ڕووسیا: جۆبایدن لە لێدوانێكدا (پوتن)ی بە تاوانباری جەنگ ناوبردووە

ڕووسیا: جۆبایدن لە لێدوانێكدا (پوتن)ی بە تاوانباری جەنگ ناوبردووە

 

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە كە وەزارەت بانگهێشتی باڵیۆزی ئەمەریکا جۆن سۆلیڤانی کردووە تاوەکو ئاگاداری بگاتەوە كە  لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆبایدن سەبارەت بەوەی كە گوتبووی پوتن ( تاوانباری جەنگە ) مەترسیدارەو پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە هەرەس پێ دێنێت.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە كردووەتەوە كە  ئەو جۆرە قسانە لە سەرۆکی ئەمەریکاوە قسەیەک نین دەوڵەتمەدارێک بەو پلە بەرزەوە بیکات، پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکاشی خستە ئاستی هەڵوەشانەوە.

وەزارەتی ناوبراو بە سۆلیڤانیشی ڕاگەیاندووە كە کردەوە دوژمنکارییەکان دژی ڕووسیا  ڕووبەڕووی وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوە دەبنەوە.

ڕۆیتەرز هەروەها دەشڵێت كە هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا جۆبایدن گوتبووی كە پوتن تاوانباری جەنگە  چونكە هەزاران سەربازی ڕەوانەی ناو ئۆکرانیا کردووە.

لە 24 ی مانگی شوباتەوە ڕووسیا بە هەزاران سەرباز شەڕی دژی ئۆکرانیا دەست پێ كرد، بە گوتەی ڕووسیا مەبەست لە ئۆپەراسیۆنەکەی لەناوبردنی نەتەوەپەرستە مەترسیدارەکانی ناو ئۆکرانیا و داماڵینی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیایە.

 

 

 

Top