ڕێككەوتنی ستراتیژیی ئێران و چین دەكەوێتە واری جێبەجێ كردنەوە

ڕێككەوتنی ستراتیژیی ئێران و چین دەكەوێتە واری جێبەجێ كردنەوە

 

ماڵپەڕی فرانس پرێس لە هەواڵێكدا ڕایگەیاند وڵاتی چین ئاماژەی بەوە كرد كە دەست بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ ئێران و بەهێزکردنی هاوکاریی ئابووری و سیاسی نێوان هەردوو وڵاتدا دەكات، لەکاتێکدا پەکین ڕەخنەی توندی لە سزاکانی ئەمەریکا دژ بە تاران گرت.

 

هاوكات ئاژانسی ڕۆیتەرز سەبارەت بە هەمان بابەت جەختی لەوە كردبووەوە كە هەر دوو وڵاتی چین و ئێران پاش چەندین ساڵی وتووێژی نێوانیان لە ساڵی ڕابردوودا ڕێککەوتنێکیان مۆر کرد، کە بریتییە لە هاوبەشییەکی فراوان لە بابەتەکانی وزە، ئاسایش، ژێرخان و پەیوەندییەکاندا.

 

چەند وردەکارییەکی کەم لەبارەی ئەو ڕێککەوتنە نهێنییە بڵاو کراوەتەوە، بەڵام نیویۆرک تایمز لە ساڵی 2020 بە ئاماژەدان بە بەشێکی ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە کە دزەی کردووە، ڕایگەیاند لەو ڕێککەوتنەدا هەناردەی بەردەوامی نەوت بۆ چین مسۆگەر دەکرێت.

 

جێگەی باسە چین هاوبەشی سەرەکیی بازرگانیی ئێرانە و یەکێک بوو لە گەورەترین کڕیارەکانی نەوتی ئەو وڵاتە پێش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا لە ساڵی 2018 لە ڕێککەوتنی ناوکی بکشێتەوە و سزاکان بەسەر ئێراندا بسەپێنێتەوە.

 

 

Top