سه‌روه‌ری یاسا و مافی تاكه‌كه‌س

سه‌روه‌ری یاسا و مافی تاكه‌كه‌س


یه‌كێك له‌و باسه‌ گرنگانه‌ی كه‌ له‌ جیهانی ئه‌مڕۆدا به‌رده‌وام دێته‌ به‌ر باس، بابه‌تی "سه‌روه‌ریی یاسا"یه‌. ئه‌م چه‌مكه‌، یه‌كێكه‌ له‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ له‌ زانسته‌كانی یاسا، سیاسه‌ت، ئابووری، كۆمه‌ڵناسی و مێژوو باسی لێوه‌ ده‌كرێت و، به‌ درێژاییی مێژوو وزه‌به‌خشی گه‌لیك باس و بابه‌تی تر بووه‌، وه‌ك: ده‌ستوورگه‌رایی، یاساگه‌رایی و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، گرنگیدان به‌ پره‌نسیپی سه‌روه‌ریی یاسا و ملكه‌چبوون بۆ یاسا، به‌ یه‌كێك له‌ فاكته‌ره‌كانی حوكمڕانیی باش داده‌نرێت. هه‌ر له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌، له‌ فه‌لسه‌فه‌ یاسایی و سیاسییه‌كان و هه‌روا له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی كۆمه‌ڵگه‌ مرۆیییه‌كاندا، پره‌نسیپی سه‌روه‌ریی یاسا به‌ چه‌مكێكی عه‌قڵانی و پڕبایه‌خ دانراوه‌، كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ملكه‌چبوونی مرۆڤ و سیسته‌مه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان بۆ یاسا ده‌كاته‌وه‌.
سه‌روه‌ری یاسا به‌ گوێره‌ی پێناسه‌ی رێكخراوی (نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان) بریتییه‌ له‌ پرنسیپی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی كه‌ له‌ سایه‌یدا هه‌موو تاكه‌كه‌س و گروپ و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت سه‌رجه‌م سه‌ركرده‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی حكومه‌ت ملكه‌چی هه‌مان ئه‌و یاسایه‌ ده‌بن كه‌ بۆ خه‌ڵك ڕاگه‌یه‌ندراوه‌. یاساكانیش له‌گه‌ڵ ستانداردو پێوه‌ری نێوده‌وڵتی بۆ مافی مرۆڤـ هه‌ماهه‌نگن و به‌ دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی, هاوشێوه‌ییه‌وه‌ له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌كانی دادگا و پۆلیسه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێن.
ده‌وترێ یاسا واتای فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌ به‌ گوێره‌ی یاسا نه‌ك به‌زه‌بری یاسا. هه‌روه‌ها واتای زامنكردنی دادوه‌رێتی و دادپه‌روه‌ریی‌ و یه‌كسانیكردنی خه‌ڵكه‌ به‌رامبه‌ر یاسا. مافی یه‌كسانبوون له‌ به‌رامبه‌ر یاسادا، یان پارێزگاریكردنی یه‌كسان له‌ لایه‌ن یاساوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر جار به‌م شێوه‌یه‌ دایده‌ڕێژن. بۆ ھه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراتی دادپه‌روه‌ر شتێكی بنچینه‌یی و سه‌ره‌كییه‌. جا ده‌وڵه‌مه‌ند بیت یان ھه‌ژار، نه‌ته‌وه‌ی زۆرینه‌ بێت یان كه‌مینه‌یه‌كی ئایینی بێت، ھاوپه‌یمانێكی سیاسی ده‌وڵه‌ت بێت یان ركابه‌ر بێت.... ھه‌موو شایسته‌ی پارێزگاریكردنی یه‌كسانن له‌به‌رامبه‌ر یاسادا.
یاسا سه‌روه‌ری سه‌رچاوه‌ی ژیانێكی ئارام و خۆشگوزه‌ران و پڕ له‌ به‌خته‌وه‌رییه‌ بۆ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ و هۆكارێكه‌ بۆ خۆشه‌ویستی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ بۆ یه‌كتر، له‌لایه‌ك و بۆ ده‌سه‌ڵات و وابه‌سته‌بوون و ته‌نانه‌ت وه‌لائی هاونیشتمانی بۆ خاك و نه‌ته‌وه‌ و نیشتمان له‌ لایه‌كی تر. به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ كاتێك یاساكان له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی چه‌ند كه‌س و گروپێك ده‌رده‌چێت هۆكاری كێشه‌ و ناكۆكییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، كاتێك له‌ هه‌رێمێك یاسا سه‌ربه‌خۆ و سه‌روه‌ره‌ ئه‌م هه‌رێم و حكومه‌ته‌ وه‌ك مرۆڤێكی ڕاستگۆ دێته‌ پێش چاو كه‌ په‌نجه‌ی ڕێز و خۆشه‌ویستی كۆمه‌ڵگه‌ی بۆ ڕاده‌كێشرێ، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆ نه‌بوون و ناسه‌روه‌ری یاسا وه‌ك مرۆڤێكی ناڕاستگۆیه‌ كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی قێزه‌ون و بێزراوه‌ ئاماده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ر كارێكی خراپیشه‌.
مافی مرۆڤ مافێكی ناوخۆیی یان ناوچه‌یی نییه‌، واته‌ تایبه‌ت نییه‌ به‌ وڵات و كولتوور و كیشوه‌رێكی دیاریكراوه‌وه‌، به‌ڵكوو مافێكی گه‌ردوونی و سنووربه‌زێنه‌. له‌ ئێستادا، مافی مرۆڤ بووه‌ته‌ ئه‌و پێوانه‌یه‌ی كه‌ گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنی وڵاتانی پێ ده‌پێورێت. ته‌نانه‌ت دیدێك هه‌یه‌ پێی وایه‌ گرنگ نییه‌ به‌ چ سیسته‌مێكی سیاسی وڵات به‌ڕێوه‌ ده‌به‌یت، به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌یه‌ تا چه‌ند هاوڵاتییه‌كانت خاوه‌نی مافه‌كانی مرۆڤن و تا چه‌ند سوودیان له‌و مافانه‌ وه‌رگرتووه‌. ئه‌و مافانه‌ رۆژانه‌ تا چ ئاستێك له‌ ژیانی سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كاندا ره‌نگیان داوه‌ته‌وه‌ و له‌ سایه‌یدا ژیانێكی شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌ ده‌ژین؟ مافه‌كانی مرۆڤ تێھه‌ڵكێشی هه‌موو ئه‌و به‌ند و یاسایانه‌ كراون كه‌ حكومه‌ته‌كان دایده‌ڕێژن له‌ هه‌موو وڵاتانی جیھاندا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌موو كات كاریان پێ نه‌كراوه‌ و، هه‌ندێكیان ده‌بنه‌ هۆكاری كورتھێنان له‌ ڕه‌وایه‌تیی مافه‌كانی مرۆڤ. به‌ڵام پێوانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان جه‌خت له‌ ڕه‌وایه‌تیی ئه‌م مافانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ حكوومه‌ته‌كان زه‌وتی ده‌كه‌ن و ناتوانن مافه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ی پێویسته‌، ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.

Top