گۆشەگیرییەكەی سەدر مانۆڕ بوو، یان هەڵە؟
چوارچێوەی هەماهەنگی لە هەوڵی ئەوەدایە لێكترازانێك لە نێو بەرەی (سیادە) دروست بكات و وای لێ بكات لە سەدر دوور بكەوێتەوە و فشارەكانیشی لەسەر كورد چڕ كردووتەوە .
بە ڕای من گۆشەگیریی سەدر مانۆڕێكی سیاسی نەبوو، وەك ئەوەی باسی لێوە دەكرێ، بەڵكو هەڵەیەكی تەكتیكیی نوێ بوو كە خرایە سەر هەڵەكانی دی، چونكە بواری دا بە چوارچێوەی هەماهەنگی بە كەیفی خۆی بجووڵێ، بە بێ ئەوەی نقەی لێوە بێ.
فشارەكانی سەر كورد، بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان چەند دیاردەیەكی لە خۆ گرت، وەك دوورخستنەوەی پاڵێوراوی پێشووی (هۆشیار زێباری) بە بڕیارێكی دادگای فیدڕاڵی، دەركردنی بڕیارێك لە هەمان دادگا سەبارەت بە نادەستووریی فرۆشتنی نەوتی هەرێم، ئەمە سەرەڕای ئاراستەكردنی12 ڕۆكێتی بالستی لەلایەن ئێرانەوە بە هەنجەتی بوونی بارەگای مۆسادی ئیسرائیلی لە هەولێر.
هەرچەند شاڵاوی ئەو فشارانە بەڕووكەش كاریان نەكردووەتە سەر هەڵوێستی كورد (پارتی)، بەڵام قورساییەكی نائاساییە و خەریكە درز دەخاتە ناو سێ هاوپەیمانییەكە كە گۆشەگیرییەكەی سەدر قووڵتری كردەوە.
سەبارەت بە سوننە، هاوپەیمانیی نێوان حەلبووسی و خەنجەر بووەتە ئامانجی هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كە پێیان وایە پارتی و هاوپەیمانییەكەی حەلبوسی و خەنجەر هۆكار بوون لە هەڵوەشاندنەوەی ماڵی شیعە.
فشارەكان زۆرن لەوانەیە كاغەز و دۆسیەیەكی زۆر لە ناو چەگمەجەكان هەبن و چاوەڕوانی جووڵاندنیان بكرێ، بەتایبەتی لەلایەن دادگا و سیاسەتكارانەوە، بەڵام لە كاتێكی گونجاودا.
حەلبوسی هەست بە مەترسییەكان دەكات، بەتایبەتی پاشی یەكلاكردنەوەی دۆسیەی چەند كەسایەتییەكی سیاسی و عەشایەری سوننی كە پێشتر تۆمەتی گەندەڵی و تیرۆریان درابووە پاڵ كە زۆر جار بە حوكمێكی توند كۆتاییان پێ دەهات و دەگەیشتە ڕاددەی لەسێدارەدان، بۆیە دیدارەكانی خۆی چڕكردووەتەوە لەگەڵ لایەنەكانی چوراچێوەی هەماهەنگی و دواسەردانیشی بۆ تاران هەر بۆ ئەو مەبەستە بوو.
بە پێی قسەی سەركردەیەكی ئەو چوار چێوەیە حەلبوسی پێیانی گوتووە كە بە یەك ئاست سەیری ڕەوشی سەدر و چوارچێوە دەكات و بەشێكیشی نابێ لە پڕۆژەی تەواوكردنی پێكهێنانی حكومەت بە بێ ڕێككەوتنی ڕەوت و چوارچێوە .
من بەخۆم پێم وایە هاوپەیمانیی (ڕزگاریی نیشمان) لە تونێلێكدایە دەرچەی بۆ نییە، مەگەر پاش گەڕانەوەی سەدر بۆ گۆڕەپانی سیاسی.
دژەكانی سەدر بەشێك لە ئامانجەكانیان پێكا لە درز خستنە ناو ماڵی كورد و سوننە وەك سەرەتایەك بۆ هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانییە سیاسییەكان و سەر لە نوێ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی، بەتایبەت پاش جەژنی ڕەمەزان.
چوارچێوەی هەماهەنگی چەند فێڵێكی دەروونی دژ بە سەدر بەكار دێنێت، وەك سەلماندنی ئەوەی كە هاوپەیمانەكانی توانای خۆڕاگرییان نییە و پاش كۆتاییهاتنی مۆڵەتە چل ڕۆژییەكە هیچ یەكێكیان لە دەوروبەری خۆی نابینێ.
سیاسەتی چوارچێوە ئێستا ئەوەیە سەربازە كۆنەكان لە پاتەیەكی تەكتیكی كۆن بجووڵێنێ وەك ئەوەی لە 2014 ڕووی دا.
خاوەن ئەو بیرۆكەیە باڵیۆزی پێشووی ئێران (حەسەن دانائی فەر)ـە كە لە پێكهێنانی هەردوو حكومەتی مالیكی و عەبادی بەكاری هێنا.
ئێستا ئەو كابرایە جێی ئیسماعیل قائانی گرتووە و لە دوالێدوانیدا دەڵێ: «ئامرازای نوێم پێیە بۆ كاركردن».
بەپێی شارەزایانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی پلانی دانائی ئامانجەكەی فشارخستنە سەر سەدر نییە تا ببێ بە ئۆپۆزسیۆن، بەڵكو دەیەوێ نموونەیەكی سازانی شیعە لە ڕێی ڕاگەیاندنی قەوارە گەوەرەكە ئەنجام بدات.
لێرەدا نابێ ڕۆڵی داهاتووی باڵیۆزی نوێی ئێران لە عێراق (محەمەد كازم ئال سادق) فەرامۆش بكەین كە بە پێی هەندێ سەرچاوە بڕیارە شوێنی سولەیمانی بگرێتەوە و بە فەرمییش دۆسیەی عێراقی پێ سپێدراوە و، وا تێگەیەندراوە بەبێ چوارچێوەی هەماهەنگی نەهێڵێ سەركردەی ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانەكانی حكومەت پێك بهێنن.
وا دیارە دوو كەسی ناو هەماهەنگی پشتئەستورن بە ڕۆڵی ئەو باڵیۆزە، ئەوانیش «نوری مالیكی و هادی عامری»ن كە هەر دووكیان پەیوەندییەكی بەتینیان لەگەڵیدا هەیە.
بێ شك گۆشەگیرییەكەی سەدر هاوپەیمانیی (ڕزگاریی نیشتمان)ی لاواز كرد، ئەمە لە كاتێكدا چوارچێوەی هەماهەنگی توانی لەو ماوەیە بەهێز بجووڵێتەوە، كە ئەمەش وای كرد بەهێزتر بێت لەو ڕۆژانەی كە تەنیا یەك لەسەر سێی پەكخەری هەبوو.
ئەوەی گلەیی لە سەدر دەكرێ، ئەوەیە كە نەیتوانی بەردەوامی بە پەیوەندییەكانی خۆی بدات لە ماوە گۆشەگیرییەكەیدا، بەتایبەتی لە ڕوودانی ئەو پێشهاتانەی كە پێویست بوو سەركردەكانی سێ هاوپەیمانییەكە وەربگرن.
هەروا هەڵوێستی سەدر بەرامبەر بۆردومانكردنی هەولێر لەو ئاستە نەبوو كە پارتی چاوەڕوانی دەكرد. لەسەر ئاستی سوننەش بێجگە لە تویتەكەی سەدر كە تیایدا ڕەخنە لە هەڵوێستی چوارچێوەی هەماهەنگی دەگرێ، سەبارەت بە وەستانیان لەگەڵ ئەوانەی كە لە دادگا داواكراو بوون، بەڵام هیچ هەڵوێستێكی ئەوتۆی نەنواند بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی كە ئاراستەی دەكران، لە كاتێكدا لە سەرەتای دامەزراندنی سێ هاوپەیمانییەكە سەدر ئەوەی ڕاگەیاندبوو كە ئەركی پاراستنی هاوپەیمانەكانی لە ئەستۆی ئەودایە.