وەزارەتی پەروەردەی كوردستان: بۆ ساڵی داهاتوو(16) ملیۆن کتێبی نوێ چاپ دەكەین
لە ڕاگەیاندراوێكدا كەوەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە ئاماژە بەوە كراوە، كە وەزارەت ئامادەكاری كردووە بۆ ساڵی نوێی خوێندن (2022-2023) نزیکەی (16) ملیۆن کتێبی نوێ چاپ بكات و پێش دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن بەسەر ناوەندەکانی خوێندندا دابەشیان بكات، جەختیشی لەوە كردووەتەو كە سەركەوتنی ئەم پلانەش بۆ هەوڵی بەرپرسانی پەروەردەیی و سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستایان دەگەڕێتەوە.
بەپێی ئەم ڕاگەیاندراوە پێشتر وەزارەتی پەروەردە رایگەیاندبوو، جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو ئەم ساڵی نوێی خوێندن بە زوویی دەست پێ دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی ئەم ساڵی خوێندنیان پێشخراوە.
هەر لەم سۆنگەیەوەو بە بڕیاری وەزارەت لە چەند رۆژی داهاتوودا، وەزارەتى پەروەردە كتێبە کۆنەكان ئەوانەی سوودیان لێ وەرنەگیراوە، جگە لە كتێبە ئاینییەکان و لە کۆگاى ناوەندى وەزارەت و لە کۆگاكانیى پەروەردەى پارێزگاکان و پەروەردەى قەزاکان لە ساڵانى ڕابردوو کۆکراونەتەوە، لە ڕێگاى زیادکردنى ئاشکرا دەفرۆشرێت، كە كۆی گشتیی بڕی ئەو كتێبانە دەگاتە نزیكەی (500) تەن.