هۆنراوەیەک له‌باره‌ی كورده‌وه سیمبولی به‌رخۆدانی ئۆكرانیایە...
(ڤاسیل سیمۆنینكۆ)ی هه‌ڵبه‌ستوانی ناوداری ئۆكرانی له سێپته‌مبه‌ری ساڵی 1963 له یادداشته‌كانی خۆیدا وه‌های نووسیوە:
٫٫دامهزراوه رۆژنامه‌وانییه‌كان توندئاژۆ و بێ كه‌ڵكتر بوون، سۆڤیه‌ت زیانی به هه‌ڵبه‌سته‌كانم گه‌یاند و هه‌ر یه‌كێك به هه‌وه‌ستی خۆی هه‌رچی ویستی كردی و، چه‌ندین چامه شیعرییهكانمیان له‌ناو برد؛؛.
دسه‌ڵاتی سۆڤیه‌ت ویستی كاریگه‌رترین ده‌نگ له نه‌وه‌ی شه‌سته‌كان له‌نێو ژماره‌یه‌ك له نووسه‌ر و شاعیرانی گه‌نج ئه‌وانه‌ی خۆیان به به‌رپرس ده‌زانی له‌وه‌ی چاند و كه‌لتووری ئۆكرانیای سۆڤیەتی بژێننه‌وه بێده‌نگ بكا، بۆیه زۆربه‌ی شیعره‌كانی ڤاسیل سیمۆنینكۆ له‌میانی ته‌مه‌نی كورتی ئه‌ودا رێگای بڵاوكردنه‌وه‌ی پێ نه‌درا. كۆمه‌ڵه شیعرێكی به‌ناوی (بێده‌نگی و بروسك) له ساڵی (1962)دا بڵاو بوویه‌وه و له‌لایه‌ن سانسۆره‌وه به به‌رده‌وام به‌رهه‌مه‌كانی دهشێوێندرا و زۆرێك له چه‌مك و گوزارشته سه‌ره‌كییه‌كان ده‌سڕدرانه‌وه و ناوونیشانه‌كانیان ده‌گۆڕدران؛ به‌شێوه‌یه‌ك كه شیعره‌كان له واتاكانییان به‌تاڵ ده‌كرانه‌وه. به‌م هۆیه‌وه ڤاسیل سیمۆنینكۆ له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و سته‌مه‌ی گۆڤاره سۆڤیه‌تییه‌كان و رژێمی ئەوسای دەوڵەتی سۆڤیەت له شیعره‌كانیان ده‌كرد ناڕه‌زایی توندی ده‌نواند، تاكو ئه‌و ئاسته‌ی شیعری (بۆ برای كوردم ) رێگای پێ نه‌درا و له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بڵاو بوویه‌وه.
شیعری بۆ برای كوردم یه‌ك له‌و هه‌ڵبه‌ستانه بوو کە سیمۆنینکۆ لە ئاداری ساڵی 1963دا بۆ شۆڕشی گەلی کوردستان نووسی لەسەردەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە رابەرایەتی مەلا مستەفای بارزانی دژ بە زوڵم و ستەمکاریی رژێمی ئەوسای عێراق، ئەوەی وایكرد سیمۆنینكۆ وه‌كو شاعیرێك ئەو هۆنراوەیە بۆ شۆڕشی کوردستان بنووسێ پاڵپشتی سۆڤیەت بو لە رژێمی ئەوسای عێراق دژ بە گەلی کورد، ڤاسیل سیمۆنینکۆی شاعیر لێرەدا دەڵێ کە شۆڤینیزمی سۆڤیەتی دوژمنی هەرە سەرسەختی کورد و ئۆکرانیەکانە و بەو شیعرەشی بووە قارەمانێکی نه‌ته‌وه‌یی و له‌نێوان نه‌وه‌كانی ساڵانی شه‌سته‌كان و حه‌فتاكاندا وه‌كو قسه‌كه‌ری ئۆپۆزسیۆنی ئۆكرانی و یەکێک لە گرنگترین کەسایەتی ئەدەبیی ئۆکرانی ناسرا. ڤاسیل له‌میانی ئه‌و شیعره‌یدا هاوڕێیه‌كی كوردی ده‌دوێنێت كه وڵاته‌كه‌ی له‌لایه‌ن سته‌مكار و خوێنمژانهوه داگیر كراوه، ئه‌و تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌وا سته‌مكاران له‌نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراو نین... ئه‌وان له نه‌ژادێكی سیمبولیكن، بۆیه ئه‌و هه‌ڵبه‌ستوانه ناویانی وه‌كو شۆڤینیزم هێناوه... شۆڤینیزم له‌لای ئه‌و پەلاماردهرێكی تینوو به خوێنه و هیچ به‌زه‌یی لەدڵدا نیه و ته‌نیا له زمانی گولله تێدەگات.
شۆڤینیزم له‌سه‌ر خوێنی میلله‌تانی ده‌وڵه‌مه‌ند و ئازاردراو زیاتر قه‌ڵه‌و ده‌بێت و(هیچ ده‌رفه‌تی رێككه‌وتن و ئاگربه‌ست له‌گه‌ڵ سته‌مكاراندا نیه و تاکە رێگا تێكۆشینه له‌هه‌مبه‌ریان).
ئیگۆر چانكۆڤسكی سه‌باره‌ت به‌و هه‌ڵبه‌سته‌ی سیمۆنینكۆ گوتی: (ئه‌و وه‌كو پرۆمسیۆسه هاكا كۆت و زنجیره‌كانی پساند)، ئه‌و هه‌ڵبه‌سته ته‌نها بانگه‌واز نیه بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه داگیركراون تاكو سه‌روه‌ری و ئابڕوو و ناسنامه نیشتمانییه‌كانیان بپارێزن، به‌ڵكو داوایه‌كه تاكو به‌هێزتر له‌هه‌مبه‌ر داگیرکەران بوه‌ستنه‌وه و تاكو دوایین شۆڤێنی له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه مابێت له‌خه‌بات كردن به‌رده‌وام بن.
ئه‌و هه‌ڵبه‌سته له‌كاتێكدا نووسرا كه زۆرده‌ستی و داپڵۆسین و چه‌وساندنه‌وه له‌لایه‌ن رژێمی سۆڤیه‌ته‌وه گه‌یشتبوه ترۆپك، هاووڵاتیان له ئاماژه‌كانی سیمۆنینكۆ گه‌یشتن كه باس له گه‌لی كورد ده‌كا وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی هاوشێوەی ئەوان سته‌ملێكراو، بۆیه هه‌ڵبه‌سته‌كه نزیك بوو له دۆخی ئه‌وسای ئۆكرانیا و نووسینه‌وه‌ی هه‌ڵبه‌سته‌كه به فراوانی بڵاو بوویه‌وه و وایكرد سه‌رباری ده‌ستگرتن و پاراستنی خواستی ئازادیی ئۆكرانیا، له‌هه‌مان كاتیش‌دا واتایه‌كی جیهانیش له شیعره‌كانی ئه‌ودا به‌دی بكرێ.
له‌و كاته‌ی ڤاسیل سیمۆنینكۆ به‌هۆی شێرپه‌نجه‌وه كۆچی دوایی كرد، له‌لایه‌ن رۆشنبیره ئۆكرانییه نیشتمانپهروهركان وه‌كو كه‌سایه‌تییه‌كان كه شیاوی په‌رستن بێت سه‌یر ده‌كرا و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هاوكات بوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵمه‌تی ده‌سه‌ڵاتی سۆڤییه‌ت بۆ سڕینه‌وه‌ی كاریگه‌ری نووسینه‌كانی. نه‌وه‌ی بچووكتری نووسه‌رانی ئۆكرانی هه‌ستان به كۆكردنه‌وه‌ی هاوكاری بۆ یارمه‌تیدانی ماڵباتی سیمۆنینكۆ و کۆکردنەوەی یادەوەریەکانی و كۆڕی شیعر خوێندنه‌وه‌یان بۆ ده‌قه‌كانی ساز و به‌ڕێوه ده‌برد، له‌به‌رامبه‌ریشدا ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی سۆڤیه‌ت دایكی ئه‌ویان ناچار كرد نامه‌یه‌ك بنووسێت و تێیدا بڵێت كه سیمۆنینكۆ هاووڵاتییه‌كی دڵسۆزی سۆڤیه‌ت و کۆمۆنیستێکی راستەقینە بوو)، هه‌وره‌ها ده‌سه‌ڵاتی سۆڤیه‌ت ئه‌و دانپێدانه ساخته‌یه‌ی دایكی ڤاسیلیان وه‌كو به‌ڵگه‌یه‌كی تاوانباركردن بۆڻ راوه‌دوونانی ژماره‌یه‌ك له رۆشنبیره ئۆكرانییه‌كان به‌كارهێنا كه تۆمه‌تبار كرابوون بە دزەپێکردن و گەیاندنی ده‌ستنووسه‌كانی سیمۆنینكۆ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
بۆ یه‌كه‌مجار هه‌ڵبه‌ستی (بۆ برای كوردم) له ساڵی (1965) له گۆڤارێكی ئه‌ڵمانی به‌ناوی (سۆخانیست) و پاشان له‌نێو گوڵبژێرێک له هه‌ڵبه‌ست و په‌خشان و نووسینه‌كانیدا بڵاو بوویه‌وه. ئه‌و هه‌ڵبه‌سته به‌یه‌كه‌م شیعری سیمۆنینكۆ هه‌ژمار ده‌كرێ كه دوور له چاودێری و سانسۆری رژێمی سۆڤیه‌تدا بڵاو بووبێته‌وه، له‌وه‌دا شكه‌ستیان هێنا ناو و په‌رتووكه‌كانی ئه‌و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كار بهێنن و له‌به‌ر ئه‌وه له ساڵی (1966) به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌ویان له نیشتمانهكەی خۆیدا قه‌ده‌غه كرد؛ بەڵام ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی ئۆكرانی پێڕاگەیشتن و له‌لای خۆیان كۆپییان كرد و به‌ر له‌هه‌موو نووسینه‌كانی و بێ ئه‌وه‌ی بترسن و لە هیچ شتێک سڵ بکەنەوە هه‌ڵبه‌ستی (بۆ برای كوردم)ی سیمۆنینكۆیان پاراست و تاكو ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت له ئۆكرانیا وه‌كو هێمایه‌ك بۆ بەرگریکردن له نیشتمان و بەگژاچوونەوەی سۆڤیەتی جاران و رووسیای ئەمڕۆ سه‌یر ده‌كرێ.
لە ساڵی 2008 یشدا بۆ بەرز راگرتنی پلە و پایەی شاعیری مەزن ڤاسیل سیمۆنینکۆ و رێزگرتن لە داهێنانی ئەدەبی و هەڵوێست و خەباتی نشتیمانیانەی، بانکی نیشتمانی ئۆکرانی وێنەی ڤاسیلی لەسەر پوولی پۆستە چاپ کرد و ئەو شاعیرە ناودار و نشتیمانپەروەر و داهێنەرە وەک کەسایەتیەکی گرنگ و بایەخدار لەسەر ئاستی ئۆکرانیا بە فەرمی ناسێنرا.
ده‌قی شیعره‌كه:
بۆ برای كوردم
چیاكان ده‌گرین و
خوێنیان لێ دەچۆڕێ،
ئه‌ستێره‌کان رژان و دابارین؛
کەوتنە دامێنی دۆڵه‌كان و
زامداران نێژران.
شۆڤینزمی برسی
دڕندانە پەلامار دەدا...
ئه‌ی كورد
فیشەکەکانت بەفیڕۆ مه‌ده و
گیانی جەللاده‌كانی پێ داپاچە ...
وه‌ك گەردەلوولی خوێن
وه‌ك ره‌شه‌با
دەسڕێژ بنێ بە ستەمکاری زۆڵ،
با ته‌نیا فیشەک له‌گه‌ڵیاندا بدوێ.
ئه‌وان ته‌نیا بۆ ئەوە نه‌هاتوون
بتکەن بە کۆیلە،
ئه‌وان مەبەستیانە
ناو و زمانت بسڕنه‌وه و
منداڵەکەشت هەتیو بکەوێ.
تۆ له‌ته‌ك سته‌مكاراندا هەڵناکەی،
کە ئه‌و فەرمانت پێ بکا و
تۆش نۆکەری بیت.
ئه‌وان به‌و خوێنە قه‌ڵه‌و ده‌بن
کە لێیان پەست و یاخییە...
شۆڤینیزم تاهەتا
دوژمنی سەرسەختی ئێمەیە؛
ئەو ملهوڕە دەستناپارێزێ
پەنا بۆ هەر شتێک دەبا
تۆی پێ ملکەچ و زەلیل بکا.
ئەی کورد؛
دەست بە فیشەکەکانتەوە بگرە،
دەنا خەڵکەکەی خۆتت پێ رزگار نابێ.
وریا بە
هێزی رق ناخەوێ،
میهرەبانی دروشمێکی بریقەدارە،
تۆش ناحەسێیتەوە
تاوەکو دوا شۆڤینی
لەسەر گۆی ئەم زەویە لەگۆڕ نەنرێ..