پاسەوانێکی باڵیۆزخانەی قەتەری لە پاریس کوژرا
پاسەوانێکی ئەمنی لە باڵیۆزخانەی قەتەر لەپاریس دوای ئەوەی گومانلێکراوێک دەچێتە ناو بیناکەوە هەوڵ دەدات ڕێگریی لێ بكات دەکوژرێت.
ئەم ڕووداوە لە کاتژمێر 7:45 بەیانیی ڕۆژی دووشەممە لە بینای باڵیۆزخانەی قەتەر لە پاریس ڕوویدا.
بەپێی ڕاپۆڕتەكان پاسەوانەكە تەمەنی 44 ساڵ بوو، لە کاتی چوونە ناو بیناکە لە دوای پێکدادانەکە هێرشی کراوەتە سەر و کوژراوە، هێرشبەرەكە تەمەنی 40 ساڵە و لەلایەن پۆلیسەوە لە شوێنی ڕووداوەکە دەستگیرکراوە.
ئۆفیسی داواکاری گشتیی فەرەنسا ئەو مردنەی پشتڕاست کردەوە و لێکۆڵینەوەیەکی تاوانکاریی دەستپێکرد، داواکاری گشتی ئەوەی خستەڕوو، کە تا ئێستا ڕوون نییە كە هێرشبەرەكە چ جۆرە چەکێک لە هێرشەکەدا بەکارهێنراوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە لێکۆڵینەوەکە گوتی: ئەمڕۆ لێکۆڵینەوە لە تۆمەتی کوشتنەکە دەستی پێکردووە، گوتیشی: هێرشەکە وەک کردەوەیەکی تیرۆریستی دەرنەکەوتوە.
گوڵان: سەردار خەلیل