لە «107»ـە مین ساڵیادی شەهیدبوونی شێخ عەبدولسەلام بارزانیدا شێخی نەتەوە

لە «107»ـە مین ساڵیادی شەهیدبوونی شێخ عەبدولسەلام بارزانیدا  شێخی نەتەوە

شێخ عەبدولسەلام محەمەد عەبدولسەلام بارزانی، یان «شێخ عەبدولسەلامی دووەم» لە ساڵی 1878 لە گوندی بارزان لەدایك بووەو، براگەورەی هەر یەك لەم شێخ و سەركردانە بووە: «ئەحمەد، محەمەد سەدیق، بابۆ، مستەفا»، شێخ محەمەدی باوكی لەلایەن دەسەڵاتی عوسمانییەكانەوە دوور دەخرێتەوە بۆ ناوچەی بەدلیس لە كوردستانی توركیا و، دواتر لە ساڵی 1903 شێخ محەمەد بارزانی لە تاراوگە كۆچی دوایی دەكات، شێخ عەبدولسەلام دەبێتە جێنشینی باوكی و ڕێبەرایەتیی شێخایەتیی و ناوچەی بارزان دەكات.

شێخ لە ژینگەیەكدا پەروەردە بوو كە جیاواز بوو لە ژینگەی ناوچەكانی دیكەی كوردستان، ئەو جیاوازییانەش بریتی بوون لە «پەیوەندیی توندوتۆڵی خێزانی، پابەندبوون بە میراتی دابونەریتە ڕەسەنەكانی پەسەندكردنی ئەوی دیكەی جیاواز، پێكەوە ژیانی ئاشتییانە، ڕێزی هاوبەش لە نیوان سێ ئایینە جیاوازەكەی (ئیسلام، كریسیتان، جوو) كە لەو سەردەمەدا پەیڕوانی ئەو ئایینانە لە ناوچەی بارزان هەبوون، بۆ ئەمەش مزگەوت و كەنیسە و كەنیسا پێكەوە هەبووە، هەموو ئەمانە لە كاتێكدا بوو كە لە وڵاتانی دەوروبەری كوردستاندا پەیڕەوانی غەیرە ئیسلام دوچاری ڕاگواستن و كۆمەڵكوژی دەبوونەوە.

لە سەر ئەم بوارە قەشەی ئەنگلیكانی ئەمریكی (ویگرام) كە سەبارەت بە گەشتە دوور و درێژەكەی بۆ وڵاتی كوردان و، لەو گەشتەیدا كە پێش سەد ساڵ زیاتر چووەتە ناوچەی بارزان، نووسیویەتی: «لە بارزان سەردانی كەنیسەی كریستیانەكانم كرد و داوام لە قەشەی كەنیسەكە كرد كە شێخی موسڵمانانیش (شێخ عەبدولسەلام بارزانی) ببینم، لە وەڵامدا قەشەی كەنیسەكە پێی گوتم: «ئەو شێخی ئێمەشە، لەبەر ئەوەی جیاوازی لە نێوان هەر سێ ئایینی ئیسلام و كریستیان و جوو ناكات، ئەو خێر و بێرەی هەیە، بە یەكسانی بەسەر هەموواندا دابەشی دەكات و جیاكاری لە نێوان ئایینەكاندا ناكات».

قەشە وێگرام كاتێك كە لەگەڵ شێخ عەبدولسەلام بارزانی كۆدەبیتەوە و بە بۆچوونە پیشكەوتووەكانی و ڕۆشنبیرییە فراوانەكەی و، سووربوونی لەسەر مافی هەمووان بە بێ جیاوازی ئاشنا دەبێت، ڕاستگۆیی قسەكانی قەشەی كەنیسەكەی بارزانی بۆ دەردەكەوێت، بەپێی ئەو زانیارانەی لای منیشە، هەموو شێخ و سەركردەكانی بارزان هەتا ئێستاش پەیڕەویی لەو ڕێبازە دەكەن.

 وەرچەرخان بەرەو بانگەشەی نەتەوەیی

كریس كۆچیرا میژوونووس و ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی فەرەنسی دەڵێت: «شێخ عەبدولسەلام بارزانی خاوەنی یەكەمین دۆكیۆمێنتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستانە»، لەمەدا مەبەستی ئەو داواكارییانەیە كە شێخ عەبدولسەلام بارزانی دوای ئەوەی لەگەڵ پیاوماقووڵانی ناوچەكانی دهۆك و دەوروبەری كۆدەبێتەوە و ڕەزامەندییان وەردەگرێت، دەیداتە عەرشی عوسمانییەكان، ئەو داواكارییانەش بریتی بوون لە كۆمەڵێك پرس، كە پەیوەندیدارن بە دەربڕینی ئیرادەی خەڵكەكە و، جەختكردنەوە بووە لە ناسنامەی نەتەوەیی كوردبوون و، گەیشتن بە گەرەنتی و بڕیار بۆ زامنی مافە ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتییەكان، بەمەش شێخ عەبدولسەلام سەلماندی ئەو تەنیا داكۆكیكاری داواكاریی گوندەكەی و ڕۆڵەكانی ڕێبازەكەی و خەڵكی ناوچەكەی خۆی نییە، بەڵكو داكۆكیكار بووە لە كورد وەك گەلێكی مەزڵووم و بێبەشكراو لە مافەكان، كە لەلایەن دەسەڵاتی عوسمانییەكانەوە نكۆڵی لەو مافانە كراون .

گومان لەوەدا نییە كە هۆشیاریی نەتەوەیی كورد لە سەدەی هەژدەهەمەوە دەركەوتووە، ئەم هۆشیارییەش لە شیعرەكانی – ئەحمەدی خانی و مەلای جەزیری و عەبدولقادر كۆیی و چەندین شاعیری دیكە لە ناوچە جیاوازەكانی دیكەی كوردستان بەرجەستە بووە، هەروەها لە دامەزراندنی ئەو كۆمەڵانەی لە ئەستەنبوڵ و دیاربەكر و ڕاپەرینەكانی (بەدرخانییەكان و، شێخ عوبێدوڵای نەهری و شێخ سەعید و شێخ عەبدولسەلام بارزانی) و خەڵكی دیكە بەرجەستە بووە.

شێخ عەبدولسەلام بارزانی پێش ئەوەی بچێتە ناو كایەی كاری نەتەوەیی، ئاراستەیەكی ڕیفۆرمخوازیی هەبووە، ئەم ئاراستەیەشی لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ كردووە، وەك: ڕێگرتن لە داربڕین و پاراستنی دارستانەكان، ڕێگرتن لە ڕاوكردنی گیانەوەران، ڕێگرتن لە بەشوودانی كچانی منداڵ، پراكتیزەكردنەوەی ئاشتبوونەوە بە خوێن لە ڕێگەی هاوسەرگیرییەوە، دیاریكردنی مارەیی، زامنكردنی ئازادیی بیروباوەڕ، پیادەكردنی ڕێوڕەسمی ئایینی بە ئازادی و هاوشانی موسڵمانەكان بۆ پەیڕەوانی كریستیان و جوو.

 یاداشتنامەی داواكارییە نەتەوەییەكان

لەو یاداشتنامەی بۆ عەرشی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی بەرز كردبووەوە، جەخت لەم مافانە كراونەتەوە:

1- زمانی كوردی زمانی فەرمیی ناوچەی بادینان بێت.

2- خوێندن لە قوتابخانەكان بكرێتە كوردی .

3- دامەزراندنی فەرمانبەرە باڵاكانی ناوچەكە كە كورد بن، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ لە داواكاریی دانیشتووانی ناوچەكە تێبگەن.

4- فەرمانەكان بەپێی شەریعەتی ئیسلامی بەڕێوە بچن.

5- مامەڵەكانی دادگا بەپێی مەزهەبی شافیعی لە ناوچەكەدا بەڕێوە بچن.

6- ڕەسم و باج وەرگرتن بەپێی شەریعەتی ئیسلام بێت .

7- باجی بەدیل بۆ خزمەتی سەربازی بەكار بهێنرێتەوە، بۆ چاككردنەوەی ڕێگاوبانەكانی ناوچەی بادینان.

ئەم داواكارییانە لە گەوهەردا نەتەوەیین، بەڵام هەندێك داواكاریی ئایینیشی لەسەر داوای پیاوانی ئایینی و پیاوماقووڵی ناوچەكە بۆ زیاد كراوە، كە لەو كاتەدا ئەوانە ڕێبەرایەتیی كۆمەڵگەیان كردووە.

 شێخێكی دیپلۆماتی

كاتێك شێخ عەبدولسەلام لەسەر چالاكییە كۆمەڵایەتییەكانی و ئاراستە نەتەوەییەكەی لەگەڵ عەرشی عوسمانییەكاندا ڕووبەڕوو بووەوە، هەوڵی دا ڕێگەیەك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی لایەنی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر زۆرداریی عوسمانییەكاندا پشتگیریی بكەن، بۆ ئەمەش هەوڵی دا، پەیوەندی بە بەریتانییەكانەوە بكات، كە وەڵامدانەوەیان بۆی نەبوو، بۆیە ڕووی لە ڕووسەكان كرد و لە بەدلیس چاوی بە نوێنەری ڕووسەكان كەوت، بەڵام ئەوانیش لەبەر پابەندبوونیان بە عوسمانییەكانەوە وەڵامەكەیان نەرێنی و ڕەتكردنەوەی هەموو داواكارییەكی نوێنەری كورد (شێخ عەبدولسەلام بارزانی) بوو.

 كۆتاییەكی بە ژان

شێخ عەبدولسەلام بارزانی زۆر بوێر و جوامیرانە بە شێوازی بەرگریی چەكداری و دیپلۆماتی و سیاسی و جەماوەری ڕووبەڕووی عوسمانییەكان بوەوە، ئەمە وێڕای نەبوونی هاوسەنگیی هێز لە هەموو ڕوویەكەوە، لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە لەلایەن خەڵكانێكی ناو نەتەوەكەی خۆی خیانەتی لێ كرا، بوونە هۆكارێك بۆ ئەوەی تەسلیمی عوسمانییەكانی بكەنەوە، ئەوەی كە زۆر جێگەی هەڵوەستە و نیگەرانییە، ئەوەیە كە ئەو كەسەی بەرپرس و دادوەری جێبەجێكردنی فەرمانی لەسێدارەدانەكەی شێخ بوو، دادوەرێك بوو كە بە بنەچە كورد بووە، ئەو ئەندامی ئیتیحاد و تەرەقی بوو، كە ڕێكخراوێكی تۆرانیی زۆر توندڕەو بووە، بەڵام ئەوەی جێگەی شانازییە، ئەوەیە كە شێخ عەبدولسەلام زۆر جوامێرانە و بەتەواوەتی بە ئەركی نەتەوەیی و كۆمەڵایەتیی خۆی هەستا و، هەوڵێكی جددیی لەو پێناوەدا داوە، تەنانەت تا كۆتایی تەمەنیشی زۆر جوامێرانە و سەربەرزانە لە بەردەم جەلادەكەیدا ڕاوەستاوە، بۆیە ناوی ئەو لە دڵی هەموو كوردێكدا بە نەمری دەمێنێتەوە لە هەرشوێنێك بێت.

ڕێبازی شێخ عەبدولسەلام بووەتە سەرچاوەیەكی ڕۆشن بۆ نەوەكانی دوای خۆی و بارزانییەكان درێژەپێدەری ئەم ڕێبازە بوون و پەرەیان پێ داوە، لە سەردەمی ڕابەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی و دوای ئەویش، ئاراستە نەتەوەییەكە بە تەواوی خۆی بەرجەستە كرد و، دەركەوت و بووە ڕێبازێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و دیموكراتیی لە كاروانە دوور و درێژەكەیدا، كە بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیمپریالیزمی بەریتانی دەستی پێ كرد و، دوای ئەویش دەسەڵاتدارە شۆڤێنییەكانی بەغدا و هەندێك لە هۆزە كوردە جاشەكانی ناوچەكە تا دەگاتە بەشداریی ئەو لە دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مەهاباد، پاشانیش ڕێڕەوە مەزن و مێژووییەكەی بەرەو یەكێتی سۆڤێت و گەڕانەوەی بۆ عێراق لە پاش شۆڕشی چواردەی تەمووزی ساڵی 1958 بۆ عێراق، دوای ئەویش لە ڕێبەرایەتیكردنی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1961 و، بەدەستهێنانی مافی ئۆتۆنومی بۆ كوردستان لە ساڵی 1970 و ڕووبەڕووبونەوەی نسكۆ و تا كۆچی دوایی.

ئەم ڕێبازە چەندین دەستكەوت و بەرهەمی بۆ گەلی كوردستانی عێراق بەدی هێناوە، وەك بەشداریكردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حوسێن، دامەزراندنی پەرلەمانی كوردستان، ڕاگەیاندنی فیدڕاڵی، بەردەوامبوون لە بەدیهێنانی هەنگاوی زیاتر، كە هیچ گومانی تێدا نییە سەرەنجام دەڕژێتە ڕووباری خەباتی كوردستان لە هەموو شوێنێك.

Top