە، بەوەی هەوڵ بدەن خۆشەویستیی ئایین و نیشتمان كە لێك جیا ناكرێنەوە، بكەنە بنەمای كاركردن و خۆشەویستی بۆ نیشتمان، كە لانە و شوێنی ژیانی هەمووانە و دەریایەك خوێنی بۆ دراوە و، ئەركی پاراستی كەوتووەتە سەر شانی هەموو تاكێك، نەخاسمە ئەوانەی لە هێنانەدی ئەم قۆناغەی خەبات و گەشەی نەتەوەیی قوربانییان داوە، ئەوان زیاتر و مكوڕتر پارێزگاری لەو نیشتمانە دەكەن، هەروەك ئاماژەی بەوە كردووە و، فەرمووی: «ئەم هەرێمە بە خوێنی شەهیدان دروست بووە، بە خوێنی ڕۆڵەی شەهیدانیش دەپارێزرێت».