کەشتییە ڕووسییەکان لە چوونە ناو بەندەر و ئاوی خاکی کەنەدا قەدەغەکرا
وەزیری گواستنەوەی کەنەدا ڕایگەیاند: کە وڵاتەکەی بەنیازە کەشتییەكانی ڕووسیا قەدەغە بکات لە چونە ناو بەندەرەکانی و ئاوی خاكی كەنەدا.
بەگوێرەی هەواڵێکی شەفەقنا لە مێهروە، بەوتەی سپوتنیک، وەزیری گواستنەوەی کەنەدا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند: کە وڵاتەکەی ڕێگری دەکات لە هاتنی کەشتییە ڕووسییەکان بۆ ناو بەندەرەکانی کەنەدا و ئاوی خاکەكانیان لە دوای هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.
وەزیری گواستنەوەی کەنەدا جەختی لەوە کردەوە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی ئۆقیانووس و پاسەوانی کەنارەکانی کەنەدا، بڕیاریاندا کەشتییەكانی ڕووسیا یان کەشتییە تۆمارکراوەکانی ڕووسیا لە چوونە ناو بەندەرەکانی و ئاوی خاکی ناوەوە قەدەغە بکات.
وەزیری گواستنەوەی کەنەدا گوتیشی: کە پێشبینی دەکرێت ئەم قەدەغەیە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە جێبەجێ بکرێت.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەتی لە دۆنباس لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ڕاگەیاند:
بەپێی ڕاگەیاندنی مۆسکۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە بە مەبەستی وەستاندنی هێزی سەربازیی ئۆکرانیا و بەرەنگار بوونەوەی نازییەکان و دادگاییکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لە تاوانی خوێناوی دژی هاووڵاتییانی مەدەنی لە دۆنباس ئەنجام دەدرێت.
هەروەها مۆسکۆ ڕایگەیاندووە کە هیچ پلانێکی نییە بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا.
گوڵان: سەردار خەلیل