وەزارەتی سامانە سروشتییەکان مانگە 31 ملیۆن دۆلار بۆ پاڵپشتیی بەنزین خەرج دەکات
ەمڕۆ شەممە 2/7/2022 فهرمانگهى میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان مانگە 31 ملیۆن دۆلار بۆ پاڵپشتیی بەنزین خەرج دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەی فهرمانگهى میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: ''وەکوو هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان و لە دوای ڕاسپاردنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەسەر ئەو بابەتە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جگە لە کەمکردنەوەی ڕسووماتی هاوردەکردنی بەنزین و هاندانی بازرگانان بۆ هاوردەکردنی بەنزینی زیاتر، ئێستا بە دوو شێوازی ڕاستەوخۆ بەنزین بۆ هاووڵاتیان بە نرخی پاڵپشتیکراو دابین دەکرێت.
بەنزینی 690 دیناری
لە ڕەگەیەندراوەکەدا ئاشکرا کراوە کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن لیتر بەنزینی 690 دیناری لە پاڵاوگەی کار بەرهەم دەهێنرێت کە ئەوەش لەو بڕە نەوتەیە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دابینی دەکات کە 25 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا. نرخی ئەم بەنزینە لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان 1050 دینارە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیداتە چەند کۆمپانیایەک بە نرخی 620 دینار بۆ هەر لیترێک و ئەو کۆمپانیایانەش دەیدەنە بەنزیخانەکان بە نرخی 670 دینار و بەنزینخانەکانیش بە نرخی 690 دینار دەیدەنە هاووڵاتییان. کەواتە پاڵپشتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ هەر لیترێک بەنزین 430 دینارە و مانگانە دەکاتە نزیکەی نۆ ملیۆن دۆلار.
بەنزینی 800 دیناری
سەبارەت بە بەنزینی 800 دیناریش باس لەوە کراوە کە ڕۆژانە دوو ملیۆن لیتر لەو جۆرەی بەنزین لەلایەن کۆمپانیای قەیوانەوە بەرهەم دەهێنرێت و هەر لیترێکیش لەو بەنزینە 750 دیناری بۆ کۆمپانیای ناوبراو تێ دەچێت و بە نرخی 800 دینار دەدرێتە هاووڵاتییان. پاڵپشتیی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش بۆ هەر لیترێک لەم بەنزینە 530 دینارە و مانگانەش دەبێتە 22 ملیۆن دۆلارە.
فهرمانگهى میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش داوە کە بەپێی داتاکانی مانگی 5 و 6ی ئەمساڵ، لە ڕۆژێکدا نزیکەی سێ ملیۆن لیتر بەنزین دابین دەکرێت، بەمەش وەزارەتی سامانە سروشتییەکان مانگانە بە بڕی 31 ملیۆن دۆلار پاڵپشتی لە نرخی بەنزین دەکات بەم شێوەیەی خوارەوە:
بەنزینی 690 دیناری: مانگانە نۆ ملیۆن دۆلار.
بەنزینی 800 دیناری: مانگانە 22 ملیۆن دۆلار.