كۆبوونەوەكانی پەیماننامەی عەرەبی مافی مرۆڤ لە قاهیرە دەستیان پێکرد و حکومەتی هەرێم بە شاندێکی فەرمی بەشدارە

كۆبوونەوەكانی پەیماننامەی عەرەبی مافی مرۆڤ لە قاهیرە دەستیان پێکرد و حکومەتی هەرێم بە شاندێکی فەرمی بەشدارە

١٤/٢/٢٠٢٢

ئەمڕۆ، ١٤/٢/٢٠٢٢ لە قاهیرە کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبی لەسەر پەیماننامەی عەرەبی بۆ مافەکانی مرۆڤ و پابەندبوونی عێراق بە پەیماننامەکە بەڕێوەچوو، و سبەش بەردەوامی دەبێت. حکومەتی هەرێم بە شاندێکی فەرمی بەشدارە کە پێکهاتوون لە کەسانی شارەزا لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و پسپۆڕانی یاسایی، د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات لە چوارچێوەی شاندی کۆماری عێراق.

سەرۆکی شاندی حکومەتی هەرێم چەند وتەیەی سەبارەت بەو ڕاسپاردانە پێشکەش کرد کە ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کرابوون لە چوارچێوەی کۆماری عێراق.

سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان، د. دیندار زێباری گوتی "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە لەخۆگرتنی ئاوارە و پەنابەران لەژێر هەر هەڵومەرجێک دا بێت. لە ڕووی گەڕانەوەی ئاوارەکانیش، سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونبووە کە بریتیە لە یارمەتیدان و پشتیوانیکردنی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی هەموو ئاوارەکان بۆ شوێنی ڕەسەنی خۆیان، لەم بارەیەوەش، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە هاوکاربووە لە گەڕانەوەی زیاتر لە ٧٠٠،٠٠٠ کەس بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان."

د. دیندار زێباری گوتی کە پرسی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش هێشتا پرسێکی هەڵپەسێردراوە. ڕێککەوتننامەی شەنگال هێشتا جێبەجێ نەکراوە و چەند هێزێکی چەکداری ناعێراقی لەم ناوچانە بوونیان هەیە کە ئەمەش وایکردووە بۆشاییە ئەمنییەکان فراوانتر ببن و تیرۆرستانی داعش جموجۆڵەکانیان دەستپێبکەنەوە. حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەوەیە کە بە زووترین کات ڕێککەوتننامەی شەنگال جێبەجێ بکرێت و دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان بگەڕێنەوە ناوچە ئازاداکراوەکان."

لە ئازادکردنەوەی ئەو ناوچانە، ١٧١٩ پێشمەرگە شەهیدبوون و هەروەها ١٠٣٦٩ پێشمەرگە برینداربوون و ٤٧یش تا ئێستا بێ سەروشوێنن. لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری گوتی "هەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد). دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم چەندین بەڵگە و زانیاری پەیوەست بە داعش و سەرچاوە داراییەکانی داوە بە یونیتاد. ئەم میکانیزمەی ئاڵۆگۆڕی زانیاری دامەزراوە بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی ئەرشیڤەکانی پەیوەست بە تاوانەکانی داعش، و تا ئێستا زیاتر لە ١٧،٠٠٠ بەڵگە ڕادەستی یونیتاد کراوە. ئەمە پڕۆسەیەش تەریبە لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕیاری ٢٣٧٩ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێکهێنانی تیمێکی نێودەوڵەتی بۆ یارمەتیدانی عێراق لە دادگاییکردنی داعش لەژێر ڕۆشنایی تاوانە نێودەوڵەتییەکان."

دەربارەی پێکدادان و بۆردوومانە سنوورییەکان، د. دیندار زێباری گوتی، " لە ساڵی ڕابردوو، ٦٢٦ بۆردوومانی سنووری هەبووە کە ٢١٦ هێرشی ئاسمانی و ٤٠٣ تۆپ و ٨ هێرشی زەمینی تۆمارکراون. بەردەوامی ئەم هێرشانە سەروەری عێراق دەخەنە ژێر هەڕەشەوە. داوا لە پێکهاتە چەکدارەکان دەکەین کە خاکی هەرێمی کوردستان بەکارنەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی هاوسێ، هاوکات داوا لە وڵاتانی هاوسێ دەکەین کە ئەوە لەبەرچاوبگرن کە خەڵکی سڤیل لە ناوچە سنوورییەکان نیشتەجێن و بەهۆی بۆردوومانەکانەوە ماڵ و حاڵیان لەژێر مەترسیدایە."

شاندی حکومەتی هەرێم داتای وردیان سەبارەت بە مەترسییەکانی داعش، ژمارەی ژنان لە دامەزراوەکانی حکومەت، و هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، پێشکەش بە لیژنەی مافی مرۆڤی عەرەبی کرد لە کۆمکاری عەرەبی.

بە گوێرەی ئەو میکانیزمەی لە نێوان نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و دامودەزگا پەیوەندیدارە فیدڕاڵییەکان هەیە، حکومەتی هەرێم ڕۆڵی کارای لە کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ دەبێت، کە خۆی لە گەیاندنی ڕاستییەکان و دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەردەم حکومڕانی دروست و سەروەری یاسا دەبینێتەوە. ڕەوشی حوکمڕانی لە هەرێم کوردستان پێویستە وەک خۆی و بە دروستی بگاتە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش لە چوارچێوەی بنەما فیدڕاڵییەکان و بنچینەکانی هاوبەشییە لە کۆماری عێراق.

Top