کۆشکی سپی: مەکگۆرک لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە

کۆشکی سپی: مەکگۆرک لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە

کۆشکی سپی راگەیێندراوێکی لەبارەی سەردانی برێت مەکگۆرگ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، مەکگۆرگ لە سەردانەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆبووەوە و دڵنیایی داوە کە هێزەکانی هاوپەیمانان هاوکاریی عێراق دەکات بۆ رێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش.

بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، برێت مەکگۆرک، هاوئاهەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا "پابەندبوونی سەرۆک بایدنی بە ئەنجامەکانی گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ بەغدا دووپاتکردەوە و جەختی لەوەش کردەوە کە چیدیکە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق رۆڵی شەڕکردن نابینین."

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، مەکگۆرگ بە بەرپرسانی حکومەتی فیدڕالیی عێراق و هەرێمی کوردستانی گوتووە، گۆڕانکاری لە ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیماناندا، "بەهۆی ئەو بەرەوپێشچوونە گەورەیەوە بووە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لە نێویشیاندا پێشمەرگە، لە سەرکردایەتیکردنی شەڕی دژی داعش بەدەستیانهێناوە."

کۆشکی سپی دەشڵێت، "هێزەکانی دیکەی سەر بە هاوپەیمانی، لەسەر داوای حکومەتی عێراق دەمێننەوە و ئەرکەکەیان لە راوێژکاری و یارمەتیدانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق سنوورداردەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە هەرگیز داعش سەرهەڵناداتەوە".

کۆشکی سپی ئاماژە بەوەش دەکات، "مەکگۆرک هەروەها پیرۆزبایی لە خەڵکی عێراق کرد بە بۆنەی یادی یەک سەدەی دامەزراندنی عێراق، هەروەها پابەندبوونی درێژخایەنی ئەمریکا بە عێراقەوە، لە ژێر رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی، دووپاتکردەوە."

برێت مەکگۆرک لە سەردانە دوو رۆژییەکەیدا لە بەغدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمار، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.

هەروەها رۆژی دووشەممە لە هەولێریش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەكێتی کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا مەکگۆرگ جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکا لە پشتگیریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ تێکشکاندن و رووبەڕووبوونەوەی داعش بەردەوام دەبێت.

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کاتی سەردانەکەی مەکگۆرگ و بەردەوامیی پابەندیی ئەمریکا لە پشتگیریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بە گرنگ باس کردووە.

بەپێی راگەیێندراوەکە، هەردوولا هاوکاری و هاوئاهەنگیی هێز و لایەنە عێراقییەكانیان بە پێویست زانی بۆ ئەوەی بتوانن حكومەتێكی كۆكەرەوە لە وڵات پێكبهێنن كە وەڵامدەرەوەی داواكارییەكانی هاووڵاتیانی عێراق بێت و ئارامی و سەقامگیری بپارێزێت.

Top