تەقینەوەیەك لە مزگەوتی پێشەوا 30 کوژراو و 50 برینداری لێکەوتەوە

تەقینەوەیەك لە مزگەوتی پێشەوا 30 کوژراو و 50 برینداری لێکەوتەوە

 

 

 

نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی 4ی ئازار، خۆکوژێک لە مزگەوتێکی شیعەكان لە ناوچەی کۆچا ڕیسالداری پاکستان خۆی تەقاندەوە. ڕۆژنامەی دانی پاکستان، بەوتەی بەرپرسانی نەخۆشخانەی لیدی ڕیدینگ بڵاویکردەوە کە تەقینەوەکە 30 کوژراو و زیاتر لە 50 برینداری جێهێشتووە، ئەم تەقینەوەیە لە کاتێکدا روویدا کە نوێژکەران لە مزگەوت بۆ نوێژی هەینی کۆببوونەوە.

لیژنەی مافی مرۆڤی پاکستان ڕایگەیاند: بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان سەرەتا دوو هێرشبەر هەوڵیان داوە بچنە ناو مزگەوتی پێشەوا و تەقەیان لە هێزەکانی پۆلیس کردووە کە بەرپرسی پاسەوانی مزگەوتەکە بوون، لە ئەنجامدا پۆلیسێک  كوژرا و  یەكێكیش بریندار بوو.

محەمەد عەلی سیف، وتەبێژی ویلایەتی خەیبەر پەختونخا بە ڕۆژنامەی دان-ی ڕاگەیاند: کە دوو هێرشبەر لەو هێرشەدا دەستیان هەبووە و یەکێک لە هێرشبەرەکان لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ پۆلیسدا کوژراوە و هێرشبەرەکەی دیکەش چووەتە ناو مزگەوتەکەوە و خۆی تەقاندەوە،  بەلایەنی کەمەوە 30 کەس لەو تەقینەوەیەدا کوژراون.

بازاڕی چیرۆک وتنی پێشەوا کە مزگەوتەکەی لێیە بە هۆی بازاڕە کۆنەکەیەوە یەکێکە لە ناوچە  ئاوەدان و قرەباڵغەكانی شارەکە.

تا ئێستا هیچ کەس و گروپێک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی نەگرتووەتە ئەستۆ.

ئەم هێرشە جارێکی تر کۆمەڵگای پاکستانی لە بەردەوامی هێرشە کوشندەکانی چەند مانگی ڕابردوودا نیگەران کردەوە.

ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی پاکستان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەوکاتەوەی تاڵیبان گەڕاوەتەوە بۆ سەردەسەڵات لەئەفغانستان  چالاکی میلیشیا چەکدارەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.

لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردووەوە تا سەرەتای مانگی کانوونی دووەم هێرشی یاخیبووان لە پاکستان 56٪ زیادی کردووە، عمران خان، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، چەندین جار نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە لە بەرزبونەوەی توندوتیژییەکان لەو وڵاتەدا و دەڵێت: زۆربەی ئەو چەکدارانەی کە لە ناو پاکستانەوە هێرشی تیرۆریستی دەکەن، پەرستگایان لە خاکی ئەفغانستاندا هەیە.

شێخ ئەحمەد ڕەشید وەزیری ناوخۆی پاکستانیش لە سەرەتای مانگی شووباتەوە بە دەزگایەکی ڕاگەیاندنی پاکستانی ڕاگەیاند: کە جگەلە ئەندامانی تالیبان سوپای ئازادی بەلووچستان،باقی یاخیبووان پەناگەیان هەیە لە پارێزگاکانی پەکتیا و نەنگرهاری  پاکستان.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

تەقینەوەیەك لە مزگەوتی پێشەوا 30 کوژراو و 50 برینداری لێکەوتەوە
Top