کۆمپانیاکانی یەکێتیی ئەوروپا گرێبەستەکانیان لەگەڵ ئێران هەڵدەوەشێننەوە

کۆمپانیاکانی یەکێتیی ئەوروپا گرێبەستەکانیان لەگەڵ ئێران هەڵدەوەشێننەوە

 

 

لە بڕیارێكی تازەدا دادگای باڵای یەکێتیی ئەوروپا بڵاوی كردەوە کە کۆمپانیا ئەوروپییەکان بۆیان هەیە گرێبەستەکانی خۆیان لەگەڵ کۆمپانیا ئێرانییەکان کە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە گوشاریان لەسەرە، کۆتایی پێ بهێنن، لە حاڵەتێكدا ئەگەر پاراستنی ڕێککەوتنەکان ببێتە هۆی زیانیی زۆری ئابووری بۆ سەر ئەو کۆمپانیایانە.

 

دەنگی ئەمریكا ئەم هەواڵەی پشتڕاست كردووەتەوە كە ئەم بڕیارەی دادگای باڵای یەکێتیی ئەوروپا  لە لۆكسمبۆرگ لە دوای داوایەکی یاسایی لقی ئەڵمانی بانکی مێلی حکومەتی ئێرانەوە دێت لە دژی دویچە تێلکۆم کە گرێبەستێکی خۆی لەگەڵ ئەو بانکەدا لە ساڵی 2018دا پێش بەسەرچوونی ماوەکەی، کۆتایی پێ هێنا بوو.

 

 

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە ساڵی 2018دا، تاكلایەنە بڕیاری دا لە ڕێککەوتنی ناوکی ئێران بکشێتەوە و جارێکی دیكە سزاکان بەسەر ئەو کۆمپانیا ئێرانیانەدا بسەپێنێت کە بە پێی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015، ڕاگیرابوون.

 

هەوڵێكی زۆر لە ئارادایە لەپێناو ڕزگارکردنی ڕێککەوتنە ناوکییەکەو بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئێراندا، یەکێتیی ئەوروپا یەکێک لەو لایەنانەیە کە (یاسای بلۆککردن) ی واژۆ کردووە بۆ ئەوەی تاک و کۆمپانیاکانی ناو ئەو بلوکە لە سزاکانی ئەمەریکا بپارێزێت.

 

 

Top