بەهۆی لافاوی مەترسیدار لە مالیزیا ( 30 )هەزار کەس ئاوارە بوون

بەهۆی لافاوی مەترسیدار لە مالیزیا ( 30 )هەزار کەس ئاوارە بوون

 

 

ڕۆژی هەینی 17ی کانوونی یەکەم لە چەند ناوچەیەکی مالیزیا بارانێكی بە گوڕ دەستی پێکرد و زیاتر لە 30 هەزار کەسی  بێ ماڵ و ئاوارە کرد.

ئەو بارانە بووە هۆی ئەوەی ڕوبارەکان زیاد بکەن و چەندین ناوچەی شار و لادێ بەر لافاو بکەون و ڕێگای سەرەکی ببڕن و بە هەزاران كەس سەرلێشێواو بکات.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی مالیزیا  زیاتر لە 30 هەزار کەس لە هەشت ویلایەت ئاوارە بوون، کە نزیکەی 14 هەزاریان لە ناوەندی ویلایەتی پاهانگ دەژین لە سلانگور كە دەوڵەمەندترین ویلایەتی مالیزیایە،  نزیکەی 10 هەزار کەس ناچاربوون ماڵەکانیان جێ بهێڵن.

ئیسماعیل سەبری یەعقوب، سەرۆک وەزیرانی مالیزیا، گوتی:ئەو بڕە بارانەی ڕۆژی شەممە 18ی کانوونی یەکەم لە سلانگور باریوە، هاوتایە لەگەڵ ئەو بڕەی کە زۆربەی کات لە مانگێکدا دەبارێت.

بەهۆی لافاوی زۆرەوە لە مالیزیا، دەیان ڕێگا داخراون و خزمەتگوزاری شەمەندەفەریش ڕاگیراون، هەروەها سێ کارگەی تەسوییەی ئاو لە سلانگۆریش تێکچووە و پێشبینی دەکرێت بە هەزاران کەس ئاوی خواردنەوە لەدەست بدەن.

فرۆشیارەکان و خاوەن کارەکان لە مالیزیا، کە تازە دەستیان بە کارکردووەتەوە دوای ماوەیەكی درێژ بەهۆی کۆرۆنا، زۆر خەمبار و نائومێد بوون. تەنیا چەند ڕۆژێک دوای دووبارە کردنەوەی دووکانەکان دەڵێن: ئێستا دەبێت جارێکی تر ماڵئاوایی لە بازرگانیەکەیان بکەن و ئابووریی خێزانەكانیان لاواز دەبێت ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە.

مالیزیا لەم ساڵانەی دواییدا لافاوی سەختی بەخۆیەوە بینیوە لەگەڵ چەندین ئەنجامی زیانبەخش، ئەم وڵاتە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا زۆر جار لە درەنگانی ساڵدا بە زریانی ترسناكدا تێدەپەڕێت. 

لە ساڵی 2014دا خراپترین لافاو لەو وڵاتە ڕوویدا و 118 هەزار کەس ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top