ئەو پیاوەی لە خانەی چەرخی فڕۆکەدا خۆی حەشاردابوو بە زیندوویی گەیشتە هۆڵەندا

ئەو پیاوەی لە خانەی چەرخی فڕۆکەدا خۆی حەشاردابوو بە زیندوویی گەیشتە هۆڵەندا

 

 

پۆلیسی هۆڵەندی دەڵێت: ئەو پیاوەی کە خۆی لەخانەی چەرخی فڕۆکەدا حەشاردابوو زیندووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، ئەو فڕۆکەیەی کە سەرنشینەكەی بە قاچاخ لە فڕۆکە حەشاردابوو لە ئەفریقای باشوورەوە  بەز بوەتەوە و لە فڕۆکەخانەی ئەسخیپۆلی ئەمستردام نیشتووە.

گەشتەکانی ژۆهانسبۆرگ، گەورەترین شاری ئەفریقای باشوور بۆ ئەمستردام، نزیکەی 11 کاتژمێر دەخایەنێت. فڕۆکە بارهەڵگرەکە لە نایرۆبی پایتەختی کینیا وەستانێكی هەیە پێش ئەوەی لە ئەمستردام بنیشێتەوە.

مانەوەی مرۆڤ لە خانەی چەرخی فڕۆکە زۆر نائاساییە، بە تایبەتی لە فڕینی گەشتە درێژەکاندا بەهۆی زۆر ساردی و ئۆکسجینی نزم لە بەرزاییەکان.

پۆلیسی هۆڵەندی دەڵێت: هێشتا تەمەنی پیاوەکە و ڕەگەزنامەی دیاری نەکراوە.

یوئانا هڵموندز، وتەبێژی پۆلیسی هۆڵەندی، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی فەرەنسا، دۆخی جەستەیی پیاوەکەی بە "جێگیر" وەسف کرد و گوتی: "ئەمە بۆ ئەو پیاوە زۆر نایابە کە بژی" .

وتەبێژی هێڵی ئاسمانی " کارگۆلۆکس  "ی ئیتالیا لە ئیمەیڵێکدا بۆ ڕۆیتەرز دووپاتی کردەوە کە ئەو سەرنشینە لە فڕۆكەیەكدا بووە کە سەربەو  كۆمپانیایەیە.

 بەپێی زانیارییەكانی هێڵی ئاسمانی ، تاکە گەشتی بارهەڵگری کۆمپانیاکە لە ژۆهانسبۆرگەوە بۆ فڕۆکەخانەی ئەسخیپۆل لە ڕۆژی یەکشەممە لە نایرۆبی وەستاوە، دیار نییە پیاوەکە لە ئەفریقای باشوور خۆی لە چەرخی فڕۆکەکە شاردۆتەوە یان لە کینیا.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

Top