لەسەر سنووری سووریا- ئوردن (27) قاچاخچی كوژران
ماڵپەڕی سوپای ئوردن لە میانی ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە هێزەکانی ئەو وڵاتە (27) قاچاخچی گومانلێکراویان کوشتووە کە ویستوویانە لە سووریاوە بچنە ناو ئوردنەوە.
ڕادیۆی دەنگی ئەمریكا لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا دەڵێت كە سوپا چەند هەوڵێکی گومانلێکراوی بە قاچاخ بردنی ماددە هۆشبەرەکانی بۆ ناو ئوردن لە سووریاوە پوچەڵ کردۆتەوە، لە هەوڵێکی دیکەشدا دەستی بەسەر بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەردا گرتووە و چەند کەسێکیش بریندار بوون.
ئەوەی جێگەی ئاماژە پێ كردنیشە لە سەرەتای ئەم مانگەدا سوپای ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە كە ئەفسەرێکی سوپاکەی لە تەقەکردنێکدا لەگەڵ قاچاخچییەکان لەسەر سنوورە هاوبەشەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ سووریادا کوژراوە.
شایانی باسە نزیكەی( 700) هەزار پەنابەری سووری کە لە شەڕو پێكدادانە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە هەڵهاتوون، ئەوە بۆ زیاتر لە دە ساڵ دەچێت لە شارو شارۆچكەكانی ئوردن نیشتەجێن. هاوكات سوریا و لوبنان بوونەتە دەروازەیەک بۆ هێنانی مادە هۆشبەرەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.