سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ كونسولى چيك كرد

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ كونسولى چيك كرد

به‌يانيى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2022/4/12 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز كارێل كۆرتانێك كونسولى گشتيى تازه‌ى كۆمارى ‏چيك له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.‏

له‌ ديدارێكدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى پيرۆزبايى بۆ ده‌ستبه‌كاربوونى، هيواى ‏سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست و هه‌موو هاريكارى و پشتگيرييه‌كى بۆ سه‌رخستنى ‏ئه‌ركه‌كه‌ى ده‌ربڕى و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ‏له‌گه‌ڵ كۆمارى چيك دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها سوپاسى پشتگيرى و يارمه‌تييه‌كانى ‏كۆمارى چيكى بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى داعش له‌ چوارچێوه‌ى ‏هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيدا كرد.‏

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز كونسولى گشتيى تازه‌ى كۆمارى چيك، وێڕاى ده‌ربڕينى ‏خۆشحاڵيى خۆى به‌ ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ هه‌رێمى كوردستان، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ‏وڵاته‌كه‌ى به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و ‏هه‌موو هه‌وڵه‌كانى ده‌خاته‌ گه‌ڕ بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى ‏بواره‌كانى هاريكاريى نێوانيان.‏

په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى له‌ هه‌رێمى كوردستان، ‏ده‌رفه‌تى كار و وه‌به‌رهێنانى چيكى له‌ هه‌رێمى كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى ‏دۆخى سياسى له‌ عيراق، دۆخى شه‌ڕ له‌ ئۆكراينا و لێكه‌وته‌كانى و پێشهاته‌كانى ‏ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.‏

Top