ئێران دووەم سەتەلایتی سەربازی بە ناوی نور-2 ناردە  بۆشایی ئاسمان

ئێران دووەم سەتەلایتی سەربازی بە ناوی نور-2 ناردە  بۆشایی ئاسمان

 

لە پێشهاتێكی نوێدا دوێنێ ئێران ڕایگەیاند  كە لەم ڕۆژانەدا سەتەلایتێکی سەربازی بە سەرکەوتوویی ناردووە بۆ بۆشایی ئاسمان، ئەمە لە کاتێکدایە كە چاوەكان لەسەر ئەوەن گفتوگۆکانی ڤیەننا بۆ كاراكردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەكەی ساڵی 2015ی نێوان تاران و وڵاتانی زلهێز گەیشتبێتە قۆناغێکی گرنگ.

ئەم هەواڵە لەلایەن  ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرنا پشتڕاست كرایەوە، كە دووەم سەتەلایتی سەربازیی ئێران بە ناوی نور-2 لە ڕێگای مووشەکی قاسێدی سوپای پاسدارانەوە بەرەو بۆشایی ئاسمان هەڵدراوە و بە سەرکەوتوویی لە خولگەی 500 کیلۆمەتریی زەویدا جێگیر بووە.

لە لای خۆیەوە عیسا زارعپور وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای ئێرانی ئاماژەی بەوە كرد كە یەکەم سیگناڵەکانی نور-2 بە سەرکەوتوویی لەلایەن وێستگە زەمینیەکانەوە تۆمارکراوە.

 

شایانی باسە ئەم مانگە دەستکردە لە بیابانەکانی شاهرود لە پارێزگای سمنان کە نزیکەی 300 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی تارانی پایتەختەوە دوورە هەڵدراوەو هەر 90 خولەک جارێک بە دەوری زەویدا دەسووڕێتەوە و ئەرکەکەی بەلایەنی کەمەوە سێ ساڵ دەخایەنێت.

 

 

Top