كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بۆ جێبه‌جێ كردنی ناوه‌ڕۆكی ڕاپۆرتی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی لافاوه‌كه‌ی هه‌ولێر

كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بۆ جێبه‌جێ كردنی ناوه‌ڕۆكی ڕاپۆرتی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی لافاوه‌كه‌ی هه‌ولێر

 

 

دوای فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری دروستبوونی لافاو له ‌شاری هه‌ولێر و ده‌ستنیشانكردنی ڕێگاچاره‌ بۆ به‌رگرتن و دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ی لافاو، هەروەها ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌ و په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌ت، ئێواره‌ی دوێنێ چوارشه‌ممه‌ به ‌ئاماده‌بوونی ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و دكتۆر محه‌مه‌د شوكری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌، له ‌دیوانی پارێزگا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێن و میكانیزمی پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیار و ڕاسپارده‌ و پێشنیاره‌كانی ڕاپۆرتی لیژنه‌كه‌ ئه‌نجامدرا.

 

له‌میانی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، بڕیاردرا كە هەموو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ڕاسپێردران كە لەمڕۆوە سه‌رجه‌م خاڵه‌كانی ڕاپۆرتی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری دروستبوون و گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی پێویست بۆ دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ی لافاو له‌شاری هه‌ولێر و چاره‌سه‌ركردنی كه‌مته‌رخه‌می و كێشه‌كان كه‌ بوونه‌ته‌ هۆكاری دروستبوونی لافاوه‌ جێبه‌جێ بكرێن، هه‌روه‌ها ڕێكاری پێویست بگیرێته‌به‌ر لەهەمبەر ئه‌وانه‌ی كه‌ زیاده‌ڕۆییان كردووه‌ته‌ سه‌ر ڕێڕه‌وی ئاو، بوونه‌ته‌ هۆكاری دروستبوونی ئه‌و كاره‌ساته‌ و ئه‌و ڕووداوه‌ نه‌خوازراوه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.

 

 

Top