بە فەرمی یەكەم حاڵەتی تووشبوو بە ئۆمیكرۆن لە ئێران تۆماركرا
کەمال حەیدەری جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران بە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەكەی ڕاگەیاندووە کە یەکەم حاڵەتی كۆرۆنا لە جۆری ئۆمیکرۆن لە ئێران تۆمارکراوە، ناوبراو داوای لە هاووڵاتیان کردووە دەرزی بەهێزکەری ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن،
وەزارەتی تەندروستی ئێران ئاماژەی بەوە كردووە كە تووشبووەکە پیاوێکی ئێرانییە و تەمەن مامناوەندە، کە بەم دواییانە لە ئیماراتەوە گەڕاوەتەوە وڵات.
جێگری وەزیری تەندروستیی ئێران جەختی كردەوە كە ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتە بەر بۆ کەرەنتیکردنی ئەو کەسە لە تارانی پایتەخت، دووپاتیشی كردەوە كە ئەمە یەکەم حاڵەتی ئۆمیکرۆنە کە لە ئێران دەستنیشان کراوە.
هەر لەم ڕووەوەو پەیوەست بە كۆرۆنا ،وەزارەتی تەندروستی ئێران ئاماژەی بە چەند داتاو زانیارییەك كرد كە تەنیا لە ماوەی بیست و چوار كاتژمێردا 1970 حاڵەتی نوێی توشبوون تۆماركراوە، و بەم جۆرە ژمارەی گشتیی حاڵەتەکانی تووشبوون بەرەو نزیكەی شەش ملیۆن و دوو سەد هەزار کەسی لە کۆماری ئیسلامی تێپەڕاندووە، هەروەها ژمارەی مردن بۆ زیاتر لە سەدو سی و یەك هەزار بەرزبووەتەوە.
شایانی باسە پتر لە پەنجا ملیۆن کەس لە دانیشتوانی ئێران کە ژمارەیان نزیکەی هەشتاو پێنج ملیۆن کەسنة، دوو ژەمە ڤاکسینیان کۆرۆنایان لە سەرتاسەری وڵات وەرگرتووە.