ئەنگێلا مێركل ڕاوێژكاری پێشووی ئەڵمانیا بیرەوەریەكانی خۆی دەنووسێتەوە
دوای ئەوەی كە 16 ساڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بوو، ئەنگێلا مێرکڵ وەك سەركردەیەكی دیاری ئەڵمانی و ئەوروپی، هەم لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵاتەكەی و هەمیش لەسەر ئاستی جیھان ڕۆڵی بەرچاوی ھەبووە لە ئاراستەکردنی سیاسەتی یەکێتیی ئەوروپا و نەخشەی سیاسی جیھان. مێرکڵ پلانی ئەوەی ھەیە بیرەوەرییەکانی ئەو ماوەیەی كاركردنی بنووسێتەوە.
لەم ڕووەوە ماڵپەڕێكی ڕووسی ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەنگێلا مێرکڵ لەگەڵ ھاوسەرەكەی، کە مامۆستای زانكۆیەكی ئەڵمانیایە و بڕوانامەی دکتۆرای لە زانستی کیمیا هەیە لە شوقەیەكی ناوەڕاستی بەرلیندا ژیان بەسەر دەبەن.
یواکیم سوێریی هاوسەری مێركل بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە كە خانمە مێركل بە نیازە ئەو بیرەوەرییانەی لە دووتوێی كتێبێكدا بنووسێتەوە و تەواوی بڕیارە سیاسییەکانیشی تێدا تۆماربكات كە تاكو بە خەڵك بڵێت چۆن لەو ماوەیەدا كە 16 ساڵ بوو، ئەم بڕیارانەی داوەو توانیویەتی هاوسەنگیی بڕیارو جێبەجێ كردن ڕابگرێت.
جێگەی ئاماژە پێ كردنە مێركل لە ڕۆژی 8-12-٢٠٢١ دەستی لەكار كێشایەوەو پەرلەمانی ئەڵمانیا ئۆلاف شولتسی لە شوێنی ئەو وەك ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و جێگرەوەی مێرکڵ ھەڵبژارد.ناوبراو كۆتایی ساڵانی خزمەتیدا سەركەوتوو بووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا كە لە كۆتایی ساڵی 2019 لە جیهاندا بڵاو بووەوە.