ئایا ئۆکڕاینا بەدەردی کوێت دەچێت ؟!

ئایا ئۆکڕاینا بەدەردی کوێت دەچێت ؟!

(*)

لە مانگی ئۆگۆستی ساڵی 1991 , کۆماری ئۆکڕاینا وەک کۆمارەکانی دیکەی یەکێتی سۆڤیەت سەربەخۆیی خۆیڕاگەیاند و بووە یەکێک لە وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی نێوەدەوڵەتی ( یوئێن) و بەیەکجارەکی له دەستەی وڵاتانی سەربەخۆیی دا نەما، کە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو له ساڵی 1923-1991 سەرۆکایەتی دەکرد .. ئەگەر چی ئۆکڕاینا وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت ، تا ڕادەیەکیش ناو و دەنگۆی هەیه له نێوەندە نێودەوڵەتیەکاندا ،زۆربەشی بەهۆی کێشەکانی لەگەڵ مۆسکۆ یه ، هەروەها له ئاستی ئابووریدا بەهۆکاری ئەوەی بەردەوام قەیرانی هەبووە ،نەیتوانیوە ئاستی ئابووریەکەی بەهێز بکات ، ئەمەش وەک حاڵەتێکی ناسرووشتی لێی دەڕوانرێت . ئۆکڕاینا کێشەکانیبەردەوام بووە لەوەتەی جاڕی سەربەخۆیان داوە ، بەڵام له سەرەتای ساڵی 2014وە کێشەکانی بەهۆی داگیرکردنی دوورگەی (کرێم ) لەلایەن سوپای ڕووسیاوە ،ئەوە زیاتر وڵات بەرەو گێژاوی سیاسی و قەیراناوی بۆوە ، ئەگەرچی ئەوکات کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وجیهانی لەم داگیرکاریەی سوپای ڕووسیا ناڕازیی بوون وسەرکۆنەیان کرد ، بەڵام ڕووسەکان پاڵپشتی ریفڕاندۆمی دورگەکەیان کرد گەڕاندرایەوە سەر ڕووسیای فیدڕاڵ ، دواتر کێشەکان بەوە نەوەستان لە زۆرشاری تر خۆنیشاندان لە بەرژەوەندی ڕووسیا ئەنجامدران ، وەک (دوبناس) له ڕۆژهەڵاتی وڵات به هاوکاری ڕووسەکانکه لەسنوور پەڕینەوە و توانرا سوپای ئۆکڕاینا ڕابگرن . ئاڵۆزی و قەیرانەکانی ئۆکڕاینا بەوە نەوەستاون له سەدەی بیست ویەکدا، پێشتر ساڵی 2013 ئەمجارەیان ئۆپۆسزیۆن چەندین خۆنیشاندانی تووندی له کییڤ وشارەکانی دیکەدا ئەنجامدا دژبه سیاسەتی ئابووری وڵات وزۆربوونی قەیرانەکان . کێشەی ئەمجارەی ئۆکڕاینا جیاوازتر له جاران دا ، کێشەیەکه کۆمەڵگای سیاسی و دپلۆماسی و سیاسی وتاوەکو سەربازیشی بەخۆی سەرقاڵ کردووە ، دوای ئەوەی ئۆکڕاینا مەیلی بۆ ئەوە نیشاندا که هەوڵدەدات ببێتە ئەندام لەڕێکخراوی سەربازی ناتۆ دا ، لێرەدا ڕووسیای فیدڕاڵ پێچەوانە لەم بڕیارەی کییڤ هۆشداریدا بەوەی ڕێگا نادات ناتۆ لەسنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی دا نزیک بێتەوە ، به بڕوای مۆسکۆ ئەم نیەتەی ڕۆژئاوا وناتۆ باش نیه ، بۆیە لەلایەن فلادیمێر بۆتین سەرۆکی ڕووسیای فیدڕاڵ وە هەڕەشەی ئەوەی لێکرا هێزی سەربازی بجوولێنێت ، کەئەمەش کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە ، چ ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەلایەک و یەکێتی ئەوروپا ئەم هەڕەشەیەی مۆسکۆیان به جدیەی وەرگرتووە ، وەک ئەوەی بەئاشکرا باسی جەنگ دەکرێت و ئەم جەنگەش نەوەک هەر بەتەنیا ئەوروپای ڕۆژهەڵات ،بەڵکو سەرتاسەری ئەوروپا بگرێتەوە ! . هەڕەشە بەردەوامەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکڕاینا ، بیرهێنانەوەیەک دەداتە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ناوزەند وبەراوورد دەکرێت به هەڕەشەکانی سەرەتای نەوەتەکانی سەدەی بیستەمی سەدام بۆ سەر کوێت ، دواتر داگیرکردنی دەوڵەتی کوێتی ئەندام له ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان ( یوئێن) لەلایەنسوپای عێڕاقەوە ، ئەمەش وای کرد کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەورەترین ئاستدا به هۆش خۆی بێتەوە ، بزاڤی دپلۆماسی و سیاسی وجەنگی بێتە ئاراوە ، له پاشاندا یەکگرتنی جیهان بۆ دەرپەڕاندنی سوپاکەی سەدام لە کوێت به ماوەیەکیدیاریکراو .. ڕووسیای فیدڕاڵ هەڕەشە دەکا، وەك سەرچاوە فەرمیەکان ئاماژەی بۆ دەکەن ئەم هەڕەشانه جدییەتیان پێوەدیارە ، چونکه پێشتر جوولەی سوپای پۆتین له ( کرێم و دونستیک) هەبوو ، ڕووسیا بێ مناتانه هەڕەشە وهێرشەکانی بهکردەوە ئەنجامدا ، دوور نیه ئەمجارەیان ئۆکڕینا بەدەردی کوێت بچێت وەک چۆن ڕژێمه یەک لەدوای یەکەکانی عێڕاق بەردەوامبوون له هەڕەشەکردنی کوێت دا ، بەمجۆرەش ڕووسیا هەڕەشە دەکات و سەربازانی به شێوەیەکی بەربڵاو لهسنوورە نێودەوڵەتیەکان دا دابەشکردووە ، لەملاشەوە ئۆکڕایناش جمووجۆڵی فەرمی وخۆبەخشی دەست پێکردووە ، واتا زەنگێک هەیه ،بەڵام نازانرێت ئاخۆ ئەم زەنگە کەی و چۆن لەلایەن پۆتین لێ دەدرێت ، پرسیارەکه ئەوەیه ئایا لەبەجێگەیاندن وزەنگ لێداندا ، هەڵوێستی جیهان بەگشتی و( یوئێن ) به تایبەتیش هێزەکانی ناتۆ چی دەبێت ، ئەمانه وچەندین ڕووداوی دیکه لە چاوەڕوانی جیهاندایه .

 

(*) ئۆسلۆ

Top