له‌ ساڵی 2021دا هه‌شت هه‌زار توشبووی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان تۆمارکراون

له‌ ساڵی  2021دا هه‌شت هه‌زار توشبووی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان تۆمارکراون

 

 

ساڵانە لە ڕۆژی چواری مانگی شوباتدا جیهان بە مەراسیمی جیاواز یادی ڕۆژی جیهانیی شێرپەنجە دەكاتەوەو تێیدا کار لەسەر هۆشیارکردنەوەی ڕای گشتی و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە دەکرێت.

بۆ ئەم مەبەستەش لە هەرێمی كوردستاندا بەبەشداریی زیاتر لە 300 پزیشک و بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، كۆنفرانسێكی تایبەت بە شێرپەنجە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو بەئامانجی دابینکردنی پشتیوانیی دەرونی و دارایی بۆ توشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە.

لەم ڕووەوە رێکخەرانی كۆنفرانسی تایبەت بە شێرپەنجە لە هەولێر رایانگەیاند، ئامانجی کۆنفرانسەکە  پشتیوانی دەرونی و دارایی بوو  بۆ توشبووانی شێرپەنجە، کە یەكێكیان لەلایەن رێکخراوە تەندروستییەکانەو ئەوی دیكەش خودی حکومەتی هەرێم بەرپرسیارییەتیی دابینکردنی هەڵدەگرێت.

بە گوتەی  سەرپەرشتیاری کۆنفرانسەكە دکتۆر باساک بەرزنجی ، 8000 حاڵەتی توشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون کە زۆربەیان دانیشتووی شاری هەولێرن، هەروەها زۆرترین جۆری شێرپەنجەش، شێرپەنجەی سییەکانە لەپیاوان و شێرپەنجەی مەمکیش بەربڵاوترینە لەناو ژناندا.

 

 

Top