مەترسییە جیهانییەكان لە توانا و ئەقڵی سیاسەتمەداران گەورەترە
كاتێك دۆناڵد ترەمپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی 2016 بۆ سەرۆكایەتیی ئەمریكا، ڕاشكاوانە ڕایگەیاند: “چی دیكە پاراستنی بنەماكانی مافی مرۆڤ و دەستێواردان و بونیادنانەوەی دەوڵەتان و وەرگرتنی پەنابەران كاری ئەمریكا نییە”، باراك ئۆباما-ی سەرۆكی پێشتووتری ئەمریكا كە هاوكاریی هەڵمەتی بانگەشەكانی هیلاری كلینتۆنی دەكرد، دەستوورەكەی ئەمریكای دابووە دەست هاوڵاتیهكی ئهمریكی " بهرهگهز پاكسانی" و دەیگوت: “قسەكانی ترەمپ دژی دەستووری ئەمریكایە، لەبەر ئەوەی ئەم هاووڵاتییە بە پێی ئەم دەستوورە هاووڵاتیەكی ئەمریكییە و هەر ئەم دەستوورەش ئەو مافەی پێ داوە، كە كوڕەكەی ببێتە سەربازی ئەمریكا و لە پێناوی بەها بەرزەكانی ئەم دەستوورە بەشداریی شەڕی عێراق بكات و لەو شەڕەشدا بكوژرێت.”
باراك ئۆباما لەو بانگەشەیە مەبەستی بوو بڵێت:
1- لەگەڵ ئەوەی پارتی دیموكراتی ئەمریكا لەگەڵ شەڕی ئەمریكا نەبوو لە عێراقدا، بەڵام بۆ پاریزگاریكردن لەم دەستوورە پارتی دیموكراتی لە ساڵی 2007 پشتگیریی ڕاپۆرتەكەی “بیكەر- هاملتۆن”ی كرد بۆ ناردنی بەپەلەی هێز “surge” بۆ عێراق، لە پێناوی ئەوەی تیرۆریستانی ئەلقاعیدە قەڵاچۆ بكرێن و بنەماكانی جاری گەردوونیی مافەكانی مرۆڤ بپارێزێت.
2- هاووڵاتیانی ئەمریكا چ ئەوانەی بە بنەچە ئەمریكین و چ ئەوانەشی بە پەنابەری هاتوونەتە ئەم وڵاتە و بوونەتە هاووڵاتی، هەموویان پێكەوە بەرگری لە لائیحەی ئەو مافانە دەكەن كە لەم دەستوورەدا هاتوون و هەمووشیان ئامادەن لە پێناوی پاراستنی ئەو بەهایانە گیانی خۆیان ببەخشن.
3- ئۆباما مەبەستی بوو بڵێت، ئەمریكا بە هۆی دەستێوەردانەكانی لە “شەڕی یەكەمی جیهان و دامەزراندنی كۆمەڵەی گەلان و، شەڕی دووەمی جیهان و دامەزراندنی نەتەوە یەكگرتووەكان، سەركردایەتیكردنی شەڕی سارد و دامەزراندن و پاراستنی سیستمی لیبڕاڵیی نیودەوڵەتی و “شەڕ لە پێناوی بنبڕكردنی شەڕ” بووەتە سۆپەر پاوەری جیهان، هەر بۆیە كاتێك ترەمپ بانگەشە بۆ ئەوە دەكات، دەستێوەردان و پاراستنی بنەماكانی جاڕی گەردوونیی مافەكانی مرۆڤ، چیتر كاری ئەمریكا نییە، ئەوا بە تەواوەتی بنەماكانی ئەم دستوورە پێشێل دەكات.
لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2020ی ئەمریكادا، جارێكی دیكە ترەمپ وەك كاندیدی پارتی كۆماری لەسەر دروشمەكانی ساڵی 2016 بەردەوام بوو، بەڵام بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڤید 19 و خۆپیشاندانی ڕەشپێستەكانی ئەمریكا و لە سەرووی هەمووشیانەوە تەواونەبوونی دروستكردنی ڤاكسین بۆ ئیحتواكردنی كۆڤید 19، ئەوە بوو ترەمپ هەڵبژاردنەكانی دۆڕاند، بایدن-یش گەلی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی ترانس ئەتلەنتیكی دڵنیا كردەوە كە هەموو شتێك دەگێڕێتەوە بۆ پێش سەرۆكایەتیی ترەمپ، بەڵام با بزانین لە ماوەی ئەم 14 مانگەی بایدن وەك سەرۆكی ئەمریكا لە “كۆشی سپی”یە، توانیویەتی كام لەو هەنگاوانەی ترەمپ پێچەوانە بكاتەوە:
1- ترەمپ ددانانی نا بە “بەرزاییەكانی جۆلان” وەك بەشێك لە خاكی ئیسرائیل، لە كاتێكدا بەرزاییەكانی جۆلان خاكی سووریایە و لە ساڵی 1967 ئیسرائیل داگیری كردووە، هەروەها ترەمپ ددانانی نا بە قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل، ئەم بڕیارەی ترەمپ لە ئیدارەی بایدن-یش گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە.
2- ترەمپ یەك لایەنە لە ڕێككەوتنی ئەتۆمیی وڵاتانی (1+5) لەگەڵ ئێران هاتەدەرەوە و، یەكەم كاری ئیدارەی بایدن ئەوە بوو بگەڕێتەوە ناو ئەم ڕێككەوتنە، بەڵام هەتا ئێستاش ئاسۆیەكی ئەوتۆ دیار نییە كە ئەم ئیدارەیە لەگەڵ ئێران بگەنە ڕێككەوتن.
3- ترەمپ لەگەڵ حكومەتی ئەفغانستان ڕێككەوت كە لە ساڵی 2021 هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان دەكشێتەوە، ئیدارەی بایدن وەك خۆی ئەم ڕێككەوتنەی ترەمپی جێبەجێ كرد و، لەسەر سینییەكی زێڕ ئەفغانستانی تەسلیمی تالیبان كردەوە، كە تەنیا ئەمریكا زیاتر لە سێ ترلیۆن دۆلار و دەیان هەزار سەربازی (بە كوژارو و بریندارەوە) لەو شەڕەدا لە دەست داوە، ئەمە بێجگە لە زیانەكانی دەوڵەتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی.
4- سەبارەت بە گێڕانەوەی شكۆ بۆ هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی و سەركردایەتیی ئەمریكای ڕاستەوخۆ بۆ ئەو هاوپەیمانییە، ئێستا وەك هەموو لایەك دەیبینین، ڕووسیا لە هەموو كاتێك زیاتر تەحەددای ناتۆ دەكات و، جیا لەوەی داوای دیكۆمێنیتی فەرمی لە ئەمریكا دەكات بەوەی “نە ئێستا و نە لە داهاتووشدا نابێت ئۆكرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ”، لە هەمانكاتدا داوای ئەوە دەكات كە دەبێت بڵاوەپێكردنی هێزەكانی ناتۆ بكشێتەوە بۆ ساڵی 1997.
ئەم بەراوردكردنەمان بۆ ئەوە نییە كە بڵێین: “ترەمپ لە بایدن باشتر بوو، یان بەپێچەوانەوە”، هەروەها بۆ ئەوەشمان نییە كە بڵێین “ترەمپ پابەندی بەڵێنەكانی خۆی بوو، بەڵام بایدن نەیتوانیوە بەڵینەكانی خۆی جێبەجێ بكات”، بەڵكو لەم بەراوردكارییە مەبەستمانە بڵێین: ئەگەر لە ساڵی 2020 جارێكی دیكە ترەمپ ببوایەتەوە بە سەرۆكی ئەمریكا، ئەوا لەوانە بوو بارودۆخەكە لەمەی ئێستای سەردەمی ئیدارەی بایدن خراپتر بێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی بایدن و پارتی كۆماری لەو قەناعەتەدا بوون، كە ئەمریكا بەبێ هاریكاری و هەماهەنگی و هاوپەیمانەكانی نە دەتوانێت سۆپەر پاوەر بێت، نە دەشتوانێت سەركردایەتیی جیهان بكات، ئەم پرانسیپەی دیموكراتەكان لە ڕووی تیۆریی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی سەردەمانی شەڕی سارد، تیۆریكی ڕاست بووە و سەركەوتنی گەورەشی بە دەست هێناوە، بەڵام لە ئێستادا كە میكانیزمی هاریكاری و هەماهەنگی لەسەر ئاستی جیهان لەبار چووە و، توانای دەوڵەتمەدار و دیپلۆماتەكان لەسەر ئاستی جیهان لە ئاستی مەترسییە جیهانیەكاندا لەوە لاوازترە كە بتوانێت دووبارە هەمانگی و هاوكاری لەسەر ئاستی دەوڵەتانی جیهان دروست بكاتەوە، ئەوا ئەمە مانای ئەوەیە نەك “ترەمپ و بایدن” بەڵكو ئەگەر هەموو باوكانی دامەزرێنەری ئەمریكا زیندوو ببنەوە و سەركردایەتیی ئەم قۆناغەیان پێ بسپێردرێتەوە، ئەوا ئەوانیش ناتوانن لە ناو ئەو چوارچێوە كۆنە، شكۆ بۆ ئەمریكا و سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی بگێڕنەوە، وەك بیرمەندانیش ڕۆژانە جەختی لەسەر دەكەنەوە، چیرۆكی لیبڕاڵی كۆتایی هات و هێشتا چیرۆكێكی دیكەش دروست نەبووە كە جیهان لە دەوری كۆببێتەوە.
* ئیحراجیی كۆڕبەندی داڤوس و كۆنفرانسی میونشن
لە پاراستنی دیموكراتی و سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتیدا
كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی – داڤۆس، لە ساڵی 1971ـەوە بۆ ڕێگرتن و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو كێشانە دامەزراوە كە ڕووبەڕووی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی و ئابووریی بازاڕ دەبێتەوە و، تەوەرەی سەرەكیی ڕاپۆرت و پەنێڵە سەرەكییەكانیشی هەر بۆ ئەو مەترسییانە تەرخان دەكران، بەڵام ئەمساڵ 2022 بۆ یەكەمین جار بوو، ڕاپۆرتی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی ڕاستەوخۆ خاڵە سەرەكییەكانی ڕاپۆرتەكەی و پەنێڵە سەرەكییەكانی تایبەت بە “مەترسییەكان لەسەر سیستمی دیموكراتی، مەترسییەكان لەسەر ئابووریی بازاڕ، مەترسییەكان لەسەر سیستمی نوێی جیهان” نەبوون، بە پێچەوانەوە ئەو خاڵە سەرەكییانەی ڕاپۆرتی “مەترسییە جیهانییەكان –داڤۆس 2022 “ لە خۆی گرتبوو، بریتی بوون لە:
1- لێدانی ڤاكسین و سەلامەتیی تاك و دووبارە بووژاندنەوەی ئابووری بەو مەرجەی ئەو جیاوازییەی ئێستا لە پێدانی ڤاكسین لەسەر ئاستی دەوڵەتان بوونی هەیە، نەبێتە هۆكاری بووژانەوەی جیاواز و دروستبوونی نادادپەوەریی زیاتر لەسەر ئاستی جیهان.
2- مەترسیی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا.
3- مەترسییەكانی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و هەڕەشەكانی فەزای سایبەر.
4- نەبوونی سیستمێكی بەڕێوەبردن بۆ گەشتەكانی فەزا و مەترسیی بەریەككەوتن لە فەزای دەرەوەی هەسارەی زەویدا.
ئەوەی جێگەی هەڵوەستەكردن بوو لەسەر كۆڕبەندی داڤوس ئەوە بوو، جیا لەوەی ساڵی پار 2021 بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڤید 19 نەتوانرا ئەم كۆڕبەندە گرێ بدرێت، ئەمساڵیش بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی “ئۆمیكرۆن”، كۆڕبەندەكە تەنیا بە ئۆنڵاین بەڕێوەچوو، ئەمە لە كاتێكدا یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی ئەم كۆڕبەندە باسی بووژانەوەی ئابووری بوو دوای قۆناخی پەتای كۆڤید 19، بەڵام خودی كۆڕبەندەكە لە ترسی پەتای كۆڤید 19 و ئۆمیكرۆن بە ئۆنڵاین بەڕێوە چوو.
هەر سەبارەت بەم پرسە و بۆ پاراستنی “سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی” لە دوای تەنگژەی “كەنداوی بەرزان -كوبا” خەریك بوو لە ساڵی 1962 شەڕێكی ئەتۆمی لە نێوان ئەمریكا و یەكێتیی سۆڤیەت بێتە ئاراوە، لە ساڵی 1963 یەكەمین كۆنفرانسی میونشن – ئەڵمانیا گرێ درا، لەو كاتەوە هەتا ئێستا هەموو ساڵێك ئەم كۆنفرانسە گرێ دەدرێت، كۆنفراسی ئەمساڵ كە پەنجاو هەشتەمین كۆنفرانسە بڕیارە ڕۆژی 19ی شوبات بە هۆی مەترسیی “كۆڤید 19 و ئۆمیكرۆن” بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی دیاریكراوی ئامادەبووان بەڕێوە بچێت، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی تا نووسینی ئەم دێڕانە ڕاپۆرتی كۆنفرانسەكە بڵاو نەكراوەتەوە، بەڵام وەك واڵفانگ شنایدەر سەرۆكی كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایشی جیهان لە پەیامێكدا بۆ كۆنفرانسی ئەمساڵ ئاماژەی پێ كردووە و دەڵێت: “جیهانەكەمان لە ژێر مەترسیدایە، دڵنیایی نەریتی لەبەریەك هەڵوەشاوە، هەڕەشە و خاڵە لاوازەكان تا دێت زیاتر دەبن، ئەو سیستمەی لەسەر بنەمایەكی پتەو دامەزرابوو، زیاتر كەوتووەتە ژێر هێرشەوە، هەر بۆیە ئەوەندەی لەم سەردەمە پێویستییەكی گەورەمان بە دیالۆگ هەیە، لە هیچ سەردەمێك هێندە پێویستمان نەبووە”. ئەوجا ئەگەر بە وردی سەرنج لەم پەیامەی شنایدەر بدەین، كە پێشان لە هەر كۆنفراسێكدا دەیگوت: سیستەمەكەمان “سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی” لە ژێر مەترسیدایە، ئەوا ئەمجارە دەڵێت: “جیهانەكەمان لە مەترسیدایە”، ئەمە مانای ئەوەیە ڕاپۆرت و پەنێڵە سەرەكییەكانی كۆنفرانسی میونشن-یش جیاوازییەكی ئەوتۆی لەگەڵ ئەو مەترسییانە نابێت كە ڕاپۆرتی ئەمساڵی كۆڕبەندی ئابووریی جیهان ئاماژەی پێ كردوون. شنایدەر بە هاوشێوەی قسەكانی ئۆلاف شۆلتز ڕاوێژكاری تازەی ئەڵمانیا لە كۆڕبەندی ئۆنلاینی داڤوس، هەموو كێشەكانی بەستووەتەوە بە هاوكاری و هەماهەنگی و دیالۆگ لە نێوان كۆی دەوڵەتانی جیهاندا. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم خۆزگە و ئاواتەی مرۆڤی ئاقڵ “sapiens” دێتەدی كە لە بەرامبەریدا ئەقڵێكی بەهێزتر هەیە، كە ئەویش ئەقڵی “زیرەكی دەستكرد”ـە؟ ئەگەر بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پەنا بەرینە بەر خانمی زانا “پڕۆفیسۆر فی فی لی” بە ڕەچەڵەك چینی و بەڕێوەبەری ئامۆژگای ستانفۆرد بۆ “زیرەكی دەستكرد”، ئەوا وەك لە پەنێڵێكدا ئاماژەی پێ كرد، ئەم كێشەیە “پێویستی بە دیالۆگ و هاریكاری و هەماهەنگیی نێوان “زانایانی زانستی كۆمپیوتەر، بایۆلۆژی و فیزیا و ئەندازیارانی ئای تی و كۆمپانیاكان و سیاسەتمەداران” هەیە بۆ ئەوەی ڕێگەچارەی زانستییانە بۆ بەرژەوەندیی مرۆڤایەتی لە مەترسیی زیانەكانی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا وگۆڕانكاریەكانی كەشوهەوا، ڕێگرتن لە بێكاری و دروستبوونی “چینێكی بێ كەڵك، و تەواوی كێشەكانی دیكە” بدۆزرێتەوە. بەڵام لەسەر ئەم وەڵامەی “فی فی لی”، بیرمەندانی بواری مێژوو و سیاسەت ڕەشبینن بەوەی لە ئێستادا “زانا و ئەندازیاران” بتوانن وەڵامی پرسیارە فیكرییەكانی فەیلەسووفانەی سەدەكانی پێشوو بدەنەوە، بۆیە زۆر زەحمەتە هاوكاری و هەمانگیی پێویست لە نێوان هەموو لایەنەكاندا بێتە ئاراوە.. هەر ئەم ڕەشبینییەش كۆی فیكری سیاسەتمەدار و دیپلۆماتكارانی بە شێوەیەك ئاڵۆز كردووە، كە نەتوانن چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكان بدۆزنەوە، یان وەك پێویست مەزندەیان بۆ مەترسییەكانی ئایندە هەبێت.